ئەمریکا کار بۆ تەواوکردنی پرۆژەی هێڵی گازی عەرەبی لە لوبنان و میسڕ دەکات ئابووری جیهان

نوچەنێت

بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی حکوومەتی لوبنان سەبارەت بە بەڵێنەکانی واشنتۆن و چارسەرکردنی کێشەی کارەبای لوبنان لە ڕێگەی دابینکردنی گازی سروشتی وڵاتی میسر، دەرگای گۆڕانکاری تازەی لە هاوکێشە سیاسی و ئابووریەکانی هێڵی گازی عەرەبی کردەوە و زەنگی گۆرانکاریە تازەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەبارەت بە سیاسەتی نوێ ئەمریکا لە ناوچەکە لێدا.

میشال و عۆن سەرۆکی لوبنان و دوروسی شیا باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیروت،کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزی ئەمریکا بڕیاری ئیدارەی بایدنی بۆ هاوکاریکردنی لوبنان و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای وڵاتەکەی بە سەرۆکی لوبان ڕاگەیاند.

پێشنیار و بڕیاری ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای لوبنان، دابینکردنی وزەی کارەبای وڵاتی ئوردنە لە رێگەی سووریا وهاوکات  دابینکردنی گازی ولاتی میسڕە بۆ ئوردن لەپێناو دابینکردنی کارەبای خوازراوی لوبنان و بەستنەوەی تۆڕەکانی کارەبای لوبان و ئوردن.

لەو بارەیەوە بالیۆزی ئەمریکا بە سەرۆکی لوبانی ڕاگەیاند" ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی گازی میسڕ بۆ ئوردن لە رێگەی سووریاوە و لەوێشەوە بۆ باکووری لوبنان دەبێتە هۆی  چارەسەرکردنی کیشەی کارەبای لوبنان"

هەروەها وتیشی" لە دانوستانی بەردەوامداین بۆ دابینکردنی قەرزێکی ناودەوڵەتی بۆ پێدانی شایستەی دارایی گازی میسڕ و چاککردنەوەی بۆڕیەکانی گواستنەوەی گازی میسڕی و تۆرەکانی کارەبای ناوچەکە".

بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بە کێشەی بەردەم کەرتی کارەبای لوبنان دادەنرێت، نەبوونی وێستگەی کارەبایی لوبنانە کە بە گاز کار بکات، بەڵکو ئەو وێستگەیانەی کارەبای کە هەن، بە نەوتی زەیتی قورس کار دەکەن، ئەمەیش هۆکار بوو لە بەردەم حکوومەتی لوبنان بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنی هاوردەکردنی گازی قورسی عێراق بۆ لوبنان و لەبەرامبەردا پێدانی پێداویستی پزیشکیە بۆ حکوومەتی بەغدا.

بە گوێرەی دواین ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای لوبنان، تەنیا 4 وێستگەی وڵاتەکە دەتوانن بە گازی سروشتی کار بکەن، ئەوانیش: وێستگەکانی الزهراني ودير عمار، کە توانای بەرهەمهێنای 1000 مێگاوات کارەبایان هەیە و لە بەرهەمهێنانی کارەبادا گازی ونەوت و وزەی سوور بەکار دەبات. هەروەها وێستگەکانی ذوق 2 وجيه 2، توانای بەرهەمهێنانی 198 مێگاوات و 78 مێگاوات کارەبایان هەیە، ئەو وێستگانەش دەتوانن بە گازی سروشتی کار بکەن، واتە بەشی زۆری کارەبای لوبنان کە بەرهەمدێت لە ڕێگەی وزەکانی ترەوەیە نەک گازی سروشتی. کەواتە ئامانجی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی لوبنان، چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا نیە، بەڵک و ئاماناجە شاراوەکە تەواوکردنی هێڵی گازی عەرەبییە، بۆ گواستنەوەی گازی وڵاتی میسر بۆ لوبنان، ئەو‌ هێڵە دەبێتە  هۆی بەستنەوەی ناوچەکانی وزەی میسر بە ئوردن و سووریا وعێراق.

لەو بارەیەوە راوێژکاری سیاسەتی وزە و کارەبا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێسیکا عوبێد دەڵێت" ئامانجی بەیاننامەی ئەمڕۆی حکوومەتی لوبنان و ئەمریکا، دووبارە کارکردن و تەواوکردنی پرۆژەی گازی عەرەبیە بۆ بەیەکبەستنەوەی میسر و ئوردن و سووریا وعێراقە".

هەروەها وتی" وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای لوبنان لە ئێستادا بە گازی سروشتی کار ناکەن، بەلام لە داهاتوودا دەتوانڕیت ئامادە بکرێن بۆ کارکردن بە گازی سروشتی".

ئەم گۆرانکاریانەی ناوچەکە لە کاتێکدان، دوای رێكکەوتنی نێوان لوبنان و عێراق، بە هەناردەکردنی نەوتی قورسی عێراق بۆ بازارەکانی لوبنان، دەزگای نوچە لە رێگای ڕاپۆرتێکی شیکاری ئابووریدا، ئامانجە شاراوەکەی ئەو رێککەوتنەی بڵاوکردەوە و ئامانجەکەی بە  پلانی ئێران بۆ دەستکەوتنی دراوی دۆلار و بەرهەڵستیکردنی پلانی ڕۆژئاواییەکان ناوزەند کرد، بە تایبەت لە بەکارهێنانی عێراق وەک پردێکی گەیاندنی ئەو هاوکارییە بۆ سووریا و لوبنان و پارەدارکردنی چەکدارەکانی.

لە ماوەی رابردوودا، میسڕو عێراق و ئوردن لە پێناو دووبارە تەواوکردنی هێڵی گازی عەرەبی رێککەوتن، ئامانجیان لەو ریککەوتنە هەناردەکردنی گازی وڵاتی میسرە بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵاتانی عەرەبییە( ئوردن، لوبنان، سووریا)، دواتریش بۆ بازرەکانی ئەووروپایە لە رێگای تورکیاوە.

هێڵی گازی عەرەبی بە درێژی 1200 کیلۆمەتر و گوژمەی 1.2 ملیار دۆلار، بە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی ئەمریکا وئەورووپا دادەنریت بۆگواستنەوەی گازی میسر بۆ بازارەکانی ئەورووپا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی ڕووسیا، بەلام دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی لە 2011ــدا، تەنیا بەشێکی لێ تەواوکراوە، چونکە بەهێزبوونی دەستەڵاتەکانی رووسیا و ئێران لە سووریا و لوبنان،  ئاڵنگاری زۆر لەبەردەم شادەمارەکانی گواستنەوەی وزەی ڕۆژهەڵاتی  دەریایی سپی ناوەڕاست  دروست کردن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین