خامنەیی: دانی ئێران

نوچه‌نێت

عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی کە پێشتر ڕایگەیاندبوو بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان تاوانی گەورەیە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە حوکمی شەرعی دانی "دەنگی سپی" لە هەڵبژاردنەکاندا گوتی، ئەو جۆرە دەنگدانە حەرامە.

ڕۆژی یەکشەممە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە" بڵاوی کردەوە، ڕابەری ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی دانی "دەنگی سپی و بێ ناونیشان"، گوتی ئەگەر دانی دەنگی سپی ببێتە هۆی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامیی، حەرامە. 

دوای ڕەتکردنەوەی زۆرینەی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران و پەرەسەندنی چەندین هەڵمەتی بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان و لەوانە هەڵمەتی "دەنگ بێ دەنگ"، نیگەرانییەکان دەربارەی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. 

ئەو نیگەرانیانە تەنانەت لە ناو حه‌وت کاندیدی پەسەندکراو لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستووریشەوە دەبینرێت. عەبدولناسر هێمەتی کاندیدی نزیک لە بەرەی ڕیفۆرمخوازان لەم خولەی هەڵبژاردنەکاندا، ڕۆژی شەممە لە میانەی یەکەمین دیبەیتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کە لە دەنگ و رەنگی ئێران بڵاو بووەوە، دانی بەوەدا نا زۆرینەی خەڵکی ئێران مەیلی ئەوەیان نییە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن. 

خامنەیی لە مەراسیمی ساڵیادی مەرگی ڕوحۆڵا خومەینی، ڕابەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکانی بە "خواستی دوژمنانی ئێران و کۆماری ئیسلامیی" وەسف کردبوو و گوتبووی ئەوانەی هەوڵی بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان دەدەن خەمخۆری خەڵک نین. خامنەیی هەروەها گوتبووی پێویستە یەک بە یەکی هاووڵاتییان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن. 

ڕابەری ئێران بە نزیکبوونەوەی هەموو خولەکانی هەڵبژاردن هەوڵ دەدات هەمووان هان بدات لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن. خامنەیی لە خولی پێشووی هەڵبژاردنەکاندا ڕایگەیاندبوو: "ڕەنگە کەسێک هەبێت لایه‌نگرى کۆماری ئیسلامیی نەبێت، بەڵام خۆ لایه‌نگرى وڵاتەکەیەتی، بۆیە پێویستە هەمووان بەشداری بکەن". 

خامنەیی پێش هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی پەرلەمانی ئێرانیش گوتی، "ڕەنگە کەسێک هەبێ منی خۆش نەوێت، بەڵام ئەگەر ئێرانی خۆش دەوێت، پێویستە دەنگ بدات". 

سەرەڕای ئەوە، خامنەیی هەمیشە هەوڵی داوە بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بە نیشانەی دەنگی "ئەرێ"ی ئەوان بە کۆماری ئیسلامیی بنوێنێت. خامنەیی دوای هەڵبژاردنەکانی خولی نۆيەمی پەرلەمانی ئێران گوتی: "دەنگی زۆرینەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا، لە ڕاستیدا دەنگ بوو بۆ سیستەمی کۆماری ئیسلامیی و دەرخەری متمانەی خەڵک بە کۆماری ئیسلامیی بوو". 

یەکێک لەبەڵگەهێنانەوەکانی لایەنگرانی بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی دەنگی خەڵک بە لایەنگری لە خۆی دەزانێ و بۆ بە دەستهێنانی ڕەوایی لە ناوخۆ و دەرەوە کەڵکی لێ وەردەگرێ. جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئوسلۆ، پایتەختی نەرویج و لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکدا کە دەربارەی ناڕەزایەتی خەڵک لە حکومەت و سەرکوتکردنیان پرسیاری لێ کرد، گوتی: "ئەگەر بەو جۆرە بێت کە ئێوە دەڵێن و حکومەتی ئێمە مافەکانی خەڵک پێشێل بکات و خەڵکەکەمان سەرکوت بکات، ٧٣٪ی خەڵک دەنگیان نەدەدا". 

هەڵمەتی "دەنگ نادەم" 

لە درێژەی هەوڵەکاندا بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکەن، هەڵمەتی "دەنگ نادەم" دەستی پێکرد و کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە و چالاکانی سیاسیی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێک، داوای بایکوتکردنی چالاکانە و ئامانجداری هەڵبژاردنەکانیان کرد. 

دامەزرێنەرانی هەڵمەتی "دەنگ نادەم"، ڕایانگەیاند ئامانجی ئەوان لە دەستپێکردنی ئەو هەڵمەتە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ڕەوایی و شەرعییەتە کە لە دەستی داوە. 

بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سێزەدەیەمین خولی سەرۆک کۆماریی لە ئێران ١٨ی حوزەیران بەڕێوە بچن. ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان بە هۆی زۆری قەیرانەکان و هاوکاتبوونیان، بووەتە گرفتی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامیی. 

قەیرانی ئابووریی و گرانی و دابەزینی بەهای تمەن، قەیرانی خوپیشاندانە بەرفراوانەکانی ساڵانی ڕابردوو، گەندەڵی بەرپرسان و دامەزراوە حوکمییەکان و پەرەسەندنی قەیرانە دەرەکییەکان و لەوانە دۆسیەی ئەتۆمی بوونەتە هۆی کاڵبوونەوەی ڕەوایی و شەرعییەتی کۆماری ئیسلامیی تەنانەت لە ناو لایەنگرە پێشووەکانی خۆیدا. ڕاپرسییە فەرمی و نافەرمییەکان بە ئاشکرا پێشبینی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین