نەوت و گاز، رووسیا و هیندستان زیاتر لێک نزیک دەکاتەوە ئابووری جیهان

نوچەنێت

ڕووسیا گەورەترین وەبەرهێنی نەوت وگازی هیندستانە و قەبارەی هاوکاریەکانیان بە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا، هیندستان ببێت بە کڕیاری یەکەمی وزەی رووسیا.

هیندستان لە پێناو زیادکردن و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی نەوت وگاز، هەماهەنگی زیاتر لەگەل وڵاتی رووسیا دەکات. قەبارەی وەبەرهێنانی نەوت و گاز لە نێوان هەردو وڵات بە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت و ڕووسیا گەورەترین وەبەرهێنی سەرەکی نەوت وگازی هیندستانە.

لەبارەی هەماهەنگیەکانیان، وەزیری نەوتی هیندستان، هاردیب سینگ بوری، پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری وزەی ڕووسی نیکولای شولجیونف ئەنجامدا و هەماهەنگی دوو لایەنەی وڵاتەکانیان لە بواری نەوت و گاز بڵاو کردەوە.

هاردیب سینگ بوری وتی" ڕووسیا گەورەترین وەبەرهێنی نەوت و گازی هیندستانە"

هەروەها وتیشی" لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، پرۆژەکانی داهاتووی نێوان ڕووسیا و هیندستان تاوتێکران و لە ماوەیەکی نزیک دا کۆمپانیاییەکانی هیندستان کاری وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی رووسیا دەکەن و گازی سروشتی رووسیا هاوردە دەکەین".

لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی نەوتی هیندستان ڕایگەیاند"  هیندستان کار بۆ هاوردەکردنی گازی رووسیا دەکات، هاوکات  پەرپێدانی ناوچەکانی سیبیریا و و جەمسەری باکوور، کاری لە پێشینەی ئێمەیە لەگەڵ ڕووسیا".

هیندستان بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی وزە، پشت بە هاوردەکردنی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت، بەڵام لە ماوەی رابردوودا کار بۆ فرەچەشنکردنی هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیا و ئەمریکا دەکات. ئامانجی سەرەکی هیندستان لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ رووسیا، بەشداری ئابووری هیندستانە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا، بە تایبەت دوای سەردانیکردنی سەرۆکی هیندستان بۆ ناوچەی Vladivostokــی ڕووسی و پێدانی قەرزێک بە بری ملیار دۆلار  و هەروەها کردنەوەی ڕێرەوی  دەریای نیوان Vladivostok و Chennai، دوای ئەو ڕێککەوتنە پێشبینی دەکرێت، کاتی گواستنەوەی کاڵای بازرگانی نێوان رووسیا و هیندستان بەرامبەر بە ڕێگای ئەورووپا لە 40 رۆژ بۆ 24 ڕۆژ کەمببێتەوە.

ئەمە جگە لەوەی پێشبینی دەکرێت، لە داهاتوودا رووسیا ببێت بە دابینکەری سەرەکی وزەی بازارەکانی هیندستان، لەسەرجەم جۆرەکانی وزە، ئەمەیش دوای واژووکردنی رێککەوتنی نیوان مۆسکۆ و نیودلهی دێت لە بواری هاوردەکردنی خەڵووزی رووسی.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین