بۆ دووه‌م جار  پاسداران هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵات ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

به‌رپرسێكى سوپاى پاسدارانى ئێران داوا ده‌كات هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربكرێت و ده‌شڵێ، "چه‌ندان جار ئه‌وه‌مان به‌ به‌رپرسانى هه‌رێم راگه‌یاندووه‌" ئه‌مه‌یش دووه‌م هۆشدارى سوپاى پاسداران ده‌بێت كه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكدا به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌درێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هه‌شتى ئه‌یلوول محه‌مه‌د ته‌قى به‌رپرسى باره‌گاى حمزه‌ى سوپاى پاسداران له‌ لێدوانێكى كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسى فارس بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات و به‌ "تیرۆریست" ناویان ده‌بات و ده‌ڵێ، "پێویسته‌ له‌ هه‌رێمى باكوورى عێراق ده‌ربكرێن و ئه‌مه‌یش بابه‌تێكه‌ چه‌ندان جار به‌ به‌رپرسانى هه‌رێممان راگه‌یاندووه‌".

دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ هێزه‌كانى ئێران مافى خۆیان وه‌ڵامى هه‌ر هه‌نگاوێكى ئه‌و هێزانه‌ دژ به‌ ئێران بده‌نه‌وه‌. له‌ماوه‌ى سێ رۆژدا ئه‌مه‌ دووه‌م هه‌ڕه‌شه‌ى سوپاى پاسداران ده‌بێت.

رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو شه‌شى ئه‌یلوول محه‌مه‌د پاكپوور به‌رپرسى هێزى وشكانى سوپاى پاسداران له‌ لێدوانێكى بۆ ئاژانسى ته‌سنیمى سه‌ربه‌ سوپاى پاسداران رایگه‌یاند، " "ده‌بێت حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان رێگه‌ به‌ تیرۆریسته‌كان نه‌ده‌ن هاموشۆ بكه‌ن و باره‌گا له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ دروست بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و جۆرێ له‌ ناسه‌قامگیرى دژ به‌ ئێران به‌رپا بكه‌ن، هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌وا پێچه‌وانه‌ى دراوسێیه‌تى باش و په‌یوه‌ندى چاكى نێوا هه‌ر دوو وڵاته‌یە".

پاكپوور له‌ لێدوانه‌كه‌ى ده‌شڵێ، "به‌هۆى بارودوخى ناوچه‌كه‌ و ئه‌گه‌رى وه‌ڵامدانه‌وه‌یان له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌، داوا له‌ دانیشتووانى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ باره‌گاى ئه‌و گرووپانه‌ دوور بكه‌ونه‌وه".

حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان وه‌ڵامى لێدوانه‌كه‌ى پاكپووریان دایه‌وه‌ و له‌وانه‌ حه‌مه‌ نه‌زیف قادرى ئه‌ندامى ده‌فته‌رى سیاسى حدكا له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ هێزه‌كانى ئێران هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆنى ئێران ده‌كه‌ن و گوتیشى، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران به‌ جددى وه‌رده‌گرین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین