ئەمریکا: بە وردی چاودێری رووداوەکانی ئێران دەکەین ئێران

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکانی ناوچە عەرەبنشینەکانی ئێران دەچنە ناو حەوتەمین رۆژ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، بە وردی چاودێری ئەو خۆپیشاندانانە دەکات و لە مافی گەلی ئێران بۆ کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە و دەربڕینی بیروبۆچوونەکانیان پشتیوانی دەکات.

ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "ئەلعەرەبیە" بڵاوی کردەوە، لە میانەی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی دوێنی (چوارشەممە)، ند پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند: "ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی پارێزگای خوزستانی ئێران دەکەین، و لەوانە ئەو راپۆرتانەی کە سەبارەت بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندەران بڵاو بوونەتەوە". 

پرایس گوتیشی: "ئێمە پاڵپشتی مافی هاووڵاتییانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە و دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیان دەکەین. هاووڵاتییانی ئێران، وەک هەموو خەڵکی جیهان، دەبێ بەبێ ترس لە بەکارهێنانی هەر جۆرە توندوتیژییەک، و بەبێ ترس لە دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەو مافەیان پێ بدرێت. ئێمە بە وردی بەدواداچوون بۆ رووداوەکان دەکەین". 

خۆپیشاندانەکانی خوزستان، حەوت رۆژ پێش ئێستا، بە هۆی قەیرانی بێ وێنەی بێئاوی دەستیان پێکرد. هێزە ئەمنییەکان، هێزەکانی سوپا و بەسیج بە توندی خۆپیشاندەرانیان سەرکوت کرد. لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندەران، ژمارەی کوژراوان تا ئێستا گەیشتووەتە شەش کەس و ژمارەیەکی زۆریش بریندار کراون. 

بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتی خۆپیشاندەران لە پارێزگای خوزستان، دانیشتوانی پارێزگاکانی تری ئێرانیش پاڵپشتی خۆیان لە دانیشتوانی ئەو پارێزگایە دەربڕیوە و لە دژی کۆماری ئیسلامی و رابەری ئێران دروشمیان گوتەوە. خۆپیشاندانەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی هێشتا لە خۆزستان و پارێزگاکانی تری ئێران بەردەوامن. 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین