ئیسرائیل.. هاوینی داخ و ڕووداوەکانی بنکە پیشەسازییەکان لە ئێران وەرگێڕان

نوچه‌نێت

جارێکی تر گەیشتینە وەرزی "هاوینی داخ" و تەقینەوە و گڕگرتنەکان لە دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئێران دەستیان پێکردووەتەوە. هەندێ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی لەم ساڵانەی دواییدا باسی کۆتاییهاتن بە پرۆژەی "هاوینی داخ"یان کردووە. لە لێدوانەکانی هەندێ لەو بەرپرسانەدا ئەو چەمکە ئاماژەیە بۆ خۆپیشاندانەکان و لە لێدوانی هەندێکی تریاندا ئاماژەیە بۆ هەوڵی تێکدەرانە و تەقینەوە لە دامەزراوەکانی ئێراندا.

ڕۆژی یەکشەممە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئێران ڤایەر" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠ ڕووداو تۆمار کران و لە لێدوانەکاندا هەندێکیان بە ئاشکرا خرانە پاڵ ئیسرائیل و هەندێکی تر پەیوەندران بە هەوڵی تێکدەرانەی دژبەرانی حکومەتەوە. بەڵام لە کۆتاییدا بە شێوەی فەرمی هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بەو ڕووداوانە بڵاو نەبووەوە. تەقینەوەی بە کەرەسەی تەقاندنەوە، هێرش لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە و هێرشی سایبەری یان پیشەسازیی سێ بۆچوون بوون کە وەک هۆکاری ئەو ڕووداوانە باسیان لێکرا. 

زنجیرەی ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ، بە هێرشبردن بۆ سەر دامەزراوە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیان پێکرد و گەیشتنە ڕووداوەکانی لە دامەزراوە پیشەسازییەکاندا. ساڵی ٢٠١٩ بە تەقینەوەی دامەزراوەکانی خجیر و ساڵی ٢٠٢١ بە هێرشبردن بۆ سەر بنکەی  ئەتۆمی نەتەنز

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ڕووداو لە دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئێراندا هاتنە ئاراوە. هاوکات لەگەڵ کوژانەوەی ئاگرەکەی پاڵاوگەی تاران، کارگەی پۆڵای زەرەند ئێرانیان گڕی گرت. ڤیدیۆی بڵاوکراوەی ڕووداوەکەی پاڵاوگەی تاران دەرخەری تەقینەوەی ئەو پاڵاوگەیە بوو و بەرپرسانیش لە گفتوگۆ نافه‌رمییەکانیاندا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ئەو بۆچوونەیان پشتڕاست کردووەتەوە. ئەگەرچی لە لێدوانە فەرمییەکاندا ئەگەری کاری تێکدەرانەیان ڕەت کردووەتەوە. 

پێش ئەو ڕووداوەش کەشتی لۆجێستی خارک تووشی ڕووداو بوو. واتە ئەو کەشتییەی کە لە ساڵی ١٩٧٧وە لە ئێران کاری پێدەکرێت. "حسێن ئاریەن"، شرۆڤەکاری کاروباری سەربازیی، گوتوویەتی هەر کەشتییەک سیستەمی کوژاندنەوەی ئاگری هەیە و زۆر دەگمەنە کەشتییەک بە هۆی گڕگرتنی قات و تەختەبانەکەی نوقم بێت. 

ئاریەن گوتویەتی تەقینەوەیەک لە بەشەکانی خوارەوەی کەشتییەکە ڕووی داوە. هەندێکیش گوتویانە ڕەنگە تیانەی هەڵمی کەشتییەکە تەقیبێتەوە. 

"ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی"، کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییش لەو بارەوە نووسی "پرسیار و ناڕوونی زۆر سەبارەت بەو ڕووداوە تاڵە لە ئارادان و پێویستە بە خێرایی لێک بدرێنەوە و وەڵامیان بدرێتەوە". 

ئەو ڕووداوە وەبیرهێنەری شەڕی نەوتهەڵگرەکان لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدایە و ڕەنگە پەیامێک بێت بۆ کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بەوەی کە ئەگەری ڕوودانی پێشهاتی لەو جۆرە و هێرشبردن بۆ سەر کەشتی و نەوتهەڵگرەکان لە ئارادایە. 

لە مانگی حوزەیرانیشدا لە مەکۆی پیشەسازیی کیمیایی لە شاهین شاری ئیسفەهان تەقینەوەیەک ڕووی دا و ڕۆژنامەی "گاردیەن" ڕایگەیاند شوێنی ئەو ئاگرکەوتنەوە کارگەیەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە شاری ئیسفەهان بووە. 

ماوەیەکی زۆرە دوای ئەو ڕووداوانە ئیسرائیل بە ئەنجامدانییان تۆمەتبار دەکرێت. تاران و تەلئەبیب لە ساڵی ڕابردووەوە چەندین هێرشی هاوشێوەیان کردووەتە سەر یەکتری. ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" ڕۆژی ١٨ی ئایاری ٢٠٢٠ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر هێرشی سایبەری ئێران بۆ سەر تۆڕی ئاوی ئیسرائیل، هێرشێکی سایبەری بۆ سەر بەندەری ڕەجایی ئەنجام داوە. 

لە بەرانبەردا دوای هێرش بۆ سەر کەشتی ئیسرائیلی "ئێم وی هلیوس ڕێی"، "حسێن سەلامی"، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، گوتی: "یەک دوو مانگ پێش ئێستا دەرکەوت کەرتی دەریاوانی و کەشتیڕانی ئیسرائیل لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت خەسارهەڵگرە. 

پێشتریش، هێرش بۆ سەر کەشتی سەربازیی- هەواڵگریی "ئێران ساویز" خرابووە پاڵ ئیسرائیل. هەڵبەت ئەو هێرشانە جگە لەو هێرشە بەرفراوانانەن کە ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و تیرۆری زانایانی ئەتۆمی ئەنجامی داون و سەبارەت بەو هێرشانە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی ئاشکراتر دەدوێن. 

هەوڵی تێکدەرانە لە دامەزراوە پیشەسازییەکاندا

ساڵێ ڕابردوویش بە تەقینەوەی دامەزراوەی خجیر، واتە بنکەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕەقی مووشەک لە ڕۆژهەڵاتی تاران، دەستی پێکرد و دوای ئەوە چەندین ڕووداو لە بنکە پیشەسازییەکاندا ڕوویان دا. 

پیترۆکیمیای بەندەری ئیمام، فازی دووەمی پیترۆکیمیای تۆندگویان و پیترۆکیمیای کارون لەو ناوەندە نەوتییانە بوون کە تووشی ڕووداو بوون. 

بنکەی کارەبای شیراز، بنکەی زرگانی ئەهواز، بنکەی تەرەشت، بنکەی گەرمایی ئیسلام ئاوا یان عەباسپوری ئیسفەهان و بنکەی گەرمایی تەورێز ئەو بنکانەی تر بوون کە تووشی ڕووداو بوون. 

لەو نێوانەدا کارگەی بەرهەمهێنانی کەشتی لە بوشەهر، مەکۆی ئالمینیۆمی لامرد لە پارێزگای فارس و کارگەی کەلوپەلی گازیی لە فریمانی خۆراسانیش تووشی ڕووداو بوون. 

 

 

   

 

 

 

 

 

 

 

 

 

https://www.nuche.net/post-713.html

 

 

 

https://www.nuche.net/post-1375.html

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین