ترەمپ: رێککەوتنەکە مێژووییە

0

نوچە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوانیان. دۆناڵد ترەمپیش رێککەوتنەکە بە “مێژوویی” ناودەبات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی ئەمریکا، دەوڵەتی ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو” بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو رێککەوتنە “دیپلۆماسییە مێژووییە ئاشتی لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات”.

لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیمارات سوودمەند دەبن “لەم دەستکەوتە مێژووییەی ئەمڕۆ”، بڕیاریشە شاندی هاوبەشی ئیسرائیل و ئیمارات لە هەفتەکانی داهاتوودا رێککەوتنی دوولایەنە واژۆبکەن لەسەر پرسەکانی وەبەرهێنان، گەشتوگوزار، گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ، پرسی ئەمنی، هێڵەکانی پەیوەندی، تەکنەلۆژیا، وزە، تەندروستی، کولتوور، ژینگە، کردنەوەی باڵیۆزخانە و پرسەکانی دیکە کە سوودی هەردوولای تێدایە.

دەرەنجامی ئەو رێککەوتنە، لەسەر داوای سەرۆکی ئەمریکا و بە پاڵپشتیی ئیمارات، ئیسرائیل راگەیاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر ناوچەکانی فەڵەستیندا “هەڵدەپەسێرێت”. ئەمەش لەکاتێکدایە کە محەممەد بن زاید لە پۆستێکدا لە توویتەری خۆی رایگەیاندووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ و نەتەنیاهوو، “رێککەوتوون لەسەر وەستاندنی لکاندنی خاکی فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە”. 

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە لکاندنی هەندێک بەشی کەناری رۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە و گوتووشیەتی “ئیدارەکەی ترەمپ داوایلێکردوون کە بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەساردنی رابگەیێنن”.

بن زاید ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتوون لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ هەماهەنگیی هاوبەش و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان.

لەو راگەیێندراوە هاوبەشەی ئەو سێ لایەنەدا کە دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردووەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و ئەم دیپلۆماسییەتە ئاشتییانە “دوو لە هەرە باوەڕپێکراوترین و بەتواناترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لێکنزیکدەکاتەوە. ئیسرائیل و ئیمارات لەگەڵ ئەمریکا دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی کاری ستراتیژی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی فراوانکردنی کاری دیپلۆماسی، بازرگانی و هەماهەنگیی ئەمنی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com