ئامانجی شاراوەی ڕێککەوتنی عێراق و لوبنان ئاشکرا دەبێت شیکاری ئابوری

نوچەنێت

ئامانجی شاراوەی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و لوبنان بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق، دەستکەوتنی دراوی دۆلارە لە لایان ئێرانەوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی پارەدارکردن و پڕچەککردنی هێزی میلیشیاییەکانی ئێران لە چوارچێوەی هیلالی شیعی و زیادبوونی دەستەڵاکانی ئێران بۆ بوون بە سەنتەری دابینکەری کارەبای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

عێراق و لوبنان لە ڕێکەوتی 24ــی تەمووزی 2021ــدا، ڕێککەوتنێکی هاوبەشیان بۆ هەناردەکردنی نەوتی قورسی عێراق بۆ وڵاتی لوبنان واژووکرد، لە بەرامبەردا لە کاتی واژووکردنی ڕێککەوتنەکە، بڵاو کرایەوە، لوبنان لەبەرامبەر ئەو نەوتە، کاڵای پزیشکی و خزمەتگوزاری تر پێشکەش بە حکووومەتی عێراق دەکات.

لە کاتی واژووکردنی ڕێککەوتنی دوو لایەن، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، سەرپەرشتی واژووکردنی ڕێککەوتنە تازەکەی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

بە گوێرەی رێککەوتنەکە، عێراق ساڵانە بڕی 7.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی قورس (21000 بەرمیلی ڕۆژانە) وزە هەناردەی لوبنان دەکات، لەبەرامبەردا حکوومەتی بەیروت خزمەتگوزاری  گشتی بە تایبەت لە بواری پزیشکی پێشکەشی عێراق دەکات. بە شێوەیەکی گشتی ئەو ڕێککەوتنە وەک هاوکاریەکی دوو لایەنە لە میدیا جیهانیەکان خوێندنەوەی بۆ کرا، بە جۆرێک عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستیە پزیشکیەکانی پشت بە ئەزموونەی لوبنان دەبەستێت، لە لایەکی تر وڵاتی لوبنان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابووریەکانی  بە تایبەت لە سێکتەری کارەبا پشت بە هەناردەکردنی نەوت و وزەی عێراقی دەبستێت، بەڵام ماڵپەر و ناوەندی oil price، لە ڕاپۆرتێکیدا ئامانجە شاراوەکانی پشت ئەو ڕێککەوتنە ئاشکرا دەکات و ڕێککەوتنەکە وەک پلانی ئێران بۆ پڕچەککردن و پارەدارکردنی چەکدارانی سەر بە حکومەتی ئێران و ئامانجە ستراتیژییەکەی ئێران بۆ هیلالی شیعی پێناس دەکات.

راپۆرتەکە لە ژێر ناونیشانی ئێران  وڵاتی عێراق وەک پردێکی گەیاندنی هێڵەکانی کارەبا بۆ لوبنان بەکاردەهێنێت"Iran Uses Iraq To Tie Lebanon Into Massive Power Plan" لە لایان نووسەری تایبەتی oil price، تایبەت بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Simon Watkins ئامادەکراوە ، و نووسەری راپۆرتەکە ئاماژە بە چەندین ئامانج و خواستی ءئێران لە عێراق و سووریا و لوبنان دەدات، لە پێناو بە سەنتەرکردنی تاران وەک چەقی پێدانی کارەبا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەو بارەیەوە Simon Watkins دەڵێت" وەک چۆن رووسیا بۆتە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی گازی سروشتی بۆ کیشوەری ئەورووپا، ئێرانیش هاوشێوەی رووسیا  پلان بۆ بوون بە سەنتەری دابینکەری کارەبای ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دادەڕێژێت".

هەروەها Simon Watkins لە بارەی رێککەوتنی ئەم دوایەی عێراق  و لوبان دەڵێت" ئامانجی شاراوەی ڕێککەوتنی عێراق و لوبنان، پلانی ئێرانە بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتەی لە عێراقەوە هەناردەی وڵاتی لوبان دەکرێت، لەبەرامبەردا، ئەو پارەیەی بە نرخی بازاری جیهان و ئەو دۆلارەی دەستی دەکەوێت، ئێران هاوکاری میلیشیاییەکانی عێراق و لوبنان و سووریا دەکات"

Simon Watkins ئەوەیشی زیاد کرد" ئەو سزا و فشارە ئابووریانەی ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندی، بوونە هۆی لێکەوتەی نێگەتیڤ لەسەر تەواوی ئابووری ئێران و چەکدارکردن و پارەدارکردنی میلیشیاییە ئێرانیەکان لە دەرەوەی سنووری ئێران".

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا، نووسەر ئاماژە  بەوە دەدات عێراق خاوەنی ئەو نەوتە قورسە نییە کە لەڕێککەوتنی نێوان لوبنان و عێراقدا هاتووە، بەڵام ئێران لە ڕێگەی ئەو رێککەوتنەی عێراقەوە، نەوتی وڵاتی خۆی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات لە ڕێگەی بەندەرەکانی  لوبنانەوە، هاوکات ئێران دەتوانێت نەوتی وڵاتەکەی هەناردەی بازارەکانی سووریا بکات بۆ رزگاربوون لە سزاییە ئابووریەکان، چونکە عێراق دەرچەیەکی ستراتیژیە بەسەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتانەی هەژموونی ئێران باڵادەستە، جگە لەوەی چەندین  شادەماری گواستنەوەی وزە و نەوت لە نیوان عێراق وء ئێراندا بوونیان هەیە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، Simon Watkins ئاماژە بەوە دەدات، ‌جگە لەو رێککەوتنەی عێراق و لوبنان، ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئوردن و میسر ناسراو بە ڕێککەوتنی (بەسرە - عەقەبە) وەک دەرفەتێكە لە بەردەم حکوومەتی ئێران بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی و  زاڵبوون بەسەر هێڵی کارەبای، چونکە یەکێک  لە خاڵە پۆزەتیڤەکانی ئەو هێڵە تێپەڕنەبوونە بە خاکی وشکانی ئاوی وڵاتی ئیسرائیل. بۆیە لەو ڕێگەی ئەو هێڵەوە ئێران دەتوانێت، باڵادەستی و هەژموونی وڵاتەکەی زێدەتر و فراوانتر بکات بۆ کردنی ئێران بەسەنتەری دابینکردنی کارەبای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات هەناردەکردنی نەوتی عێراق وئێران بۆ  گەرووی هورمز و جاسک، لە ئەنجامدا دەستکەوتنی پارەیەکی زۆر و بەردەوامبوونی ئێران لە پارەدارکردنی میلیشیایەکان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین