ئاسایشی وزەی وڵاتانی ئەورووپا لەبەردەم هەژموونەکانی رووسیا شیکاری ئابوری

نوچەنێت

دروستبوونی قەیرانی نرخەکانی گاز، هەژموونەکانی رووسیا و کۆمپانیای گازپرۆمیان لە کۆنترۆلکردنی بازارە ئەورووپەکان فراوانتر کردووە. ئەنجام ئەورووپا بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ناچار دەبێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا بە تایبەت لە هاتنی زستانێکی سارد و بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان. لاوازی سەرکردە ئەورووپیەکان لە هەمبەر کاریگەریە نەرێنیەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکانی گاز، بووە هۆی پێدانی هۆشداریەک لە لایەن رووسیاوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا و مۆسکۆ ئامادەی خۆی بۆ ڕێککەوتنی تازە دووپاتکردووە.

بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت  و گەیشتنی بە 80 دۆلار بۆ هەربەرمیلێک و هاوکات هەڵکشانی نرخی گازی سروشتی بۆ 1000 دۆلار بۆ هەر  هەزار پێ سێجایەک، بووە هۆی دروستبوونی تەنگژە و قەیرانی نرخی وزە لە بازارەکانی ئەورووپا.  رووسیا تا ئەم کاتەیەش فاکتەری سەرەکی دابینکردنی ئاسایشی وزەی بازارەکانی ئەورووپایە، و هەر بەرزبوونەوەیەک لە نرخی وزە، ڕووسیا سوودمەندی یەکەمە.

ئەم شلەژانەی بازارەکانی جیهان بە گشتی و بازاڕە ئەورووپایەکان بە تایبەتی دەرفەتێکی زێرینە لەبەردەم رووسیا، بۆ ناچارکردنی وڵاتە ئەورووپاییەکان بە ڕێگەدان بە پرۆژەکانی ڕووسیا، هاوکات دەستبەرداربوونی ئەورووپا لە پرۆژەی سەپاندنی باج بەسەر کاڵایە ڕووسیەکان بە بیانووی پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەش وهەوا.

بە گوێرەی راپۆرتێکی پەرلەمانی ئەورووپا، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا  بۆ دابینکردنی خواستی ناوخۆیی، ڕێژەی ٪70 بۆ ٪90ــی وزە بە تایبەت گازی سروشتی هاوردە دەکەن، لەو ڕێژەیە رووسیا بە تەنیا ڕێژەی ٪40ــی ئەو گازە بۆ ئەورووپایەکان دابین دەکات.

گازی ڕووسی لە نرخی بەرهەمهێنان وگواستنەوە بۆ ئەورووپیەکان بێ ڕکابەرە

لە 2020ــدا، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی رووسیا 650 ملیار پێ سێجا بووە و پێشنینی دەکرێت تا ساڵی 2025 ئەو ڕێژەیە بۆ 750 ملیار پێ سێجا بەرزببێتەوە و لە 2040ــدا ئەو ڕێژەیە بگات بە 810 ملیار پێ سێجای گازی سروشتی. بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی ڕووسی، فاکتەرە لە هەڵکشانی ئاستی هەناردەکردنی گازی سروشتی لە 250 ملیار پێ سێجا بۆ 390 ملیار پێ سێجا لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2040.

خواستی بازارەکانی ئەورووپا بۆ وزە و گازی سروشتی لە هەڵکشانی بی وەستاندایە، بۆ ئەم مەبەستە سیاسەت دارێژەرانی ئەورووپا بۆ دابینکردن و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە، کار بۆ دروستکردنی جێگرەوەی گازی ڕووسیا دەکەن.

هەرچەند لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم وڵاتە ئەورووپایەکان لە گەیشتن بەو ئامانجە کۆڵنادەن، بەڵام زانایی رووسیا لە بەکارهێنانی گازی سروشتی وەک چەکێک بەرامبەر بەرژەوەندی ئابووری بازارەکانی ئەورووپا، ئاستەنگی زۆری خستۆتە بەردەم ئەو خەونەی ئەورووپا.

بە گوێرەی راپۆرتیكی ناوەندی S&P Global  تایبەت بە پرسەکانی وزە، تاساڵی 2040، رووسیا پشکی شێری هەیە لە دابینکردنی ئاسایشی وزەی ئەورووپا. لە راپۆرتەکەدا هاتووە،  هەرچەندە وڵاتە ئەورووپایەکان لە ڕێگەی پرۆژەکانی ئازەربایجان و هاوردەکردنی گازی LNG، کار بۆ کەمکردنەوەی پشت بەست بە گازی ڕووسی دەکەن، بەڵام رووسیا تا ئەو ماوەیە، دابینکەری ڕێژەی ٪40ــی وزەی ئەوروپایە. بە تایبەت دوای ئەو دابەزینە خێرا و بەردەوامەی کێلگەکانی نەرویج کە دابینکەری سەرەکی گازی ئەوروپایە بە خۆیە دەبینێت.

دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی نەرویج، ئەورووپا ناچار دەکات زیاتر پشت بە گازی رووسی ببەستێت

هەروەها  پلانەکانی رووسیا بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی LNG لە ڕیگەی پرۆژەکانی یاماڵ بۆ ئەوروپا و سیبیریا بۆ چین، پێشبینی دەکرێت تا سالی 2040، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی LNG وڵاتی رووسیا لە 90 ملیار پێ سیجا بۆ زیاتر لە 130 ملیار پێ سیجا زیاد بکات.

پلانی وڵاتانی ئەورووپا لە بەرامبەر هەژموونەکانی رووسیا

پەرتەوازەی سیاسەتی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەژموونەکانی ڕووسیا لە بازارەکانی وزە شکستی هێناوە، بە تایبەت دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا، ئەمەیش وڵاتانی ئەرووپا ناچار دەکات، هاوشێوەی ڕێککەوتنەکانی بواری(ماسی، دەریایی، بازرگانی بە داروی یۆرۆ)، کار بۆ دانان و جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمە هاوبەش بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزەی ولاتەکانیان بکەن، بە تایبەت لە چۆنیەتی ڕێککەوتن و رازیکردنی رووسیا بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان 

وزەو گازی سروشتی بە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاسایشی بازارەکانی ئەورووپا دێت، بە تایبەت دوای ئەوەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گاز و کارەبا و بەنزین.

بەریتانیا کە وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپایە، بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە و زیانەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گاز و کارەبا، لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی دوو پلانی بۆ ئەو قەیرانە راگەیاند. سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە زۆرترین قازانج لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە دەکەن، یەکێک لە پلانە سەرەکیەکانی بەریتانیا بۆ کردنەوەی سندوقێکی هاوکاری و دابەشکردنی بەسەر خانەوادەکان .

سەبارەت بە  ئیتالیا، سەرۆکی کۆمپانیای ئینی ئیتاڵی کلۆدیۆ دیسکالزی رایگەیاند" یەکێتی ئەورووپا زۆرترین وزە هاوردە دەکات".

هەروەها وتیشی" پشت بەستنمان بە هاوردەکردنی دەرەکی و بەرزبوونەوەی نرخی گاز و نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، پێویستمان بە کیشانی نەخشەسازییەکی ستراتیژی و هاوبەش هەیە"

دیسکالزی جەختی لەوەیش کردووە، کە بەردەوام دەبین لە زیادکردنی پرۆژەکانی وزە بە تایبەت لەگەڵ وڵاتی رووسیا کە خاوەن ڕێککەوتنی ستراتیژی دوو لایەنەن لە دابینکردنی وزە.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ماریۆ دراجی لەبارەی ئاسایشی وزەی ئەورووپا وتی" ئەورووپا پێوسیتی بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە هەیە

خواستەکانی گاز پرۆم دژایەتیەکانی پەرلەمانی ئەورووپا

هەرچەندە بەربوونەوەی نرخەکانی وزە، زیانێکی زۆری لە سەر بازارەکانی ئەورووپا هەبووە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەی نرخە، بۆتە هۆی کەلەکەبوونی سەرماییەکی زەبەلاح بۆ کۆمپانیای ئیکیۆنوری نەرویجی. 

لە راپۆرتێکی ناوەندی ڕۆیتەرزدا هاتووە، هەریەکە لە رووسیا ونەرویج، سوودمەندی سەرەکین لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت وگاز، بە تایبەت دوای زیاد بوون و کەڵەکەبوونی داهاتیكی زۆری کۆمپانیایەکانی گازپرۆم و ئیکیۆنوری نەرویجی.  هەردوو کۆمپانیا بەرپرسن لە دابینکردنی ریژەی ٪60ــی گازی بازارەکانی ئەورووپا، بۆیە بەرزبوونەوەی رێژەی نرخەکانی گازی سروشتی بۆ ٪300، داهاتەکانی ئەو دوو کۆمپانیاییە بە بەرزی و دەستەڵاکانی بە فراوانی  هێشتۆتەوە.

فراوانبوونی هەژموونەکانی کۆمپانیای گاز پرۆم لە هەرێم و بازارەکانی ئەورووپا بووە هۆی ڕێککەوتنی 40 پەرلەمانتاری ئەورووپی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیایە ڕووسیەکەدا لە جێبەجێکردنی پرۆژەی نۆرد ستێرم 2 داواکاریەکیان ئاراستەی پەرلەمانی ئەورووپا کرد.

لە داواکاریەکەدا، پەرلەمانتارەکان کۆمپانیای گازپرۆمیان بە قۆڕغکاری بازارەکانی گازی ئەورووپا تۆمەتبار کرد، بەڵام رووسیا ئەو تۆمەتانەی رەتکردووە.

بەهێزی سیاسەتەکانی رووسیا لە کۆنترۆلکردن و هێشتنەوەی بازارەکانی وزەی ئەرووپا لە ژێر هەژموونی خۆی، دوای بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت و گاز بۆ ئاستێکی پێوانەیی، ئەمرۆ وتەبێژی کۆشکی کرێملن پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ئەورووپا کرد و ڕایگەیاند"ڕووسیا بە وردی چاودێری بازارەکانی وزە دەکات و، کۆمپانیای گاز پرۆم ئامادەی ڕێککەوتنی تازەیە بۆ دابینکردنی وزە".

هەروەها وتیشی" ئێمە دەزانین گەشەی بازارەکانی وزەی ئەورووپا چۆن گەشەیان کرد و وتمان کە کۆمپانیای گاز پرۆمی ڕووسی، لە ئێستادا خاوەن بەرزترین توانایە لە دابینکردن و گەیاندنی وزەی رووسیا بۆ بازارەکانی ئەورووپا"

بیسکۆڤ جەختی لەوەیش کردەوە، کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی، بە تەواوی توانایەکانیەوە ئامدەی واژووکردنی گرێبەستی دوور مەوداو ستراتیژیە بۆ دابینکردنی گازی ئەورووپا.

ئەم هۆشداریەی رووسیا بۆ بازارەکانی وزە لە کاتێکدایە، بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت گاز، لە دوو هەفتەی رابردوودا، بەرزترین ئاستیان تۆمار کردووە، و پێشبینی دەکرێت لە زستانی ئەمساڵدا، نرخەکانی نەوت و گاز بەردەوام بن لە هەڵكشان

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین