سەردانەکەی روحانی لە دیدی میدیا عەرەبیەکان

0

نوچەنێت

میدیاکانی  دنیای عەرەبی، هەر کام بە شێوەیەک دەڕواننە سەردانەکەی حەسەن روحانی، بۆ عێراق و لە ڕوانگەی جیاوازەوە لایەنەکانیان لێکداوەتەوە، ئەمەش نیشانەی گرنگی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ بەغدا.

رۆژنامەی “العرب”ی سعودیە، کە لە لەندەن چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، بە مانشێتی روحانی بەرەبەرە عێراق دەکاتە مەیدانی ململانێ لە گەڵ واشنتۆن، نووسیویەتی: ڕوحانی لە هەوڵدایە لە سەردانەکەی بۆ عێراق، بە رێگەی رێککەوتننامەی ئابوری و بازرگانی، بەرەنگاری گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بێتەوە، لە لایەک خۆی لە ژێر گوشاری گەمارۆکان بدزێتەوە و لە لایەکی دیکەوە عێراق بکاتە گۆڕەپانی تەنگژەی جددی تاران و واشنتۆن.

العرب هەروەها نووسیویەتی “لە بەرامبەردا، دەوڵەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانەکەی هەوڵ دەدەن میانەڕەو بن و دوو ڕاکابەری دێرینە، واتە ئێران و ئەمریکا زیز نەبن”.

ڕۆژنامەکە لە سەر زاری سەرچاوە سیاسییەکانی لە بەغدا، نووسیویەتی، گرنگیدانی ئێران بە عێراق، ئەوە دەگەیەنێ، کە ئەم وڵاتە دوایین دەروازەیە بۆ تاران، کە بیهەوێ خۆی دەرباز بکات، کەیسی ئەتۆمی ئێران و چالاکیە ناوچەییەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ توندترین گەمارۆکان بەرەوڕوو بۆتەوە.

رۆژنامەی “عکاظ”ی سعودیە، بە مانشێتی بەرهەم، روحانی شڵەژاند، هەڵوێستی ئێمە بێ لایەنانەیە، لە سەر زاری سەرچاوە عێراقیەکان نووسیویەتی، بەرنامەی سەردانەکەی روحانی بریتتە لە کۆبونەوە ودیداری لە گەڵ سەرۆکانی سێ هێزی دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکار. عکاظ ئاشکراشی کردووە، کە روحانی بڕیارە لە گەڵ فراکسیۆنە سیاسیەکانی نزیک لە تاران لە ناو پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە.

بە گوێرەی رۆژنامەی عکاظ، روحانی هەندێک دیداری رێکخستووە، کە پێشتر قسەی لە سەر نەکراوە، بە تایبەتی، کە بڕیارە لە گەڵ گروپەکانی حەشدی شەعبی کۆبێتەوە و شوێنی دیدارەکەش ماڵی بالیۆزی ئێرانە لە بەغدا.

رۆژنامەکە هەروەها نووسیویەتی، سەرچاوەکان باسیان لە ناوەڕۆکی ئەم دیدارانە نەکردووە، بەڵام بە ئەگەری زۆر هەماهەنگکردنی ئەم هێزانە لە گەڵ تاران، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوانیان بێت.

عکاظ ئەوەش دەخاتەڕوو، کە سەرچاوەکانی هۆکاری سەردانەکەی ڕوحانییان گەڕاندۆتەوە بۆ گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەو بڕیارە لە گەڵ بەرپرسانی ئابوری و بازرگانی عێراق کۆبێتەوە، تاکوو هانیان بدات، کە رێککەوتنی جیاجیا لە گەڵ ئێران واژۆ بکەن، ئەویش تەنها بە یەک مەبەست، دەربازبوونی تاران لە ژێر گەمارۆکانی ئەمریکا.

رۆژنامەی الحیات، هەڵوێستێکی جیاوازی هەبووە. الحیات دەڵێت “بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە میانی دیدار لە گەڵ روحانی، جەختی لە سەر پێکهێنانی سیستەمێکی ئەمنی ناوچەیی هاوبەش بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریزم. هەروەها رایگەیاندووە، کە دوو لایەن دەبێ پەرە بە پەیوەندیە بازرگانی و ئابوریەکانی تاران و بەغدا بدەن.

لە سەردانی سێ رۆژەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا، دوو لایەن سەبارەت بە کەیسە ئابوری و بازرگانیەکان کۆدەبنەوە و پێدەچێ لەم بارەوە بگەنە کۆمەڵێک رێککەوتن.

رۆژنامەی “الاهرام”ی میسر نووسیویەتی، روحانی لە یەکەم سەردانی بۆ عێراق پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد. روحانی لە سەردانەکەی بۆ بەغدا رەخنەی توندی لە دەستوەردانی سەربازی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە. ئەم سەردانە هەڵگری پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی؛ ئەویش ئەوەیە، کە ئێران لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئێستاشی لە گەڵ بێت، رۆڵێ سەرەکی و شوێندانەری لە پانتای سیاسی عێراق و ناوچەکە هەیە.

الاهرام  دەشڵێت، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، کە عێراق کاناڵێکی دیکەیە بۆ ئێران، تاکوو رێگە لە سزای ناعادڵانەی ئەمریکا بگرێت، ئەم سەردانە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئابوری ئێران.

قودسی عەرەبی، لە لێکدانەوەی بۆ سەردانەکەی روحانی، پێی وایە، کە ئەم سەردانە مێژووییە، نەک لە بەر ئەوەی کە یەکەم سەردانی روحانییە بۆ عێراق لە دوای بوون بە سەرۆککۆماری، بەڵکوو لەو ڕووەوە مێژووییەکەیەوە لە دۆخیکی ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری، سەردانەکە ئەنجام دەدرێت دۆخێک، کە حکومەتی ئێرانی لە ناوخۆوە ماندوو کردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com