حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لەبارەی گرانبوونی نان دەرکرد کوردستان- عێراق

نوچەنێت

دوای گرانبوونی نرخی نان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و بازرگانی راسپارد بۆ دابینکردنی سووتەمنی بۆ نانەواخانەکان و کەمکردنەوەی باجی کارەبا.

گرانبوونی نرخەکانی نان لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان، بووە هۆی ناڕەزایەتیەکی زۆر لە لایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وێرای گرانبوونی جیهانی نرخەکانی نان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو نەهێشتنی قۆرخکاریەکانی نرخەکانی نان و نزمکردنەوەی، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزیرانی  دارایی، کشتوکاڵ، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتیەکان، کارەبا، دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

دوای خستەرووی ڕاپۆرتی بەدواداچوون و هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نان. لە کۆبوونەوەکدا بڕیاردرا، بە کەمکردنەوەی نرخی گازی شل بۆ نانەواخانەکان  و کەمکردنەوەی نرخی کارەبا بە ڕێژەی ٪20 لە لایان وەزارەتی کارەباوە بۆ سەرجەم نانەوا و سەمونخانەکان.

ئەم بڕیارانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدان، هەفتەی رابردوو، بە هۆی گرانبونوی نرخی نان، 6 نان بەهەزار دینار فرۆشران، دوای ئەو بڕیارانە پێشبینی دەکرێت نرخەکانی نان ئاسایی ببنەوە و 8 نان بە هەزار دینار بفرۆشڕێن.

 

دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەی بەدواداچوون بۆ پرسی گرانبوونی نرخی نان و کۆنترۆڵکردنی نرخە کان و نەھیشتنی قورخکاری لەو بوارەدا، ڕۆژی یەکشەممە٢٠٢١/٨/٢٩، لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا کە تیایدا هەریەک لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا و د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەھێنان و د.عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بە داواداچوون و د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و بریکاری وەزارە تی سامانە سروشتییە کان و ھەر چوار پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان بەشداربوون چەند بڕیاڕیک درا.

لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوو وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و بازرگانی ڕاسپێردران کە نرخی گازی شلی دابین کراو بونانەواخانە و سە مونخانە کان بهێننە خوارەوە بەھەماھەنگی لە گەڵ کۆمپانیای وەبەرهێنانی غاز و بەڵێندەر و کارگەکان، وەزارەتی کارەباش نرخی ئێستای کارەبا ۲۰% بۆ نانەواخانە و سەمونخانە کان کەم بکاتەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە وەزارەتی بازرگانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگاکان، چاودێری چڕی ئاشەکانی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئە وەی کواڵیتی ئەو ئاردەی دەدرێت بەھاووڵاتیان دەستکاری نەکرێت و هەمان وەزارەت هەڵدەستێت بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ بۆ زامنکردنی دابینکردن و گەیاندنی بەشە خۆراکی هاووڵاتیان بە تایبەتی ئارد و سەرجەم بازگەکانیش ئاگادار دەکرێنەوە کە رێگە نەدەن بەشەخۆراکی ئاردی مانگانە بازرگانی پێوە بکرێت و بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردرا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێکی گونجاو لە بری ئەو بڕە کرێیەی کە کۆمپانیاکانی پشکنین لەسەر سنوورەکان وەریدەگرن بۆ بابەتی هاوردەکردنی ئارد، بەمەبەستی بارسووککردنی ئەو بازرگانانەی کە ئارد هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و کەمکردنەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە کارگەکانی دروستکردنی ئاردیش لە هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە پێشکەش کردنی ئاسانکاری بۆ ئەم کارگانە بە مەرجێک دەبێت ئەم کارگانە بەرهەمەکانیان بە زووترین کات بخەنە ناو بازاڕی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی گونجاو.پارێزگاکانیش دەبێت لەڕێگەی لیژنەی قایمقامیەتەکانەوە چاودێری و بە دواداچوونی تووند بۆ نەهێشتنی گران بوونی نرخی نان و کەم نەکردنەوەی کێشی نان و سزای سەرپێچیکاران دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٠٢١/٨/٢٩

 

 

 

 


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین