هەناردەکردنی نەوتی عێراق 3 ملیۆن بەرمیلی تێپەراند کوردستان- عێراق

نوچەنێت

ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا بە بڕی 136 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ 3.054 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەزربوویەوە و حکوومەتی بەغدا هەر بەرمیل نەوتێکی بە تێكرایی 69 دۆلاری ئەمریکی فرۆشتووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق، دواین ئامارەکانی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی لە مانگی ئابدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند"  ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازارەکانی دەرەوە 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا تێپەڕاند".

بەراورد بە مانگی تەمووز، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە 2.918 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ 3.054 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرزبوویەوە، بەڵام لە مانگی ڕابردوودا عێراق هەر بەرمیل نەوتێکی بە 71 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام لە ئابدا نرخی هەر بەرمیل نەوتێک تەنیا 69 دۆلار بووە

لەڕاگەینراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، بەغدا  لەمانگی ئابدا، بڕی 94 ملیۆن و 660 هەزار و 239 بەرمیل نەوتی  بە داهاتی 6 ملیار و 553 ملیۆن و 142 هەزار دۆلار فرۆشتووە.

هەرچەندە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە بڕی 136 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، بەڵام بە هۆی نزمبوونەوەی نرخەکانی نەوت، تەنیا 19 ملیۆن دۆلار چۆتە سەر کۆی داهاتە نەوتیەکانی مانگی ئابی 2021، بەراورد بە 6 ملیار و513 ملیۆن دۆلار و 792 دۆلاری داهاتی مانگی تەمووز.

ئاستی نەوتی هەناردەکراو پشکی شێری لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بووە، کە بڕەکەی 91 ملیۆن و 655 هەزار و 930 بەرمیل نەوت بووە، هاوکات ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانی کەرکوک هەناردە کراوە  تەنیا 3 ملیۆن و 4 هەزار و 309 بەرمیل نەوت بووە لە مانگێکدا.

وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتیکردەوە ئەو نەوتەی هەناردەکراوە، نرخی نەوتی مانگانەی 69 دۆلاری بۆ ئەژمار کراوە، نەک گۆرانکاری نرخی نەوتی ڕۆژانە.

بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی لە کاتێکدایە، بەهۆی بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس و زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان، وڵاتی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ئاستی بەرهەهێنانی نەوتی بە گوێرەی بڕیاری ئۆپێک پلەس بەرزکردۆتەوە، بەڵام  تا کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئۆپێک پلەس، داهاتووی  بازارەکانی نەوت بە نادیاری ماونەتەوە.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین