هێـڵـە (نوێـ)کـەی ڕۆژهـەڵاتـی دەریـای سپـی نـاوەڕاسـت شیکاری ئابوری
ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و تورکیا، ئەگەرەکانی تێپەڕبوونی هێڵێکی نوێ، بۆ گواستنەوەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریایی سپی ناوەڕاست بەهێزتر دەکەن

نوچەنێت

دۆزینەوە بەردەوامەکانی کێڵگەی وزەی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی دەریایی سپی ناوەراست، ململانێ و هاوکێشە ستراتیژییەکانی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردوون، لە پێناو کەمکردنەوەی هەژموونی ڕووسیا لە سەر بازاڕەکانی وزەی یەکێتیی ئەورووپا. دەوڵەمەندی کەنارەکانی میسر، ئیسرائیل و قوبرس بە گازی سروشتی، بوونەتە هۆی داڕشتنی پلانی ستراتیژی چەندین هـێـڵ، بۆ گواستنەوەی وزەی ناوچەکە بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەڵام سەروەری خاکی وڵاتانی هاوسنووری ناوچەکەو، ڕکابەرییەکانی ئەورووپا و ڕووسیا، ڕێگری لەبەردەم تەواوبوونی پرۆژەکان دروستکردوون.

لە 2ی کانوونی دووەمی 2020ـدا، ڕێککەوتنێکی هاوبەش لە نێوان یۆنان، قوبرس و ئیسرائیل، بۆ ڕاکێشانی ‌هیڵی گازی ناسراو بە، East Mid Pepline، بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا لە ڕێگەی ئیتاڵیاوە واژۆکرا، لێ کێشە ژینگەیی و یاساییە دەریاکانی ناوچەکە، چەندین ئاستەنگی خستۆتە بەردەم پرۆژەکە، جگە لە ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و لیبیا، کە بووە پچڕاندنی هێڵەکە لە ناوەڕاستدا، لە لایەن تورکیاوە. 

پرۆژەی East Mid Pepline، ڕاستەخۆ لەلایەن کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، بە گوژمەی 6 میلیار یۆرۆ پاڵپشتی دەکرێت، بە درێژایی 200 کیلۆمەتر، ساڵانە بڕی 8 بۆ 16میلیار مەتر سێجای گازی سروشتی ناوچەکە دەگوازێتەوە، بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا. قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە، گواستنەوەی گازی ناوچەکانی ئیسرائیل و قوبرسە بۆ ئەورووپا، لە پێناو کەمکردنەوەی هەژموونی گازی ڕووسیا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا. 

جگە لە ڕکابەرییە هەرێمی و ناودەوڵەتییەکانی پرۆژە، کێشەی دابینکردنی گوژمەی پرۆژەکە، کێشەی سەرەکییە لەبەردەم یەکێتیی ئەورووپا، چونکە تێچووی بونیاتنانی پرۆژەکە، زیاترە لەو گازەی کە دەگاتە بازاڕەکانیان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە وڵاتانی هاوردەکار، پێویستە تێچووی ئەمنی بۆ گەیشتنی گاز بە وڵاتەکانیان بدەن، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی بازاڕی ئازادە لە یەکێتیی ئەورووپا، بۆیە شرۆڤەکاران گومانیان هەیە ڕازی ببێت بەو رێگە چارەیە. 

لە لایەکی ترەوە، تێپەڕبوونی بۆرییە گازە، بە قوڵایی ئاوەکانی قوبرس و کریت، تێچووی پرۆژەکە زیاتر دەکەن، بۆیە لە کۆتاییدا کۆمپانیاکان بودجەی پڕۆژەکە دابین دەکەن، نەک حوکوومەتەکان، بۆیە ئەگەرەکانی جێگرەوە بۆ گەیشتنی گازی ناوچەکە بە بازاڕەکان، ڕێگە خۆشکەرە لە بەردەم کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەی بگەن بە کۆدەنگی وڵاتانی هاوسنووری ناوچەکە، لە پێناو دەسکەوتنی قازانج نەک زیان گەیاندن بە خۆیان.

لەسەر بنەمای ئەو زەحمەتانەی کە ئاماژەیان پێدرا، هەوڵی بەردەوام هەن، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوەی تێپەڕبوونی پڕۆژەکە، لەوانە سەردانە فەرمییەکەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە 10ی تشرینی دووەمی 2020، بۆ ئەسینا بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نوێ پرۆژەکە بوو. 

لەو سەردانەدا بەڕێز سیسی، پێشنیاری ڕێگەی جێگرەوەی ئاراستەی سەرۆکی یۆنان کرد، پێشنیارەکە بریتی بوو لە: دەستپێکردنی پرۆژەکە ،لە کێڵگەی گەورەی لیڤیاتان لە ئیسرائیلەوە بۆ میسر، لە جیاتی ئەوەی بە قوبرسدا بروات، دواتر لەوێوە بۆ سنووری میسر و لیبیا، پاشان هەڵکشانی بۆ دوورگەی کریت. 

ئەم ڕێگا (ئەلتەرناتیڤـ)ە، هەرچەندە زۆر ئاڵنگاری سیاسی و ئابووری لە پێشە، بەڵام ئەژمارکردنی تێچوو ئەگەری سەرکەوتنی هەر رێگایەکی جێگرەوە، دەرئەنجامەکان زیاتر ڕوون دەکەنەوە. 

ئاڵنگارییەکانی بەردەم ڕێگا نوێـکە!! 

لە دەیەی ڕابردوودا، جیۆجۆلیستەکانی ئەمریکی، یەدەگی زەبەلاحی گازی سروشتییان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دۆزیەوە و، مەزەندەی زیاتر لە 220 تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتییان لە ناوچەکە کرد. 

(میسر، ئیسرائیل، یۆنان، قوبرس، ئیتالیا، ئوردن، فەلەستین)، کۆربەندەی گازی دەریای سپی ناوەڕاست ( EMGF ) لە 27 سێپتێمبەری 2020ـدا دامەزراند، وڵاتانی هاوسنووری ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، دەتوانن ببن بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە، وەک پلاتفۆرمێک خزمەت بە بەرهەمهێن و بەکارابەرانی وزەی ناوچەکە دەکات، هەوڵدەدات وڵاتانی ترانزێت پێکەوە کۆ بکاتەوە، بۆ دروستکردنی دیدگایەکی پێکهاتەیی بواری گاز. 

وەزیری وزەی ئیسرائیل، دەربارەی کۆربەندەکە دەڵێت: "بۆ ئیسرائیل کۆربەندەکە، وەک هەماهەنگی و پەیوەندییەکی مێژووییە لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و یەکێتیی ئەورووپا، کە لە قۆناغی یەکەم دا، بڕی 30 میلیار مەتر سێجای گازی تەلئەبیب و عەمان و قاهیرە، هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات." 

ئەم جووڵەیە گوزارشت لەپەرەسەندنێکی گرنگ دەکات، بۆ قاهیرە، بەرامبەر بە ناکۆکییە هەمەچەشنەکەی لەگەڵ ئەنقەرەدا ، هەروەها میسر لەم هەنگاوەدا ئامانجێکی ستراتیژی بەدیهێنا، کە توانای ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی وزەی ناوچەیی و سەرمایەکی گەورەی گازی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 

ڕێککەوتنی نێوان تورکیا ولیبیا، خەونی یەکێتی ئەوروپا ی بێ بەشداری تورکیا لە گۆڕنا

بەڵام ئەم هەنگاوانەی ئەندامی کۆربەندەکە بێ ئەنجام بوون، دوای ئەوەی کە تورکیا لەو کۆربەندە بێ بەشکرا، ڕێککەوتنی سەربازی و ئابووری بە ئامانجی بەرهەمهێانی وزەی لەگەڵ لیبیا واژۆکرد، خەونی کۆربەندەکەی لە گۆڕ نا. دوای سەردانەکەی سەرۆکی میسر بۆ یۆنان، ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە سەبارەت بە هێڵی خەونەکانی ئەو وڵاتانە واژۆکرا، بەڵام ئەویش بێ سوود بوو، چونکە ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، لە پرسەکانی وزەی ناوچەکە، هاوکێشەکانی ئاڵۆزتر کرد، ئەمەش کاتی یەکلا کردنەوەی ڕکابەرییەکانی نێوان ڕووسیا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپای بۆ پرسە هەرێمییەکانی ناوچەکە درێژکردەوە. 

سەرەتای 2021، هەریەکە لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا داوایان کرد ببن بە چاودێری کۆربەندەکە، ئەمە لە کاتێکدایە، کە فەرەنسا داوای کرد، ببێت بە ئەندامی کۆربەندەکە، جگە لەو وڵاتانە ئەو کۆمپانیانەی کاری بەرهەمهێنان دەکەن لە ناوچەکەدا، لە ڕووی تەکنیکییەوە ئەندامی ئەو کۆربەندەن، ئەمەش وا دەکات حوکوومەتەکانیان کاریگەری بەرژەوەندیخواز دروست بکەن، لەهەر دۆزینەوەی گواستنەوەیەکی وزەدا، لەوانە کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسایی و  ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی.

لەو ناوچەیەدا، چەندین ڕێککەوتنی ئاراستە جودا لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هەن، لەوانە: قوبرس – ئیسرائیل، تورکیا، - لیبیا، میسر – یۆنان، لە هەمان کاتدا پرۆژەی گازی عەرەبی نێوان (ئوردن، میسر، ئیسرائیل)، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەریەکە لە وڵاتانی میسر و تورکیا خاوەن زۆرترین ڕووبەری ئاوی ناوچەکەن، لەهەمان کاتدا، تێچووی گواستنەوەی گازی ناوچەکە لە نێوان ئەم دوو وڵاتە کەمترە لە وڵاتانی تری هەرێمەکە، بە تایبەت تێچووی گواستنەوەی نێوان قوبرس و ئیسرائیل، ئەمە لە لایەنی ئابوورییەوە، هەرچی ئەو پرسانەی تایبەتن بە ستراتیژیەتی باڵادەستی وڵاتەکان، دوای ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، پرۆژەکانی ڕووسیا و تورکیا، زیانی گەورە لە بەرژەوەندی میسر و بەرەی ڕۆژئاواییەکان دەدەن، بۆیە لێکنزیبوونەوەی میسر و تورکیا، دوای ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2013، ئەگەری ڕێککەوتنی نوێ بۆ گواستنەوەی گازی ناوچەکە دەهێننە کایەوە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی چارەسەکدنی قەیرانەکانی لیبیا.

ڕەتکردنەوەی کێشانی ‌هێیڵی دەریایی، لە جەزیرەی میسی میسری کە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە جەزیرەی قاشی تورکیا دوورە، ئەگەرەکانی خواستی ڕێککەوتنی میسری لەگەڵ تورکیا بەهێزتر کرد، جگە لەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەی خۆی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ میسر دووپاتکردەوە، هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵی بانگ‌هێشتکردنی تورکیا، بۆ کۆربەندی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، لەلایەن ئیسرائیلەوە، دووبارە خواستی ڕێککەوتنی ئەو وڵاتانە لەگەڵ تورکیا لێکدانەوەی زیاتر هەڵدەگرن. 

هەروەها ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق، ئوردن و میسر، بۆ گواستنەوەی وزەی عێراق، بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و، ڕێککەوتنی کەرتی غەزە و قەتەر، بۆ گواستنەوەی گازی ناوچەکانیان، بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەخەنە مەترسییەوە، بۆیە ڕێککەوتنی نێوان میسر و تورکیا لە بەرژەوەندی تورکیایە. 

ئەم ڕێگا ئەلتەرناتیڤە، هەرچەندە زیانی بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی قوبرس دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ئەگەری تێپەرنەبوونی ئەو هێڵە، قوبرس دەتوانێت گازەکەی هەناردەی ئەورووپا بکات، لە رێگەی بۆرییە هێڵەکانی وڵاتی میسر کە پەرلەمانی هەردوو وڵات پەسەندیان کردووە. 

لەو کاتەدا، کۆمپانیاکانی وەک: نۆڤل و شیڤرۆن دەتوانن تێچووی پرۆژەکە خەرج بکەن، ئاڵنگارییە تەکنیکییەکانی بەردەمیان کەمتر دەبن، تێچوویان هەرزانتر دەبێت. قوبوڵکردنی ئەندامییەتی فەرەنسا لە کۆربەندەکە و، ئاڵوگۆڕی پەیوەیەندی نێوان ئەردۆغان و ماکرۆن، لە  کۆتاییەکانی شوباتدا، گۆڕانکارییەکان خێراتر دەکەن، بۆیە بەرژەوەندی ئابووری وڵاتان لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین