ئەمریکا سێ هاووڵاتی ئێران لە لیستی گەمارۆکان دەردەهێنێت ئێران

نوچه‌نێت

وەزارەتی گه‌نجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سزاکانی سەر سێ هاووڵاتی ئێرانى بە ناوەکانی بێهزاد دانیێل فێردەوس، مێهرزاد مانویل فێردەوس و محەمەد رەزا دزفولیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

رۆژی هەینی دووی تەمووز، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بڵاوی کردەوە، سەرەڕای ئەو هەنگاوەی ئەمریکا، ئەو راگەیێندراوە جەخت دەکاتەوە سیاسەتی گەمارۆکان لە دژی ئێران نەگۆڕدراوە و رەشکردنەوەی ناوی سێ هاووڵاتی ئێران لە لیستی گەمارۆکان، پەیوەندی بە گفتوگۆکانی ڤیێناوە نییە.

جێگای ئاماژەیە، مانگی رابردوو، مەحموود واعزی، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران، گوتبووی، ئەمریکا رازی بووە هەموو گەمارۆکانی سەر سێکتەرەکانی نەوت و کەشتیوانی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێرای رەتکردنەوەی ئەو قسانەی سەرۆکی نووسینگەی رۆحانی، جەختی کردەوە، هێشتا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر بەرپرسان و کۆمپانیاکانی ئێران، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، چەندین جار رایانگەیاندووە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان گەیشتوونەتە رێککەوتن. حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە، لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ سەرەکییەکان رێککەوتن کراوە و ئێران تەنیا چاوەڕانی رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەڵوەشاندنەوەیانە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین