موجاهیدنى خه‌ڵق ئێران و ئه‌وروپا له‌ یه‌كتر تووڕه‌ ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وێرای ئیدانەکردنی بەشداربوونی سەرۆک وەزیرانی سلۆڤانیا لە رێوڕەسمی ساڵانەی رێکخراوی موجاهدینی خەلق، داوای کرد، یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستی خۆی لەو بارەوە روون بکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە ١١ی تەمووزی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "تەسنیم" بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی سلۆڤانیا لە گردبوونەوە و رێورەسمی ساڵانەی رێکخراوی موجاهدینی خەلق بەشدار بوو و قسەی کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو وڵاتە لە ئێستادا سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا دەکات، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆزێف بۆرێڵ، بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وێرای سەرکۆنەکردنی ئەو هەڵوێستەی سەرۆک وەزیرانی سلۆڤانیا، داوای کرد یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستی خۆی لەو بارەوە روون بکاتەوە. 

بەگوێرەی تەسنیم، نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە وەڵامدا رایگەیاندووە، قسەکانی سەرۆک وەزیرانی سلۆڤانیا و ئەوەی لەو رێورەسمەدا گوتراوە، هەرگیز هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ئێران نییە. 

سه‌رۆكێكى ئه‌وروپا له‌ رێوڕه‌سمى ساڵانه‌ى موجاهیدینى خه‌ڵق به‌شدار ده‌بێت

بۆرێڵ ده‌شڵێ ،  هەڵوێستەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ئاستی سەرۆکانی ئەو یەکێتییە تەنیا لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەن و لە ئاستی وەزیرەکاندا  تەنیا لە لایەن نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاوە رادەگەیێندرێن، بۆیە قسەکانی سەرۆک وەزیرانی سلۆڤانیا بە هیچ جۆرێ هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا نین. 

شایانی ئاماژەیە، هەر دوێنێ (یەکشەممە)، کریستینا رادی، باڵوێزی سلۆڤانیا لە تاران، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرا و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێرای دەربڕینی ناڕەزایی توندی خۆیان، داوایان کرد، دەوڵەتی سلۆڤانیا بە خێرایی لەو بارەوە روونکردنەوە بدات.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" لە رێورەسمی ساڵانەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی خۆڕاگری ئێران کە ماوەی سێ رۆژی خایاند و بەشداربووان بە شێوەی ئۆنلاین قسەیان دەکرد، جگە لە مریەم ڕەجەوی رابەری ئەو ئەنجوومەنە، مایک پەمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، رۆبێرت مەندز سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، کوین مەککارتی رابەری کۆماریخوازەکانی کۆنگرێس، تد کروز سیناتۆری کۆماریخواز و هەروەها یانس یانشا سەرۆک وەزیرانی سلۆڤانیایش قسەیان کرد. 

لەو رێورەسمەدا کە لەژێر ناوی "کۆبوونەوەی جیهانیی ئێرانی ئازاد" بەڕێوە چوو، لایەنگرانی رێکخراوی موجاهدینی خەلق و ئەنجوومەنی نیشتمانیی خۆڕاگری لە بەرلین و شوێنەکانی تر کۆ بوونەوە. 

ئەنجومەنی نیشتمانیی خۆڕاگری، هاوپەیمانێتییەکی سیاسیی نێوان چەند گرووپ و حزبی دژبەری کۆماری ئیسلامییە و موجاهدینی خەلق سەرەکیترینیان بە هەژمار دێت. 

لەو کۆبوونەوەدا، مریەم رەجەوی گوتی: "رەئیسی بەرپرسی کوشتنی هەزاران زیندانی سیاسییە لە ساڵی ١٩٨٨دا". 

لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا، بە فەرمانی روح اللە خومەینی، رابەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی، هەزاران زیندانی سیاسیی بە نهێنی لەسێدارە دران. زۆربەی لەسێدارەدراوان، ئەندام و لایەنگری رێکخراوی موجاهدینی خەلق و هەروەها گرووپ و حزبە چەپەکان بوون. 

یانس یاشا، سەرۆک وەزیرانی سلۆڤانیا، لەو کۆبوونەوەدا گوتی: "جیهان بۆ نزیکەی ٣٣ ساڵە، کوشتنی هەزاران زیندانی سیاسیی لە کاتی رەشکوژییەکانی ساڵی ١٩٨٨ی پشتگوێ خستووە". 

هەروەها گوتی: "پێویستە ئەوە بگۆڕدرێت. کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەیەکی گرنگی هەیە بۆ روونکردنەوەی رەشکوژییە سامناکەکەی ساڵی ١٩٨٨. ئەو بابەتە، با تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە کە سەرۆکی داهاتووێ ئێران ئیبراهیم رەئیسییە، کە بە هۆی ئەو رۆڵەی لەو رەشکوژییەدا هەیبووە، لە لایەن رێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتی تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی، گرنگی زیاتری هەیە". 

لەو کۆبوونەوەدا، مایک پەمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێرانی بە "شانۆ"یەک وەسف کرد کە هەموو جیهان سەیریان کرد. 

پەمپیۆ گوتی، کۆماری ئیسلامی حکومەتێکە کە  خامنەیی، ئیبراهیم رەئیسی و سوپای پاسداران بەڕێوەی دەبەن. پەمپیۆ حکومەتی ئێرانی بە "ستەمکاری ئایینی" و "گەندەڵ" ناو برد. پەمپیۆ جارێکی تر بە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە و کوشتنی سەدان کەس، رەخنەی لە ئێران گرت و گوتی، ئەوان "خۆیان بە بەرپرسیار نازانن". 

پەمپیۆ لە درێژەدا، رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی نوێنەری خامنەییە، نەک ئەوەی نوێنەرایەتی خەڵک بکات. 

پێش ناڕەزایی دەربڕینی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو گردبوونەوە، گوتی: "سیاسەتوانانی خۆفرۆشی رۆژئاوا، و لەوانە پەمپیۆ، کە شانازی بە درۆزنی، ساختەکاریی و دزیکردن دەکەن، خۆیان بە نرخێکی کەم فرۆشتووە و لە شانۆیەکدا بەشدارییان کردووە کە ئەوروپییەکان میواندارییان دەکەن و لە لایەن گرووپێکی تیرۆریستییەوە بەڕێوەچووە کە سەردەمانێک سەدام حوسێن، کە دەستی لە رشتنی خوێنی هەزاران هاووڵاتی ئێران تلاوە، پاڵپشتی لێ دەکردن". 

ئێران موجاهدینی خەلق بە گرووپێکی تیرۆریستی دەناسێنێت. ئیدارەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢ و لە سەردەمی باراک ئۆبامادا، ئەو گرووپەی لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەرهێنا. 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین