هۆشداری و کاردانەوەی وڵاتان بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
نوچە نێت: تایبەت
ئا: سنوور یاسین
بەرەبەیانی ڕۆژی ڕۆژی (13)ـی حوزەیرانی (2025) فڕۆكەكانی ئیسرائیل چەندین ناوچەی سەربازیی و فەرماندەی باڵای ئێرانی كردە ئامانج، ئەمەیش كاردانەوەی هەرێمی و جیهانی و ناوچەیی بەدوای خۆیدا هێنا، وڵاتانیش بەرامبەر ئەم پێشهاتە بۆچوون و هەڵوێستی جیایان خستەڕوو.
هۆشداری لەبارەی جەنگێكی نوێی مەترسیدار دەدرێت
دوای هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكات و دەڵێت، "ئهم پێشهاتانه ئارامى و سهقامگیریى ناوچهكه ئاڵۆزتر دهكهن و دهبنه ههڕهشه له سهر ئاسایش و سهقامگیریى ناوچهیى و نێودهوڵهتى."
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند، "سهركۆنهى هێرشهكانى ئیسرائیل بۆ سهر كۆمارى ئیسلامیى ئێران و بهكارهێنانى هێزى سهربازى له یهكلاكردنهوهى ناكۆكییهكاندا دهكهین"، چونكە "ڕووبهڕووبوونهوه و ڕێكارى سهربازى، ڕهوشهكه خراپتر دهكات. لهم كاته ههستیارهدا، ئهركى كۆمهڵگهى نێودهوڵهتییه كه كاردانهوهى خێرا و بهپهلهى ههبێت و كار بۆ ئهوه بكات ئاڵۆزى و پشێوییهكان لهوه زیاتر پهره نهستێنن و تا زووتره ڕێ له تهشهنهسهندنى زیاترى دۆخهكه بگیرێت."
چەند كاتژمێرێك دوای هێرشەكە مەسعود پزیشیكان سەرۆك كۆماری ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "هەركە هێرشە تاوانكارییەكەی رژێمی زایۆنی روویدا، سەرۆککۆمار و تیمی دەوڵەت بەڕێوەبردنی دۆخەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و کۆبوونەوەی حکومەت بەڕێوەچوو."
سەرۆك كۆماری ئێران دووپاتی دەكاتەوە، كە بەئومێدی خودا، "رژێمی زایۆنی لە هەنگاوەکەی ئەمڕۆی پەشیمان دەبێتەوە."
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیێندراوەکەیدا داوا دەکات ، "بەزووترین کات ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بهێنێت، چونکە ئەگەری هەیە ململانێکان لێکەوتەی گەورەتر بەدوای خۆیدا بهێنێت."
لە درێژەی كاردانەوەكاندا، ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لە راگەیێندراوی جیادا ئەم کردەوەیەیان بە پێشێلکاریی سەروەریی ئێران و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوەکەیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکارییە لە دژی سەروەریی ئێران و یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەریتە جیهانییەکان.
بە هەمانشێوە هەر یەك لە ئێندۆنیزیا، عومان، یەمەن، ڤەنزوێلا و ژاپۆن سەركۆنەی هێرشەكەی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران كرد و هۆشدارییان لە خراپبوونی دۆخەكەدا لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی فراوان.
لە بەرامبەردا قەتەر و ئیمارات و ئوردن جگە لە سەركۆنەكردنی هێرشەكە داوایان كرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی بۆ راگرتنی بەپەلەی ئەم پێشێلکارییانەی ئیسرائیل بگرێتە ئەستۆ.
ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "هانی ئێران دەدەم دانوستاندن بکات، ئێران بەرپرسیارە لەو هێرشە بەهۆی سەرپێچی کردن لە داواکارییەکانی ئەمەریکا لە گفتوگۆکانیدا بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و داوا دەکەم بگەنە ڕێککەوتن و ڕەنگە هێرشەکانی داهاتوو لەوە توندتر بن".
لە لایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی (جەزیرە) بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد، "دانبەخۆدابگرن بۆ دوورکەوتنەوە لە کەوتنە ناو ململانێیەکی قووڵتر، ئیدانەی هەر ناکۆکییەکی سەربازی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نیگەرانە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران".
هاوکات ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، "نابێت هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکان و پێویستە هەموو لایەنەکان دان بەخۆدا بگرن بۆ ڕێگریکردن لە گرژیی زیاتر". هەروەها نیگەرانی قووڵی خۆی لەو دۆخە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، "هەر کردەوەیەکی سەربازی هەڕەشە لە سەلامەتی و ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەکات و دەرەنجامی خراپی بۆ گەلی ئێران و دەوروبەری لێدەکەوێتەوە".
هەر سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و گرژییەکانی ناوچەکە، مارک روتە، سکرتێری گشتی ناتۆ جەختی لەسەر گرنگی هەنگاوەکانی هاوپەیمانانی ئیسرائیل کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گوتی، "من لەو باوەڕەدام کە گرنگە هاوپەیمانە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەتی ئەمەریکا، کار بۆ ئاسایی کردنەوەی گرژییەکان بکەن. من ئاگادارم کە ئەوان چالاکانە لەم هەوڵەدا بەشدارن و پێم وایە دەبێت لەم کاتەدا ئەم هەنگاوە لە پێشینەی سەرەکی بێت ئەم کارەی ئیسرائیل تاکلایەنە بوو و بارودۆخەکە بە خێرایی بەرەو پێش دەچێت".
کاجا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و دەڵێت، "بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدارە، هانی هەموو لایەک دەدەم کە خۆڕاگری بکەن و خۆیان لە زیادبوونی ناکۆکی زیاتر بپارێزن و دیپلۆماسی کاریگەرترین ڕێگایە بۆ بەرەوپێشچوون لەم کاتەدا، من ئامادەم یارمەتی هەر دەستپێشخەریەکی دیپلۆماسی بدەم کە ئامانج لێی ئاسایی کردنەوەی گرژییەکان بێت".
یەکێتیی ئەفریقاش نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە هێرشەکان و زیادبوونی ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەحمود عەلی یوسف، سەرۆکی یەکێتیی ئەفریقا دەڵێت، سەرۆکی لیژنەکە داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕەکان دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ئەوپەڕی خۆڕاگری بنوێنن و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "پەرەسەندنەکان هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی".
هەر ئەمڕۆش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو جیهان".
ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایدەگەیێنێت، "حکومەتی کۆماری عێراق بە تووندی ئیدانەی دەستدرێژی سەربازی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم کارە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."
حووسییەکانی یەمەن لە تیلیگرام ڕایانگەیاند، "مافی ڕەوای تارانە بەرگری لە خۆی بکات لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پرۆگرامی ئەتۆمی خۆی پەرە پێبدات، ئێمە بە توندی دەستدرێژی دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە دەکەین".
هەر سەبارەت بە هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران حەماس لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە زیادبوونی جدی گرژییەکانە، هەڕەشە بۆ سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات."
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment