ئەمریکا نەوتی یەدەگی ستراتیژی هەناردەی بازاڕەکانی ئاسیا دەکات ئابووری جیهان

نوچەنێت

ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوو لە رازیکردنی ئەندامانی ئۆپێک پلەس بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەیش بووە هۆی بەکاربردنی زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی ستراتیژی ئەمریکا و هەناردەکردنی بۆ بازارەکانی ئاسیا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی نرخی نەوت، بەڵام شرۆڤەکاران ڕایان وایە، ئەمریکا لەو هەنگاوە سەرکەوتوو نابێت

دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیدارەی جۆ بایدن، سەرکەوتوو نەبوون لە دابەزاندنی نرخی نەوت و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوخۆیی ئەمریکا، حکوومەتی واشنتۆن پەنا بۆ بەکاربردنی نەوتی یەدەگی دوور دەبات و هەناردەی بازارەکانی ئاسیایان دەکات.

بە گوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای Kpler تایبەت بە زانیاری بازاڕەکانی وزە، ئەمریکا لە مانگی ئۆکتۆبەردا، زیاتر لە 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی هەناردە کردووە، هەروەها سێ بارهەڵگری نەوتی ئەمریکا لە دەریایی ئەمریکی  هەناردەی بازارەکانی ئاسیا کراون.

لەو بارەیەوە، شرۆڤەکاری باڵای کۆمپانیای Kpler مات سمێس دەڵێت" ئەگەرێی چاوەڕوانکراوە، لەهەفتەکانی داهاتوودا ببینین نەوتی یەدەگی زیاتری ئەمریکا هەناردەی بازارەکانی ئاسیا بکرێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی یەدەگی ستراتیژی هەناردەکراو بۆ 12 ملیۆن بەرمیل لە دوو مانگی ڕابردوودا"

هەروەها دەشڵێت" تەنیا لە  هەفتەی ڕابردوودا، ئەمریکا 3.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی ستراتیژی هەناردەی بازاڕەکان کردووە".

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن لە کاتێکدایە، دواین بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس لە کۆبوونەوەی مانگی نۆڤەمبەر، بە هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک مانگەکانی پێشوو کۆتایی پێهات. ئەمەیش بووە هۆی دەستبردن بۆ بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی ئەمریکا لە لایەن جۆ بایدنەوە.

سەبارەت بە ئاڵتەرناتیڤی ئەمریکا بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت، دوای رەتکردنەوەی داواکاریەکەی جۆ بایدن لە لایەن ئۆپێک پلەسەوە، وەزیری وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە سەرۆکی ئەمریکا پەنا دەباتە بەر بەکاربردنی یەدەگی ستراتیژی نەوتی ئەمریکا، بۆ کەمکردنەوەی نرخەکانی نەوت و دابەزاندنی بەهای بەنزین و ڕێگریکردن لە پەککەوتنی گەشەی ئابووری ئەمریکا، بەڵام  شرۆڤەکارانی بواری وزە و پیشەسازی نەوت، ئەو هەنگاوەی بایدنیان بە بێ ئەنجام و سەخت ناوزەند کرد.

هۆکاری سەرنەگرتنی ئەو هەنگاوەی جۆ بایدن، پێوەستە بە جۆری  نەوتی یەدەگی ستراتیژی ئەمریکا، بە جۆڕیک شارەزایان پێیان وایە، پێکهاتەی نەوتی یەدەگی ستراتیژی ئەمریکا، ڕێژەیەکی زۆر گۆگردی تێدایە، ئەمەیش وا دەکات ئاستەنگ بۆ پرۆسەی پاڵاوتنی نەوتەکە دروست ببێت و لەهەمانکاتدا، دەبێتە هۆی بەکاربردنی گازی سروشتی زیاتر بۆ پاڵاوتنی، لەم کاتەی ئێستادا، کە نرخەکانی گازی سروشتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، ئەم هەنگاوەی بایدن و ئەنجامەکەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە

بە گوێرەی زانیاریە بڵاوکراوەکان، تا ڕیکەوتی 29ــی ئۆکتۆبەری 2021، ئاستی یەدەگی نەوتی ستراتیژی ئەمریکا بە 612.5 ملیۆن بەرمیل مەزندە دەکرێت، کە دابەشکراوە بەسەر 4 ناوچەی سەرەکی، بەڵام تەنیا ڕێژەی ٪40ــی ئەو یەدەگە، لە جۆری نەوتی شیرین و کەم کۆگردە، بۆیە شرۆڤەکاران ڕایان وایە دەست بردنی بۆ یەدەگی نەوتی ستراتیژی ئەمریکا، دژی بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس، کاریگەریەکی ئەوتۆ لەسەر نرخەکانی نەوت دروست ناکات و نابێتە هۆی دابەزینی نرخەکانی نەوت بۆ ئەو ڕێژەیەی کە خواستی ئەمریکا بێت.

دوای بریارەکانی ئۆپێک پلەس لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران، و جێگیرکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە تا ناوەڕاستی ساڵی 2022، بۆتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوام لە لایەن ئیدارەی جۆ بایدن و ئەمریکا داوا دەکات ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات، بەلام ئۆپێک پلەس داواکارییەکە پشگوێ دەخات.

نرخەکانی نەوت بەردەوامن لە بەرزبوونەوە، بە تایبەت دوای  هەوڵەکانی بایدن و بێ ئومێدی لە دابەزاندنی نرخی نەوت. هەرچەندە  هەریەکە بافيل سوروكين، جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا و ديڤيد تورك جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا، لە کۆربەندی  COP26ــی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا  لە بارەی بازارەکانی وزە و جێگیرکردنی نرخی نەوت کۆبوونەوە،.

بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتە جیهانیەکان و بانکە تایبەتەکانی بواری وزە بن، ڕێژەی خواست و لێکەوتەکانی کۆرۆنا بوونەوەت هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەگەر پرۆژەکانی وەبەرهێنانی نەوت زیاد نەکڕین، ئەوا نرخی نەوت تا 120 دۆلاریش بەرزدەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین