بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کاریگەریەکانی لەسەر ئابووری جیهان شیکاری ئابوری
گەیشتنی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار دەبێتە هۆی شەلەل بوونی پرۆسەی گەشەی ئابووری جیهان و بەرزبوونەوەی کۆرتهێنانی بودجەی وڵاتانی هاوردەکاری نەوت.

نوچەنێت

رووداوەکانی ساڵی 2020، بە کاتێکی پڕ گۆڕانکاری دادەنرێن بۆ بازارەکانی نەوت، بە تایبەت لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا بوونە هۆی گۆڕینی سەرجەم پێنوێنەکانی بازاڕ و نرخی وزە، بەڵام  لە سەرەتاییەکانی 2021 تا ناوەراستی ساڵ، کێرڤەکانی نرخی وزە بە تایبەت نەوت پێچەوانە بوونەوە و تا وەک و ئێستا لە هەڵکشان بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت ئەو بەرزبوونەوەیە لە داهاتوودا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ژمارەی پێوانیەی تۆمار بکات.

بەرزبوونە بەردەوامەکانی نرخی نەوت، جودای خستۆتە نێوان شڕۆڤەکارانی بازاری وزە، بە جۆرێک بەشێک لە ناوەندە گرنگە جیهانییەکان  بە نموونە ، ناوەندی گۆلد ساکس پێشبینی دەکات نرخی نەوت بگات بە 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە بەرامبەردا بانکی ئەمریکا پێشبینیەکانی بۆ داهاتووی نرخی نەوت ، 100 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک ، پێچەوانەی هەردوو ناوەندە ناودەوڵەتیەکان، ئاژانسی وزەی ئەمریکی  پێشبینەکانی بۆ نرخی نەوت تا کۆتای ساڵ لە نێوان 64 بۆ 68 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەیش هۆکارێکی سەرەکی لە خوێندنەوەی کاریگەریەکانی هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی نەوت بۆ سەر گەشەی ئابووری جیهانی.

 

کاریگەرییەکانی نرخی نەوت 

نرخەکانی نەوت دوای شۆکە چاوەروانەکراوەکەی نیسانی 2020، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیووە، بە جۆرێک بەراورد بە ساڵی 2018، بنرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە پێنوێنەکانی بازاڕ تۆمارکردووە، نرخی نەوتی خاو و تەکساسی ئەمریکی بە تێکڕایی ٪42 بۆ ٪48 بەرزبوونەتەوە و بە تێکرای 74 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تۆمار کراوە، ئەمەیش بەشێکی زۆری پەیوەندیدارە بە بڕیارەکانی ئۆپێک بۆ کەمکردن و زیادکردنی بەرهەمهێنان بە شێوازێکی قۆناغبەندی.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەریەکی زۆری لەسەر گەشەی خواستی جیهان بۆ نەوت و کردنەوەی کێلگەکانی نەوت و گاز دروستکرد، بە تایبەت لە وڵاتە بەرهەمهێن و بەکاربەرەکانی وەک ئەمریکا و ئەورووپا و چین. ئەمەیش هۆکار بووە لە پێشبینە ئەرێنیەکانی ئاژنسی وزەی جیهانی بۆ زیاد بوونی ڕێژەی خواستی جیهانی بە بڕی 5.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دوای ئەوە خواست لە 2020ـدا بە بڕی 8.64 ملیۆن بەرمیل دابەزی.

 وێڕای بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوت، بەڵام تۆمارەکانی خواست بەراورد بە بارودۆخی بازاری نەوت پێش سەردەمی کۆرۆنا کەمترە، بەلام ئاژانسی وزەی جیهانی پێشبینی دەکات تا کۆتاییەکانی 2022 گەشەی خواست بۆ نەوت بەرادەوام بێت و ئەگەرەکانی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار بەهێزتر بکات.

سەبارەت بە کارییگەرییەکانی بەربوونەوەی نرخی نەوت بۆ گەشەی ئابووری جیهانی، ناوەندی شیکاری ماکینز، لە توێژینەوەیەکی شیکاریدا کاریگەرییەکانی ئەو بەرزبوونەویەوە لەسەر داهاتی تاکی جیهانی و گەشەی ئابووری لە داهاتوودا دەخاتەڕوو.

لە توێێینەوەکەی ماکینــــــــــزدا هاتووە" زیادبوونی پێدانی پێکووتەی کۆرۆنا بۆتە هۆی زیادبوونی خواستی جیهان بۆ وزە و هەروەها گەشەی داهاتی هەر تاکێكی جیهانی(GDP)، بەڕێژەی ٪5 بەرزکردۆتەوە، ئەمەیش هۆکارێكی سەرەکی دەبێت بۆ بەرزبوونەی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو هەڵكشانە دەبێتە هۆی خاووبوونی پرۆسەی گەشی ئابووری جیهانی و چاکبوونەوەی بازارەکانی جیهان لە لێکەوتەکانی پەتای کۆڕۆنا".

هەروەها دەرئەنجامی توێژیەوەکە دووپاتیدەکاتەوە، کە سنوورێک بۆ سیاسەتی زیادکردنی بەرهەمی نەوت لە لەلایان بڕیاردەرانی ئۆپێک پلەسەوە هەیە، چونکە خابوونی گەشەی ئابووری جیهانی، هۆکار دەبێت لە گۆڕینی بڕیارەکانی ئەو ڕێکخراوە لە داهاتوودا.

سەرۆکی دەستەی کارێگری فۆربس (ستیڤ فۆربس)، لە بارەی گەیشتنی نرخی نەوت بە 100 دۆلار و  کاریەگەریەکانی لەسەر نرخی نەوت دەڵێت “ گەیشیتنی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار و لە ئەنجامی گەشەی خواستی وڵاتی چین و هیندستان بۆ نەوت  و هەروەها  کرانەوەی بازارەکانی ئەمریکا و ئەورووپا دەبێت، بەڵام ئەم پرۆسەیە گەشەی ئابووری جیهانی تووشی شەلەل دەکات”. 

هەروەها فۆربس وتیشی" بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیان لە بەکاربەرانی ئەمریکی دەدات، ئەمەیش واتا زیان لە ئابووری ئەمریکا ، لەو کاتەدا  بڕیارەکانی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت بۆ ڕزگارکردنی ئابووری ئەمریکا لە شۆکی نرخی نەوت"

بە گوێرەی بنەمایەکانی زانستی ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخت نەوت دەبێتە هۆی خاووبوونی پرۆسەی گەشەی ئابووری و زیادبوونی ڕێژەی هەڵئاوسان، چونکە گۆڕانکاریەکی فراوان لە نرخی کاڵا و شتوومەک روودەدات  و هەروەها بودجەی وڵاتانی هاوردەکار ڕووبەڕووی  کورتهێنانی دارایی دەکاتەوە.

ئاستەنگەکانی بەردەم بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

لە کۆتایی توێژینەوەکەیدا ناوەندی ماکینز، دوو فاکتەری سەرەکی و ڕێگر  لە بەردەم وەستانی گەیشتنی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار دەستنیشاندەکات ئەوانیش:

فاکتەری یەکەم: زێدەبوونی ڕێژەی توشبوانی وڵاتانی جیهان بە تایبەت لە وڵاتەکانی هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی، فاکتەری سەرەکین لە بەرزنەبوونەوەی خواستی جیهان بۆ نەوت بەو رێژەی کە پێشبینی بۆ کراوە، ئەمەیش هۆکار دەبێت لە نەگەیشتنی نرخی نەوت بە 100 دۆلار و لەبەرامبەردا ئاستی خستنە ڕووی نەوت زیاتر دەبێت لە ئاستی خواست.

فاکتەری دووەم: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار دەکات، بەڵام بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس بۆ زیادکردنی بەرهەم بە بڕی 5.8 ملیۆن بەرمیل لەو ماوەیەدا و هەروەها زیادبوونی یەک ملیۆن بەرمیلی تر تا کۆتاییەکانی 2021، ئاستنەگ بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دروست دەکەن، ئەمە جگە لەوەی دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی خستەنڕووی نەوت بۆ بازارەکان و کەمبوونەوەی نرخەکان، بە تایبەت ئەگەر ڕێژەی توشبوانی کۆرۆنا زیاد بکەن و خواست بۆ نەوت کەمتر ببێتەوە.

ئەم دوو فاکتەرەی کە ناوەندی ماکینز باسیان لێوە دەکات، هاوکاتە لەگەل پێشبینیەکانی ئاژانسی وزەی جیهانی بۆ نرخی نەوت. بە واتایەکی تر، بەلە بەرچاوگرتنی ئەو دوو فاکتەرە ئاستنگەی بەردەم نرخی نەوت،  مانەوەی نرخی نەوت لە نێوان 64 بۆ 68 دۆلار تا کۆتاییەکانی 2021، و جێگربوونی لە 60 دۆلار لە 2022ــدا، باشترین بژاردەی ئابووری دەبێت، بۆ پاراستنی ئابووری جیهان لە داڕمان.

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین