توركیا و ئیسرائیل خاڵە هاوبەشەکانى نێوانیان دەقۆزنەوە وەرگێڕان

نوچەنێت:

زەمینەى ململانێكان

بەهۆى هێرشە سەربازییەكانى ئیسرائیل لە (2008) بۆسەر كەرتى غەزە، پەیوەندى نێوان ئیسرائیل و توركیا تێكچووە، لەدواى رووداوى كەشتى مەڕمەڕە لە ئایارى (2010) پەیوەندى سیاسى نێوان توركیا و ئیسرائیل پێى نایە دۆخێكى زۆر خراپ، كاتێك كەشتییەكى توركیا هاوكارى مرۆى بۆ كەرتى غەززە دەگواستەوە، هێزەكانى ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر (10) چالاكوانى توركیایان كوشت، ئەوەش بووە هۆى ئەوەى هەردوو وڵات باڵیۆزى خۆیان بكشێنەوە.

 لە دواى ئەم ڕووداوە پەیوەندى ئەو دوو وڵاتە كێشەى گەورەى تێككەوت، بەتایبەت سەرۆكى توركیا هێرشى توندى دەكردە سەر ئیسرائیل، تا كار گەیشتە ئەوەى لە مانگى ئایارى ساڵى رابردوو، نید پرایس گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا لە لێدوانێكى دا رایگەیاند، "لێدوانەكانى ئەو دوایەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆك كۆمارى توركیا سەبارەت بە گەلى جوو دژە سامییه‌، داوا هەموو لایه‌ك خۆ لە هاندانێك به‌ دوور بگرن كە ببێتە زیادبوونى توندوتیژى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چونكە  زمانى دژەسامى جێگەى نابێتەوە، ویلاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا بە هەموو جۆرێك پابەندە بە دژایەتیكردنى دژە سامى، ئێمە زۆر بە جددى مامەڵە لەگەڵ توندوتیژى دەكەین."

لەگەڵ ئەوەى هەردوولا لێدوانییان دژ بەیەك دەدا، بەڵام لەچەندین ئاستى تر پەیوەندییەكانیان بەردەوام بوو، بەتایبەت لە بوارى ئابوورى و گەشتیارى، پەیوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر بەهێز بوو. 

پەیوەندیى ئابوورى 

لە (2016) توركیا دەستپێكردنەوەى پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانى لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند، لەو كاتەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركیا رایگەیاند" پەیوەندییە ئابوورییەكانمان لەگەڵ ئیسرائیل بەرەو پێش دەچێتەوە".

داتا رەسمیەكانى هەناردەكردنى پەیمانگەى ئامارى توركى(TUIK) و كۆمەڵەى هەناردەكارانى توركیا و بانكى ناوەندى(CBRT)  جەخت لەسەربەردەوامى پەیوەندى ئابوورى و قەبارەى ئاڵۆگۆڕى نێوان توركیا و ئیسرائیل دەكەنەوە، بە پێچەوانەوە قەبارەكەى زیاد دەكات، هەروەها لە بەرانبەریش دا قەبارەى وەبەرهێنانى دوولایەنە لە هەردوو وڵات زیادى كردووە. 

لە (2020) هەناردەى توركیا بۆ ئیسرائیل بەبەهاى چوار ملیار (200) ملیۆن دۆلار بوو، ئەو ژمارەیە لە پلەى كۆتایى ئەو نۆ دەوڵەتەیە كە توركیا زۆرترین كاڵاى بۆ هەناردەكردوون.

لە چوار مانگى یەكەمى (2021) هەناردەكردنى توركیا بۆ ئیسرائیل گەیشتۆتە یەك ملیار و (851) ملیۆن دۆلار، ئەوەش یەكسانە بە زیادبوونى  رێژەى (35%) بە بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى رابردوو، لەو ماوەیە دەوڵەتى ئیسرائیل هاتۆتە پلەى هەشتەم لە سەر ئاستى ئەو وڵاتانەى كاڵاى توركى هاوردە دەكەن.

لە  (2011) هەناردەى توركیا بۆ ئیسرائیل بەبڕى دوو ملیار  (400) دۆلار بوو، ئیسرائیل لە پلەى (17)ى وڵاتانى هاوردەى كاڵا توركییەكان بوو، لە (2002) كاتێك پارتى دادوگەشەپێدان گەیشتە دەسەڵات بەهاى هەناردەكردنى ساڵانە دەگەیشتە 850 ملیۆن دۆلار، ئەو ژمارەیە لە ماوەى (18) ساڵ (4,5%) زیادیكردووە.

توركیا چوارەم دەوڵەتى هاوردەكارى كه‌لوپه‌لى ئیسرائیله‌

لە (2020) ئاستى هاوردەكردنى توركیا لە ئیسرائیل گەیشتە یەك ملیار و (500( ملیۆن دۆلار، بەگوێرەى ئەو ژمارانەى ماڵپەڕى (حوڕە) دەستى كەوتووە" قەبارەى ئابوورى نێوان ئیسرائیل و توركیا لە (2020) بڕەكەى شەش ملیار  (200) دۆلار بووە".

بەگوێرەى هەناردەكردنى ئیسرائیل لە (2020) توركیا پلەى چوارەمى هەبووە بە رێژەى (6,2%) دواى چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا و ئەڵمانیا.

بە پشتبەستن بە داتاكانى وەزارەتى بازرگانى توركیا و كۆمەڵەى هەناردەكارانى توركیا، لە (2021) ئیسرائیل لە پلەى یەكەمە لە هەناردەكردنى پیشەسازى ئاسن توركیا. 

چوار مانگى یەكەمى (2021)هەناردەكردنى پیشەسازى مادە ئاسنیەكان لە توركیا بەهاكەى پێنج ملیار  (500) ملیۆن دۆلار بوو، ئیسرائیل لە پلەى یەكەمى ئەو كڕیارانە بووە، بە بەهاى پێنج ملیار و (389( ملیۆن دۆلار.

هەر لەو ماوەیە لە مانگى كانوونى دووەمى 2021 تا مانگى نیسان هەناردەكردنى ئەو كەرتە بۆ ئیسرائیل بە رێژەى (38,5%) بە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو ژمارەكەى دەگاتە ئەو ژمارەى پێشتر باسكرا،  دەگاتە پێنج ملیار و (389( ملیۆن دۆلار.

وەبەرهێنانى ئیسرائیل لە ناو توركیا:

بەگوێرەى داتاكانى بانكى ناوەندى(CBRT) وەبەرهێنانە راستەوخۆكانى ئیسرائیل لە ناو توركیا لە كۆتایى (2019) بڕه‌كەى گەیشتە 770 ملیۆن دۆلار، ئەو ژمارەیە لە ساڵى (2010(  زیاتر بوو، بڕى وەبەرهێنانى كۆمپانیا ئیسرائییلیەكان لە توركیا ئه‌و كات 997 ملیۆن دۆلار بوو.

هەمان ژمارەى باسكراو لە (2002) كاتێك پارتى دادوگەشەپێدان فەرمانڕەوایى دەسەڵاتى وەرگرت بڕى 49 ملیۆن دۆلار بوو، ئەو رێژەیە لە (2005 )دابەزى گەیشتە (11) ملیۆن دۆلار، لە (2010) گەیشتە 997 ملیۆن دۆلار، لە (2017) ملیارێك دۆلارى تێپەڕاند.

لە بەرانبەردا بەهاى وەبەرهێنانى راستەوخۆ، كە هاووڵاتیانى توركیا لە ئیسرائیل كاردەكەن لە (2019) گەیشتۆتە (105) ملیۆن دۆلار، ئەوە لە كاتێدایە ئەو ژمارەیە لە (2002) سفر بوو، لە (2010) تەنیا سێ ملیۆن دۆلار بوو. 

كەرتى گەشتیارى

لە لایەكى ترەوە گەشتیارانى ئیسرائیلى بۆ توركیا ژمارەى پێوانەییان شكاندوە، لە (2019) (569) هەزار گەشتیارى ئیسرائیلى سەردانى توركیایان كردوە، ئەو ژمارەیە لە (2008) (558) گەشتیار بوو، لە(2011 ) دابەزى گەیشتە (79) هەزار گەشتیار، لە (2016) گەیشتەوە (293) هەزار گەشتیار.

دروستكردنى زەمینەى نوێى هاوبەش

كابینى نوێى ئیسرائیل دەرفەتێكى گونجاو بوو، بۆ ئاساییكردنەوەى پەیوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتە، هەر زوو بەرپرسانى باڵاى توركیا ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە، بۆ ئەوەى پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایى بكەنەوە، مانگى حوزەیرانى ساڵى رابردوو، بەرپرسێكى توركیا  بە رۆژنامەى ئیسرائیل هیومى  رایگەیاند‌، "دەمانەوێت پەیوەندیەكى باشمان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش ماوەیەك پێش ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆك كۆمارى توركیا ئاماژەى به‌وه‌ كردووه‌ توركیا خوازیارە پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل باش بێت، چونكە كێشەى ئێمە لەگەڵ سەركردایەتى ئێسرائیلە، هیوادارین دواى پێكهێنانى كابینەى تازەى حكومەتى ئێسرائیل، دەست بە ئاسایكردنەوەى پەیوەندییەكانمان بكەینەوە".

رۆژنامەكە ئاماژەى بەوەش كردووە مەولوود چاوشئۆغلۆ نامەیەكى بۆ هەر یەك لە یائیر لابید و نەفتالى بینیت به‌رپرسانى ئیسرائیل ناردووە، لەو نامەیە پێى راگەیاندوون، "ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئێمە ئاسایى بكاتەوە پێویستە سیاسەتەكانى بگۆڕێت".

لە مانگى تەمووزى ساڵى رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەمەبەستى پیرۆزبایى پەیوەندى بە ئیسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئیسرائیل پیرۆزبایى خۆى بە سەرۆكى ئیسرائیل گەیاند، لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆیان لەسەر گرنگى پەیوەندى نێوان هەردوو وڵات كردبوو. 

ئازادكردنى دوو گەشتیارە ئیسرائیلییەكە

لە مانگى ئەیلوولى ساڵى رابردوو، توركیا دوو گەشتیارى ئیسرائیلى بە تۆمەتى سیخوڕى دەستگیركرد، بەهۆى هەستیارى ئەو دۆسیە هەرزوو لەسەر ئاستى باڵاى هەردوو وڵات كەوتنە چاودێرى ئەو دۆسیە، دواى نزیكەى دوو هەفتە، لە (18)ى تشرینى رەجەب تەیب ئەردۆغان، كە راستەوخۆ چاودێرى دۆسیەى ئەو دوو دەستگیراوە ئیسرائیلیەى دەكرد، فەرمانى ئەو ئازادكردنى بۆ دەركردن و رەوانەى وڵاتەكەى كردنەوە.

روداوى ئازادكردنى ئەو دوو دەستگیركراوە، كاریگەرى لەسەر هەڵوێستى ئیسرائیل هەبوو، دواى نەفتالى بینێت، سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل و یائیر لابیدى وەزیرى دەرەوە، لە راگەیاندراوێكى هاوبەش دا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، "دواى هەوڵە هاوبەشەكانمان لەگەڵ توركیا مۆردى و ناتالى ئۆكنین لە زیندان ئازاد كران ئێستا لە رێگەن بۆ  وڵاتەكەمان، سوپاسى سەرۆكى توركیا و حكومەتەكەى دەكەین، كە هەماهەنگ بوون بۆ گێڕانەوەى ئەو خێزانە بۆ ئیسرائیل".

پەیوەندییکردنى سەرۆكى ئیسرائیل بە سەرۆكى توركیا

بەمەبەستى سوپاسكردنى توركیا، ئیسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئیسرائیل لە پەیوەندییەكى تەلەفۆنى لەگەڵ سەرۆك كۆمارى توركیا ئەنجامدا سوپاسى ئەو هەوڵەى ئەردۆغانى كرد، دواتر گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندى نێوانیان  و دۆسیەكانى ناوچەكە كرد، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگى پەیوەندیى ئیسرائیل و توركیا كردەوە، لەپیناو ئاسایش و سەقامگیرى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

لە كۆتایى مانگى رابردوو، فەرمانگەى راگەیاندى سەرۆكایەتى توركیا و وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە، لە ئەنقەرەى پایتەخت یادى قوربانیانى هۆڵۆكۆستى كردەوە، لە چالاكییەكى بە هەردوو زمانى ئینگلیزى و توركى لە رێگەى هەڵكردنى گڵۆپ لە دەورەى بورجى ئەتاكۆلى بەناوبانگ ئەو یادەیان كردەوە.

ئازەربیجان هاوپەیمانى توركیا و ئیسرائیل

دۆسیەكى ئازربیجان یەكێكە لەو دۆسیە گرنگانەیە ئەو دوو وڵاتە پێكەوە دەبەستێتەوە، چونكە باكۆ هاوبەشێكى نزیكى توركیایە، هەردوولاش بانگەشەى ئەوە دەكەن، كە "یەك گەل و دوو وڵاتن"، لە لایەكى تریشەوە ئازەربیجان لە ململانێكانى لەگەڵ ئێران هاوپەیمانێكى ستراتیژى ئیسرائیلە، بەرهەمهێنەرێكى بەهێزى وزەشە لەو ناوچەیە، بەو شێوەیە ئازەربیجان رۆڵى سەرەكى لە پەرەپێدانى پەیوەندییەكانى نێوان ئیسرائیل و توركیا دەبینێت، چونكە لە پایزى ساڵى رابردووش ئازبیجان بە چەكى ئیسرائیلى و توركى شكستى بە ئەرمینیا هێنا، ئەوە وایكردووە باكۆ ببێتە شوێنێك ئیسرائیل و توركیا بە ناڕاستەوخۆ تێیدا هەماهەنگى لەگەڵ یەك بكەن.

لەلایەكى ترەوە ئازەربیجان سەرقاڵى بەهێزكردنى بوارى بەرگرى ئەلیكترۆنییە، بۆ بەرپەرچدانەوەى هێرشى سیبرانى رووسى، بۆ ئەمەبەست پەیوەندى بە توركیا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێكى ترەو كردەوە، ئیسرائیل ئامادەیى خۆى دەربڕیووە بۆ هاوكاریكردنى باكۆ دژ بە هێرشى ئەلیكترۆنى رووسیا، لە لایەكى تریشەوە توركیا ئامادەیى بۆ ئەو مەبەست، لە كۆنگرەى كەرتى هەڕەشە ئەلیكترۆنییەكان توركیا رۆڵى كاراى هەبوو.

سنوورداركردنى چالاكییەكانى حەماس

 بەرپرسێكى ئیسرائیلى بە رۆژنامەى هارتسى راگەیاند، "حكومەتى توركیا لەوداییە چالاكییەكانى حەماسى لە وڵاتەكەى سنووردار كردووە، ئەوانەش ئاماژەى ئەرێنین بۆ رێگرى لە تیرۆر و چالاكییەكانى حەماس لە توركیا.

 رۆژنامەى هارتسى ئیسرائیل ئاماژەى بەوە كردووە، "هەرچەندە ئاكپارتى خاوەن باگراواندێكى ئیخوانییە و پاڵپشتى حەماس دەكات، هەوڵیش دەدات توركیا بكاتە وڵاتى یەك حزب، لە سووریاش هاوكارى گرووپە توندڕەوەكان دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لۆبى توركى پاڵپشتى ئیسرائیل دەكات، ئەو پاڵپشتییەش ریشەكەى دەگەڕێتەوە نەوەدەكان كە ئەو كاتەى پارتە راستەڕەو و چەپڕەوەكانى ئیسرائیل لەسەر دەسەڵات بوون، پەیوەندیى ئەرێنیان لەگەڵ توركیا هەبوو."

لایەنگرانى ئاشتەوایى لە ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، "تەلئەبیب و ئەنقەرە هەندێك بەرژەوەندیى ستراتیژى و ئابووریى گەورەیان هەیە، دەتوانن پێكەوە كارى لەسەر بكەن، چونكە تەنیا پێگەى جیۆسیاسى توركیا لە نێوان ئەوروپا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەتوانێت رێگە لە ئێران بگرێت و كەناڵى دەستەبەركردنى پێداویستییە ئابوورییەكانى ئیسرائیلە.

بەڵام رۆژنامەكە پێى وایە، "ئیسرائیل هیچ شتێكى لە پەیوەندییەكى باشتر لەگەڵ ئەنقەرە دەست ناكەوێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین