جارێکى دیکە گومانەکان لە سەر مردنی تورگوت ئۆزاڵ سەر هەڵدەداتەوە شیکاری

نوچە نێت

ئامادەکردنى: دنیا ئەحمەد

لەگەڵ ڕاگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتى کرێکاران، گومانی ژەهرخوارکردنی تورگوت ئۆزاڵ سەرهەڵدەداتەوە، ئەحمەد ئۆزاڵ کورە گەورەی تورگوت ئۆزاڵ دەڵێت، "بە ئەگەری زۆرە مردنى باوکم بۆ چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگە چارەی ئاشتیانە دەگەڕێتەوە."، ڕۆژنامەنوسێکی تورکیاش دەڵێت، "من وەک شایەتحالێکی ئەو سەردەمە کە ئێستادا لە ژیاندام چەند چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ ئۆزاڵ کردووە، ئۆزال بەهۆی نەخۆشی و خوی خواردنی زۆرەوە مردووە."

لە کۆنگرەی (12)ـی پەکەکە بڕیاری و خۆهەڵوەشاندنەوەی و چەکدانانی دا، لەکاتی ڕاگەیاندیێندراوی کۆنگرەکە هاتووە کە لە (12)ـی ئایاری (2025) بڵاوکرایتەوە، ئاماژە مردنى تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەهەمین سەرۆک کۆماری تورکیا  دەکات، لە ساڵی (1993) بە مردنى پڕۆسەى ئاشتى کۆتایی هات.

لەدوای ئەمە لە تورکیا چەند پرسێک سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستبردن بۆ چارەسەری پرۆسەی ئاشتی هاتۆتە ئاراوە، یەکێک لەمانەش مردنی گوماناوی تورگوت ئۆزال بوو کە سێ ڕۆژ دوای ئەوەی باسی چارەسەری پرسی کورد کرد بە شێوەیەکی گوماناوی لە (17ی نیسانی ساڵی 1993) لە سەردەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، دوای گەشتێکی (12) رۆژی بۆ پێنج وڵات، کۆچی دواییکرد.

هەرسەبارەت بەو پرسە ئەحمەد ئۆزاڵ کورە گەورەی تورگوت ئۆزاڵ دەڵێت، "باوکم بە ئەگەری زۆرە بۆ چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگە چارەی ئاشتیانە کوژرا بێت." ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەر لە مردنی گوماناوی باوكی دوو لە هاوکارە نزیکەکانی باوکی هەریەک لە ئۆغڵو موجور و ئەشرەف بەدیسی بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێل و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە گیانیان لەدەستداوە.

ئەحمەد ئۆزاڵ سەرنج دەخاتە سەر ئەوە، کە سێ رۆژ بەر لە مردنی گوماناوی باوکی، تورگوت ئۆزاڵ پێی گوتووە، کە خۆی رووبەڕووی مەترسیەکی سیاسی گەورە دەکاتەوە، چارەسەرکردنى ململانێی پەکەکە و پرسی کوردە لە تورکیایە.

کورەکەی ئۆزاڵ لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ئاشکرای دەکات، کە لەدوای لێکۆڵینەوەکان لە گیانلەدەستدانی باوکی پزیشکەکان پێیان راگەیاندووە کە چوار جۆر ژەهر لە جەستەی باوکیدا بووە، بەڵام ژەهراوی نەکراوە.

هەر سەبارەت بەو پرسە ماڵپەڕی (گەل) بڵاوی کردەوە، ئوگور دۆندار ڕۆژنامەنوسی بە ناوبانگی تورکیا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی گوماناوی تورگوت ئۆزاڵ بە بانگەشەی پەکەکە ناودەبات و لەبارەیەوە دەڵێت، "من وەک شایەتحالێکی ئەو سەردەمە کە لە ژیان دام چەند چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ ئۆزاڵ کردووە  ئۆزاڵ بەهۆی نەخۆشی و خواردنی زۆرەوە مردووە و ئەو یەکەم کەس بوو نەشتەرگەری لە تورکیا دڵی بۆ کرا و بەهۆی جەڵتەی دەڵەوە گیانی لەدەستدا."

ئەو ڕۆژنامە نووسە ئاماژە بەوەشدەکات، "نەشتەرگەریەکە ئۆزاڵ لەلایەن دکتۆر مایکل دیباکیە کراوە، هەروەها دکتۆرەکە هۆشداری پێدا کە دەبێت کێشی خۆی دابەزێنێت، فشاری خوێنی زۆرە و دایتێکی باشی خۆی بکات."

دۆندار دەشڵێت، "رۆژێک من و ئێرتوغولی ڕۆژنامەنووس لە کەنداوی ئۆکلوک کە شوێنی نشتەجێی سەرۆک کۆمار بوو بەمەبەستی چاوپێکەوتنێک لەگەل سەرۆک کۆمار چووینە ئەو شوێنە، لەلایەن خێزانەکەیەوە نانی نیوەڕۆمان بۆ ئامادەکرا، بەڵام بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ڕۆن من چەند ڕۆژێک بوو دڵە کزەم گرتبوو."

ئەو ڕۆژنامە نووسە زیاتر ئاشکرای دەکات، "سەرۆک کۆماریش بەمشێوەیە ژەمە خواردنی دەخوارد و گرینگی بە خۆی نەدەدا، کەباسی ئەم شتەش دەکەم خۆم لەوێ ئەمەم بینی و لەوێ بووم، ئۆزاڵ بەرلە مردنی سەردانێکی بۆ کۆمارە تورکیەکان کرد، لەوشوێنەش تەنیا گۆشتیان پێشکەش کردبوو، لەدوای ئەمەش گەراوە بۆ تورکیا خۆشی زۆر ماندوو سەرقاڵ بوو لەگەڵ کارەکانی، لەدوای مردنیشی زۆر لێکۆڵینەوەى لەسەر کرا، چەندین تێست بۆ دەرەوەی وڵات ناردرا و لە تورکیاش زۆر گومان دروستبوو کە ئایا تیرۆرکراوە وبە رێگەی ژەهرخواردن ییاخود نا. بەڵام من لەبارەی مردنی ئۆزاڵەوە پشت بەستن بە چەند زانیارییەک و لێکۆڵینەوەیەکم دەرکەوت ئەو بەهۆی جەڵتەی دڵ و قەلەوی و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن کۆچی دوایکردووە."

دوا بەدوای دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشنیاری بۆ کرد کە بێتە پەرلەمانی تورکیا داوای چەکدانای پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە بکات، لەدوای ئەم هەنگاوە پرۆسەی ئیمراڵی دەستیپێکرد و بە بریاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پرۆسەکە بەردەوامە.

هەروەها هەر سەبارەت بە تیرۆرکردنی ئەو کەسانەی دەست بۆ پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا دەبەن، گومانێکی تر بڵاوکرایەوە سەبارەت بە مردنی سری سورەییا ئۆندەر جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی  کە گوایە هەوڵی تیرۆرکردنی درابوو، لەوبارەیەوە دەم پارتی لە ڕاگەیێندراوێکدا رایگەیاند، " بە پێویستمان زانی هەواڵەکە پشتراست بکەینەوە کە لە دووی نیسانی ئەم ساڵ یەکێک لە کارمەندەکانی ئۆندەر هەستی بە دەنگێکی نامۆ لە نێو تایەی ئۆتۆمبێلی ئۆندەر کردووە کە خۆی شوفێری دەکات لەدوای بردنی بۆ خزمەتگوزار دەرکەوت کە پارچە ئاسنێکی تیژ لە تایەی دراوە بۆ ئەوەی بتەقێت."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئۆندەر لەدوای ئەم رووداوە دەستەی گشتی پارتەکەمانی لێ ئاگادار کردەوە و بۆ ئەوەی لێکۆلینەوەی تەواوی بۆ بکرێ، هەروەها بە بەڵگەش لایەنی دەسەڵاتمان لێ ئاگادار کردۆتەوە."

ئاماژە بەوەشکراوە، سەبارەت بەم پرسە خودی ئۆندەریش بەدواداچوونی بۆ کرد بەڵام بەهۆی هەستیاری بابەتەکە لەم کاتەدا نەیویست بەڕایگشتی رابگەیێندرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار هیچ جۆرە ئەنجامێکمان بەدەست نەگەیشتووە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە ڕووداوە.

لەدوای بڵاوکردنەوەی مردنى ئۆندەر هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد کە ئەویش بەهەمان شێوە هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و گوتی ، "لەو کاتەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگیری میت بووم چەند مادەیەکیان دەرخوارد دابووم پێکهاتبوو لە "ئارسنیک و جیوە و قورقوشم" ئەمەش لە پشکنینەکان دەرکەوت و بۆماوەیەک چارەسەری پێویستم وەردەگرت،"

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵیت، ئەو ڕووداوە نزیکەی (4 ـ 5) ساڵ پێش ئێستا روویداوە، بەڵام بەڕای گشتیمان ڕانەگەیاندووە و ئێمە بەردەوام رووبەڕووی تیرۆرکردن دەبینەوە ئەمە بەشێکە لە شەڕکردن بەرامبەر بە ئێمە. هەروەها لەبارەی کێ ئەو کردەوەی بەرامبەری کردووە هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردوو ناوەی کەسەکەی بەنهێنی هێشتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین