ئێران لەبارەی حزبەکانی رۆژهەڵات داوایەک ئاراستەی بەغدا و هەولێر دەکات

0

نوچەنێت: ئاژانسەکان

سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران داوا لە بەغدا و هەرێم دەکات ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رادەستی ئێران بکاتەوە. لەبارەی موشەک بارانی حدک و حدکا دەشڵێت “بە هەموو ئامانجەکانمان گەیشتین”.

ئەم لێدوانەی باقری دوای هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەردوو بارەگای حیزبی دیموکرات (حدک، حدکا) دێت، کە رۆژی شەممە (٨-٩-٢٠١٨)، لە کۆیە لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کران و لە ئەنجامدا ١٧ کەس گیانیانلەدەستدا و زیاتر لە ٤٠ کەسیش برینداربوون.

محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە باشووری کوردستان جێگیرن، رادەستی ئێران بکاتەوە، ئەگەریش ناتوانن ئەو کارە بکەن دەبێت دەریان بکەن.

سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند “حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵێنیان دابوو ئۆپەراسیۆن ئەنجام نەدەن، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە بەڵێنی خۆیان شکاندووە و ئەمەش چیدیکە جێگەی ئارام گرتن نییە”.

باقری سەبارەت بە هێرشە موشەکییەکەی رۆژی شەممە بۆ سەر بارگەکانی هەردوو حیزبی دیموکرات، دەڵێت “بە هەموو ئامانجەکانمان گەیشتین”.

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران گوتیشی، رێگە نادەین بێنە نێو خەڵک و وڵاتی ئێمە و بەرەنگاری ریشەی پیلانەکان دەبینەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com