وردەكاریی ئاگربەستی حەماس و ئیسرائیل لە غەزە وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەکردنی: سنوور یاسین

پێشەکی 

ڕۆژی یەکشەممە (19/کانوونی دووەم/2025) دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر دواکەوتنی وادەکەی ئاگربەست لە غەزە دەستیپێکرد و حەماس ناوی ئەو سێ ئافرەتەی ئاشکرا کرد کە ئامانجییەتی ئەمڕۆ یەکشەممە ئازادیان بکات. ئیسرائیل چەندین جار دووپاتی کردەوە، "تەنیا لەگەڵ ڕاگەیاندنی ناوی بارمتەکان و ئاشکراکردنی ناوەکانیان کاتی ئاگربەست دەستپێدەکات".

لە سەرانسەری غەزە دەربڕینی خۆشی دەستیپێکرد و هەندێک لە فەلەستینییەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان بەهۆی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، بە گوێرەی ئاگربەستەکە لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی (100) بارمتە ئازاد دەکرێن کە لە هێرشەکەی (7)ی تشرینی یەکەمی (2023) لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە ڕفێندرابوون.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە (19-1-2025) بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "حەماس بەڵێنی خۆی جێبەجێ نەکردووە، تاوەکو لیستی ناوی بارمتەکان ڕانەگەیێندرێت بۆمان ئاگربەست دەست پێناکات".

لە بەرامبەردا بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "پابەندین بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و دواکەوتنی ڕاگەیاندنی لیستی ناوەکان پەیوەندی بە کێشەیەکی تەکنیکییەوە هەیە".

دانیال هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، "سوپا بەردەوام دەبێت لە هێرشکردن و تا ئەو کاتەی حەماس پابەند دەبێت بە ڕێککەوتنەکەوە".

دواتریش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ژمارەیەک ئامانجی چەکداری لە باکوور و ناوەڕاستی غەزە بۆردومان کردووە".

وەزارەتی تەندروستی غەزە ڕایگەیاند، "سێ هاووڵاتی دیکە بەهۆی هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممە لە شاری غەزە گیانیان لەدەستداوە".

هەروەها ئیسرائیل ڕایگەیاند، "تەرمی ئۆرۆن شاول کە لە شەڕی (2014) ی ئیسرائیل و حەماس کوژرابوو، لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا دۆزرایەوە. تەرمی شاول و سەربازێکی دیکە بە ناوی هادار گۆلدین لە دوای شەڕی (2014) لە غەززە مابوونەوە و سەرەڕای هەڵمەتی گشتی خێزانەکانیان نەگەڕێنراونەتەوە".

ڕۆژی یەکشەممە (19-1-2025) ماڵپەڕی (نوچە نێت) بڵاویکردەوە، ئیتامار بێن گەڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل و وەزیری پارتی دەسەڵاتی جوو لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و رێککەوتینی حەماس و ئیسرائیل، دوای ئەوەی حەماس لیستی ناوی بارمتەکانی ڕادەستی حکوومەتی ئیسرائیل کرد دەستی لەکارکێشایەوە".

هاوکات پارتی دەسەڵاتی جولەکە بەفەرمی لە ڕاگەێندراوێکدا رایگەیاند، لەدوای راگەیاندنی ڕێککەوتنەکە کە سەرجەم وەزیرەکانی کابینەکە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەیان هەریەک لە بن کڤیر سەرۆکی پارتەکە و وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل و یتچاک واسەرلاوف لە وەزارەتی گەشەپێدان و نەکێڤ و جەلیل و ئەمیچای ئەلیاهۆ لە وەزارەتی میرات دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

دواخستنی ئاگربەست

دوای زیاتر لە (15) مانگ جەنگ و دوای ساڵێک بەردەوامی لە ناوبژیوانی چڕی ئەمریکا، قەتەر و میسر ڕێککەوتنی ئاگربەست واژۆ کرا، یەکەم هەنگاو نرا لە پرۆسەیەکی درێژخایەن بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ.

ڕۆژی شەممە (18/کانوونی دووەم/2025) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، نووسینگەی بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر کۆبوونەوە، حکومەتی ئیسرائیک ڕێکەوتنی ئاگربەستی، دوای زیاتر لە (15) مانگ جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس کۆتایی دێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند، "حکومەتی ئیسرائیل چوارچێوەی گەڕانەوەی بارمتەکانی پەسەند کردووە، بەیانی یەکشەممە (2025-1-19) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

جێگای ئاماژە پێدانە، سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو (2025-1-14) جارێکی تر گفتوگۆکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکردەوە، 

ڕۆژێک دواتر حەماس ڕێککەوتنی ئاگربەستی پەسەند کرد. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، ئاگربەستەکە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەم شەش هەفتە دەبێت کە تیایدا بارمتەکانی حەماس بە زیندان و دەستگیرکراوەکان لە ئیسرائیل ئاڵوگۆڕ دەکرێن، پێویستە هێزەکانی ئیسرائیل بکشێنەوە بۆ ناوچەیەکی ئارام لەناو غەزە و زۆرێک لە ئاوارە فەلەستینییەکان بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، هەروەها دەبێت یارمەتی مرۆیی بۆ ناوچە زیان پێگەیێندراوەکان  زیادبوونی زۆر بەخۆیەوە ببینێت.

لە ماوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ئەمە دووەمین جارە ئاگربەستی کاتی ڕابگەیێندرێت، بڕیارە دانوستاندنەکان لە قۆناغی دووەمی ئەم ئاگربەستە لە ماوەی دوو هەفتەدا دەست پێبکات، بەڵام پرسیاری سەرەکی و گرنگ لێرەدا کە دەکرێت بریتییە لەوەی ئایا جەنگ دوای شەش هەفتە دەستپێدەکاتەوە و چۆن نزیکەی (100) بارمتە لە غەزە ئازاد دەکرێن؟!

فەلەستینیەکان هێشتا هیوایان هەیە

دانیشتووانی فەلەستینی لە بەشێک لە شاری غەزە دەستیان کرد بە خۆشی دەربڕین و ئاهەنگ گێران و بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە بەشێک لە ناوچەکان، ئەگەرچی تۆپبارانکردنی تانکەکان لە ڕۆژهەڵات و نزیکتر لە سنووری ئیسرائیل بەردەوامە، بەڵام دانیشتووان دەڵێن خێزانەکان دەبینرێن کە بە پێ دەگەڕێنەوە.

یەکێک لە دانیشتووانی غەزە دەڵێت، دەنگی تۆپباران و تەقینەوەکان بەردەوامن، زۆر خێزانم بینیوە کە پەناگەکانیان جێهێشتووە و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، هاووڵاتییان بێ ئارامن و دەیانەوێت جەنگ کۆتایی بێت.

لێکەوتەکانی جەنگەکە

بەهۆی هێرشەکەی (7)ی ئۆکتۆبەری (2023) و بەردەوامی جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بۆ زیاتر لە (15) مانگ و بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەزە زیاتر لە (46) هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە. لە ئیسرائیلیش زیاتر لە (1,200) هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سەدان سەربازی ئیسرائیلی گیانیان لە دەستداوە.

نزیکەی (%90)ی دانیشتوانی غەزە ئاوارە بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی دەکاتەوە، سیستەمی تەندروستی، تۆڕی ڕێگاوبان و ژێرخانی گرنگی دیکە زیانی زۆریان بەرکەوتووە. دووبارە بنیاتنانەوەی لایەنی کەم چەندین ساڵ دەخایێنێت. پرسیارە سەرەکییەکان سەبارەت بە داهاتووی غەزە، سیستەمی سیاسی و هەماهەنگییەکان هێشتا چارەسەر نەکراون و بڕیاریان لێنەدراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین