تراژیدیای مرۆیی لە غوتە

0

نوچەنێت

لە سێ رۆژی رابردوودا، بە هۆی بۆمبارانی سوپای سوریا  بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی غوتە، بە لای کەمەوە ٢٥٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی کوژراون  کە ٥٤یان منداڵ بوونە.

راپۆرتی تٶڕی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، لەبارەی ناوچە مەدەنییەکانی رۆژهەڵاتی غوتە، باس لەوە دەکات کە بە لانی کەمەوە،١٢٠٠ کەس لەم هێرشانە برینداربوون.  ئەم هێرشانە بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەشەڕکەرەکانی روسیا، ئەنجام دراوە.

هەر بە هۆی ئەم هێرشانەوە، رێگاکانی پەیوەندی بۆ ناردنی دەرمان و کەرەستەی خۆراکی بۆ غوتەی رۆژهەڵات، بە کە پێی رێککەوتنی سوچی بەشێک بوو لە ناوچەکانی ئاگربەست، داخراون. لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی ئەم ناوچەکە لە ژێر گەمارۆ و ئابڵوقەدان.

دانیشتوانی غوتە، کە توانای دەربازبوونیان لە مەترسی مەرگ و ئاگری شەڕەکە نییە. پێداویستی رۆژانەی خۆیان بە زەحمەت دابین دەکەن.

بە پێی راپۆرتەکان، نرخی شتومەک و پێداویستی رۆژانە بە دەیان بەرابەر بەرز بۆتەوە. دەگوترێ خۆراک و دەرمان لە ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک دابین نابێت.

بە پێی رێککەوتنی سوچی، کە سەرباری گروپەکانی لایەن لە شەڕی ناوخۆی سوریا، نوێنەرانی وڵاتانی ئێران، تورکیا و روسیاش تیایدا بەشدار بوون، چەند ناوچەیەکی سوریا وەک ناوچەی رێڕەوی ئاگربەست ناسراون. رێککەوتنێک کە چەندین جار لە لایەن گروپ ولایەنەوە پێشێل و نادیدە گیراوە. بە پێی قسەی شایەتحاڵەکان، هەر دە خولەک جارێک هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر رۆژهەڵاتی غوتە. بە گوێرەری راگەیێندراوی سوپای بەشار ئەسەد، ئەم هێرشانە بە ئامانجی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە تیرۆریستەیاکان ئەنجام دراوە.

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی سوپای سوریا، لە لایەن پزیشکانی دانیشتووی غوتە لە چاوثپێکەوتن لە گەڵ کەناڵی بی.بی.سی رەتکراوەتەوە. بە گوتەی پزیشکەکان، سوپای ئەسەد، خەڵکی مەدەنی کردۆتە ئامانجی هێرشەکان و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە، ئەو دوکان و نەخۆشخانە  ومزگەوت و قوتابخانانەن، کە بە توندی هێرشیان کراوەتە سەر.

نێردەی یۆنیسێف دەڵێت، دیمەنی قوربانیان و کوژراوەکانی ئەم کوشتار  وهێرشەکەی سوپای بەشار ئەسەد، بە رادەیەک دڵتەزێن و کارەساتبارە کە ناکرێ میدیایی بکرێنەوە. منداڵە کوژراوەکان لە کفنیشدا نوقمی خوێنن.

لە بەیاننامەیەکدا، کە نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردۆتەوە، هاتووە، بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچەی غوتە لە رۆژهەڵاتی دیمەشق،٦ نەخۆشخانە کراونەتە ئامانج، سیانیان بە یەکجاری خاپوور کراون. بە هۆی ئەم هێرشانەشەوە ٣ پزیشک گیانیان لە دەست داوە.

هەر لەم پەیوەندیەدا، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سوریا رایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە بە لانی کەم ٦ کەس کوژراون و ٢٨ کەسی دیکەش بریندار بوونە. بە پێی بڕیاری سوپای ژێر دەسەڵات و فەرمانی بەشار ئەسەد، هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە بەردەوام دەبێت کە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت، لەوێوە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سوریا دەکرێتە ئامانج.

ستێفان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبار و گفتوگۆکانی ئاشتی سوریا، جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەوەی لە غووتە رودەدات، کارەساتێکی مرۆیی دیکەیە، هاوشێوەی ئەوەی لە حەلەب رووی دا.

دی مستۆرا، هاوکات هۆشداری داوەتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدزۆنەوە.

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا، لەبارەی تراژیدیای غوتە دەڵێت، ئەگەر دەرسمان لە قەیرانی حەلەب وەرگرتبێ، ئێستا کاتی  هاتووە لە غوتە بەکاری بهێنین. نابێ فەرامۆشی بکەین کە هێرش کراوەتە سەر دیمەشقیش، تەنها جیاوازی نێوان ئەم دوو جۆرە هێرشە، چەکەکانیانە. لایەنێکیان چەکی باشتری پێیە لە چاو لایەنەکەی دیکە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە سەر داوای روسیا، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە،٢٢ی فێریوەر کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پێکبهێنێ و تاتوێی دۆخی غوتەی رۆژهەڵاتی دیمەشق، بکات.

ئەنجومەنی ئاسایش لە کاتێکدا کۆدەبێتەوە، کە هەر یەک لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، سوید و میسر داوای ئاگربەستی بەپەلەی مرۆیی دەکەن بۆ ناوچەکە.

شەوی رابردوو، ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، گوتی، پاریس خوازیاری ئاگربەستی بەپەلەی مرۆییە لە ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات. دۆخی ناوچەکە قەیراناوییە و بۆ دەربازبوونی خەڵکی مەدەنی ناوچەکە، ئەم ئاگربەستە دەبێ دەستبەجێ بێتە ئاراوە.

 

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com