ئێران چیتر نەوت نافرۆشێت ئابووری جیهان

نوچەنێت

دوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئییسی و سیاسەتی نوێ سەرۆک کۆمار، حکوومەتی ئێران بیر لە کەمکردنەوەی فرۆشتنی نەوت و گرنگیدان بە بەرهەمە پترۆکیمیاویەکان دەکاتەوە. ئامانجی ئێران دەرباس بوونە لە سزایە ئابووریەکان و راکێشانی پارەی زیاتر بۆ ناو بازارەکانی، هاوکات بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتی چین، کار بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی وێستگەکانی بەرهەمەکانی پترۆکیمیاویەکان دەکات و جگە لە پێداویستی ناوخۆیی، هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانی دەکات

کەناڵی فەرمی ئێران، لێدوانی فەرمی وەزیری نەوتی ئێران، جەواد ئەوجی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" وڵاتی ئێران بە وردی بە شیوازێکی پلان بۆ دانراو، کار بۆ دروستکردنی وێستگەی پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی بەرهەمە پەترۆکیمیاویەکان دەکات، لە پێناو دوورکەوتنەوە لە فرۆشتنی نەوت".

لێدوانی وەزیری وزەی ئێران لە کاتێکدایە، پێش دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری نوێـــی ئێران ، دەزگای نوچە پلانی ئیبراهیم رەئیسی بۆ کەرتی نەوت و گاز ئاشکرا کرد و ئامانجی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی پترۆکیمیاوی خستەڕوو.

هاوکات لە کاتی ئامادەبوونی لە پەرلەمانی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی پلانی حکوومەتەکەی لەسێکتەری وزە ئاشکرا کردو رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە زیادکردنی ئاستی هەناردەکردنی وزەی گرانبەهایە. سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارەکەی خۆیدا لەبەردەم پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بە پلانی حکوومەتەکەی بۆ سێكتەری وزەی ئێران خستەڕوو.

رەئیسی وتی"ئامانجی سەرەکی ئەم حکوومەتە، زیادکردنی ئاستی هەناردەکردنی وزەی گرانبەهای وڵاتەکەمانە".

خستنەرووی ئامانجی ئێران بۆ کەرتی وزە، گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی بازاری وزەدا دروست دەکات، بە تایبەت دوای دەستپێکردنی ئێران بۆ پەرەپێدان و کارکردنی زیاتر لە کێڵگە و پاڵاوگەی پەترۆکیمیاوی. 

لە بارەی کارەکانی حکوومەتی ئێران لەو بوارەدا، وەزیری نەوتی ئێران وتی" پلانی سەرەکی وەزارەتی نەوتی ئێران، گرنگیدانە بە چەندی وجۆری پاڵاوگەکانی پەترۆکیمیاوی، هەنگاوی دواتر، دروستکردنی کۆمەڵگای پەترۆکیمیاوییە، وەک خواستی سەرەکی و یەکەمی ئێمە، بۆ ئەوەی لە فرۆشتنی نەوت دوور بکەوینەوە"

هەروەها ئەوەیشی زیادکرد" ئاسانکاریە داراییەکانی پرسی فرۆشتنی نەوت لە ئێستادا هاوکار دەبن بۆ بونیاتنانی ئەو کۆمەلەگایە گرنگەی وڵاتەکەمان و بۆ ئەو مەبەستە لێژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوت و پیشەسازی و ناو خۆ پێکهێنراوە و کار بۆ دروستکردنی 15 تا 20 ناوچەی جودای ئەو بوارە دەکەن".

سەبارەت بە پرسی تێچووی کۆمەلگای پەترۆکیمیاوی،  جەواد ئەوجی وتی" بونیاتنانی ئەو پرۆژەیە پێوسیتی بە 700 ملیار دۆلار هەیە، بەڵام ئەگەر بەرەو زنجیرەی بەرهەمهێنانی گازی میسانۆل وبولی ئیسیل بنێن، تێچووی پرۆژەکە بۆ 50 تا 60 ملیۆن دۆلار کەمدەبێتەوە".

دووبارە گەڕانەوەی پلانەکانی ئێران بۆ کەرتی وزە، بوونەتە جێگەی سەرنجی میدیاییەکان، بە تایبەت دوای لێداوانەکانی  جەواد ئەوجی، لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پلەس.

لە کۆبوونەوەی 20ـی ئۆپێک پلەس کەلە 1/9/2021 دا ئەنجامدرا، وەزیری نەوتی ئێران وتی"سەقامگیری بازارەکانی نەوت و بەردەوامبوون لە هەناردەکردن، پێویستیان بە پێرەوکردنی ئاراستەیەکی نا سیاسی  هەیە بەرامبەر بە بازارەکانی نەوتی جیهانی"

هەروەها وتی" پێویستە ئەمریکا لە سزاییە ئابووریەکانی سەر ئێران پاشەگەز ببێتەوە، و ئێران ئامادەیە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی کورتهێنانی بازارەکان پڕ بکاتەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، سزاییە ئابووریەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هۆکار بوون بۆ بێ بەشکردنی ولاتەکەی بۆ هەناردەکردنی 1.8 ملیار بەرمیل و داهاتی نەوتی 100 ملیار دۆلار.

گرنگیدانی ئێران بۆ بەرهەمە پترۆکیمیاویەکان، سەڕارەی بوونی قەیرانە ئابووریەکان، هەماهەنگی زیاتری ئێران وچین بۆ کارکردن لەو بوارە دووپاتدەکەنەوە، بە تایبەت دوای کۆبوونەوەی وەزیری نەوتی ئێران و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای CNPC.

بە گوێرەی بەیاننامەی وەزرەتی نەوتی ئێران، حکوومەتی تەهران وکۆمپانیای CNPCـــی کار بۆ پەرەپێدان و گرنگیدانی زیاتری کەرتی وزە و بەرهەمە پترۆکیمیاویەکانی  ئێران و کێڵگەی نەوتی ئەزداکان کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی ئێرانە دەکەن.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین