وزەی جێگرەوە ڕکابەری نەوت و گازی پێناکرێت ئابووری جیهان

نوچەنێت

خواستی بازارەکان بۆ وزە کاربۆنیەکان لە هەڵکشانی بەردەوامدان، هۆکاری سەرەکیش لەو بەرزبوونەوەیە زیادبوونی خواستی جیهانە بۆ بەکاربردنی کارەبا.

دوای بوژانەوەی بازاڕەکانی جیهانی و زاڵبوونی ڕێژەیی وڵاتان بەسەر پەتای کۆرۆنا، پلان و پرۆژە وەبەرهێنەرەکانی وزەی جێگرەوە لە بەرزبوونەوەدان، ئامانج لەو هەنگاوە پێڕەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆنی و دوورکەوتنەوەیە لە بەرهەمهێنانی نەوت وگاز تا کۆتاییەکانی 2050، بەڵام لە ژینگەی واقیعدا ئەم پلان و پڕۆسەیە پێدەچێت ئەستەم بێت.

لە 2021ــدا خواستی بازاڕەکان بۆ وزەی کاربۆنی(نەوت وگاز) لە بەرزبوونەوەدان، ئەمەیش پێچەوانەی  سیاسەتی وڵاتەکانی بەشدار لە ڕێککەوتنامەی پاریسە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی پیسبوونی ژینگە. ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوە ئاستی پێشبینیەکانی ئاژانسی وزەی جیهانی تێپەراندووە، بە تایبەت لە بەرهەمهێنانی کارەبادا.

ئاژانسی وزەی جیهانی پێشبینی دەکات تا کۆتایی 2021 خواستی جیهان بۆ کارەبا بە ڕێژەی ٪5 بەرزدەبێتەوە، و لە 2022ــدا ئەو رێژەیە لە ٪4 دەمێنێتەوە، ئەمەیش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە نەوت وگاز ڕۆلی سەرەکی دەگێرن لە بەرهەمهێنانی کارەبادا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی وزەی جیهانی لە ساڵی 2019 ڕێژەی ٪25 کارەبای جیهان لە ڕێگەی وزەی کاربۆنیەوە بووە، ئەم ڕێژەیە ، لە 2021ــدا، ڕێژەی ٪45 و لە 2022ــدا ٪40 دەبێت

گازی سروشتی

بواژنەوەی بازاڕەکانی ئەمریکا، بووە هۆی زیادبوونی خواستی گازی سروشتی لەو وڵاتەدا. هاوکات بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا،  خواستی وڵاتەکانیان بۆ بەکاربردنی گازی سروشتی بەرزکردۆتەوە، ئەمەیش بۆتە هۆی ئەوەی پاڵاوگەی عەمبارکردنی گازی سروشتی لە یەکێتی ئەورووپا  بەراورد بە 5 ساڵی ڕابردوو لە داتەپین دابن. لێ بەراورد بە سەرەتاییەکانی ئەمساڵ، ئاستی عەمبارکردنی پاڵاوگەکانی گازی سروشتی لە ئەورووپادا  لە ٪48 بۆ ٪56.9 بەرزبوونەتەوە، ئەمەیش وەک ئامادەکاریەکەی وڵاتانی ئەورووپایە بۆ وەرزی زستان.

زیادبوونی خواستی خەڵووز

بەرزبوونەوەی خواستی بازاڕەکان بۆ خەڵووز، نرخی ئەو جۆرەی وزەیان بۆ سێ هێندە بەرز کردۆتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی 2021، خواستی بەکاربردنی خەڵووز، ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات.

هاوکات زیادبوونی خواستی کارەبای وڵاتی چین، فاکتەرێکی سەرەکی بوو  لە دووبارە کردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی خەڵووز لەو وڵاتەدا. ئەمە جگە لەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکانی گازی سروشتی وڵاتەکان ناچار دەکات پەنا ببەنە بەر خەڵووز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. لەو بارەیەوە ئاژانسی وزەی ئەمریکی پێشبینی دەکات، خواستی بەکاربردنی ناوخۆیی ئەمریکا بۆ وزەی خەڵووز لە بەرهەمهێنانی کارەبادا لە ٪22 بۆ ٪26 بەرزبێتەوە. لە لایەکی تر  بەکاربردنی خەڵووز بۆ بەرهەمهێنانی ستیل خواستی خەڵووز لە بازاڕەکان بەرزتر دەکاتەوە، بەتایبەت لە ءئێستادا کە خواستی سەر ستیل لە هەڵكشانی بەردەوامدایە.

ئەم هۆکارانەی باسکران، هۆکاری سەرەکی بوون لە نەگەیشتنە ئەنجامی ئەندامانی کۆمەڵی G20 بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کاربۆن. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین