عێراق بۆ بەرهەمهێنانی 8 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕێککەوتنی تازە واژوو دەکات کوردستان- عێراق

نوچەنێت

عێراق بۆ زیادکردنی بری بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ 8 ملیۆن بەرمیل ، رێککەوتنی تازە لەگەڵ کۆمپانیاییە چینی و ئەمریکی ئەورووپیەکان دەکات و بیری زیاتر لێدەدات

عێراق لە پێناو گەیشتن بە خەونەکەی و بەرهەمهێنانی 8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا تا 2027، ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکی تازەی واژووکرد.

ئامانجی عێراق لەو ڕێککەوتنە لێدانی بیری نەوتی نوێیە، جگە لەوەی چەندین بیرە نەوتی پارێزگاکانی  کەرکوک، بەغدا، بەسرە، میسان و ناسڕیە کاری پەرەپێدان و دووبارە نۆژەنکردنەوەیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

لە هەفتەی ڕابردوو، وەزیری نەوتی عێراق پلانی وڵاتەکەی بۆ زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ 8 ملیۆن بەرمیل نەوت تا 2027 دووپاتکردەوە. هەروەها لەبارەی رێککەوتنە تازەکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای لیدانی بیر  و سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، باسم عەبدولکەریم وتی" بە هاوبەشی لە گەڵ کۆمپانیای ئینی ئیتاڵی، کۆمپانیایەکەمان 37 بیری نەوتی نوێی لە کێڵگەکانی زوبیر لێ دەدات"

هەروەها وتیشی" ئەم رێککەوتنە لە ماوەی 2 ساڵدا و لە پێناو زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت جێبەجێدەکرێن".

عەبدولکەریم ئەوەیشی زیادکرد" دوای ئەو رێککەوتنە 14 بیری تر دەدرێن بە کۆمپانیای ئینی و لە سێ کێڵگەدا، سەرجەمی ئەو بیرە نەوتانەی لەلایان ئەو کۆمپانیاییە ئیتاڵیە کاری لیدان و بەرهەمهێنانیان لێ دەکرێت دەبن بە 54 بیرە نەوت".

بەرپرسە عێراقیەکە ئەوەیشی نەشاردەوە کە 30 بیرە نەوتی رمێلەی باشووری بەسرە لە ئەنجامی کێبرکێیەکەی توند، ئەگەری زۆری هەیە بدرێن بە کۆمپانیای BPــی بەریتانی و کۆمپانیای ناوابراویش ئامدەی خۆی بۆ کارکردنی خێرا لەو ناوچانە دەربڕیوە.

عێراق لە پێناو زیادکردنی بری بەرهەمهێنانی نەوت ، تەنیا پشت بە کۆمپانیایییە ڕۆژئاواییەکان نابەستێت، بەڵک و کار بۆ پیدانی بەشیک لەو بیرانە بۆ کۆمپانییە چینیەکانیش دەکات. لەو بارەیەوە باسم عەبدولکەریم وتی" بە بڕی 160 ملیۆن دۆلار ڕێککەوتن لە گەڵ کۆمپانیای سینۆپێکی چینی دەکەین بۆ لێدانی 22 بیری نەوتی نوێ لە کێلگەی بەرزەکانی  پارێزگای میسان، هاوکات کۆمپانیای بوهانی چینیش کاری لێدانی بیر لەو ناوجانە دەکات".

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کارکردنی ئێمە لەگەڵ کۆمپانیای سینۆپێکی چینی بە دوو قۆناغ دەبێت، بە جۆرێک لە قۆناغی یەکەمدا 150 بیر کاری پەرەپێدان و نۆژەنکردەوەیان بۆ دەکرێت و لە قۆناغی داهاتووشدا، 71 بیری تازە لێدەدرێن.

لە هەمانکاتدا، لە ناوچەی زیقار بە هاوکاری کۆمپانیایەکانی ئەمریکی، حکوومەتی عێراق کار بۆ لێدانی 20 بیری تازە دەکات، لەو بارەیەوە عەبدولکەریم وتی" ناوچەی زیقار خاوەن زیاتر لە 4.4 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ کۆمپانیای Weather Ford، کار بۆ لێدانی 20 بیری نەوتی تازە دەکەین ، بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوچەکە بە 60 هەزار بەرمیل نەوتی تر زیاد بکات".

ئەم رێککەوتنانەی عێراق بۆ زیادکردنی نەوت لە کاتێکدایە، لە ئێستادا عێراق  زیاتر لە 4.803 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژیکدا بەرهەمدەهێنیت و ئامانجیەتی تا 2027 ئەو رێژەیە بۆ 8 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز بکاتەوە. 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین