ڕۆڵ و گاریگەریی ئەمەریکا لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس دا
سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت
حەوت مانگی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، قوربانی، گیانلەدەستدان و وێرانکاری زۆری لێکەوتووەتەوە و چەندین لایەنی نەرێنی بۆ هاووڵاتیانى هەردوو وڵاتەکە و جیهانی دروست کرد. لەم ڕاپۆرتەدا بەرچاوڕوونی دەربارەی گرنگترین هەوڵەکان و دوایین گۆڕانکارییەکانی جەنگەکە دەخرێتە ڕوو لەگەڵ تەرکیز خستنە سەر ڕۆڵی ئەمەریکا لەسەر جەنگەکەدا.
کاریگەریی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، بە تەنیا ئەم دوو وڵاتەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەری هەبووە بۆ وڵاتانی تر و دوور و نزیک وڵاتان ناکۆکی و ئاڵۆزییان بە خۆیانەوە بینیوە بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەکە. بۆ نموونە، سەرەتای مانگی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و (7) بەرپرسی باڵای سەربازیی ئێران کرانە ئامانج. ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە هێرشەکە و ڕایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە تۆڵەی هێرشەکەی ئیسرائیل دەکەینەوە چونکە ڕژێمی ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی شکستە بەردەوامەکانی".
هەر سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسرائیل وەک ئاژانسی (رۆیتەرز) ڕایگەیاندبوو، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردەوە، "کە پێویستە ئیسرائیل سزا بدرێت و دەبێت سزا بدرێت".
تا دەهات گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر دەبوو تا گەیشتە ئەو ئەنجامەی شەوی (13/4/2024) ئێران هیرشیکی فراوان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات، ماڵپەڕی (ئارتی) ڕایگەیاند، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی، "سەرکەوتوو بووین لە تێکشکاندنی هێرشەکانی ئێران". لە لایەکی ترەوە یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، "ئیسرائیل، ئەمەریکا و هاوبەشەکانی بی هاوتایانە توانییان بەرامبەر هێرشەکان بوەستنەوە، هەموو جیهان دەزانێت ئێران تیرۆریستە و ڕووی ڕاستەقینەیان دەرکەوت بەم هێرشانە" هەروەها دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، "99٪ی هێرشەکان ڕێگرییان لێکرا، تواندرا بە پاڵپشتی هاوپەیمانان و تەکنەلۆژیای بەهێز دەستکەوت و ستراتیژییەکی زۆر بەهێز بە دەست بهێندرێت".
دوای ئەوەی ئێران لە گەرووی هورمزدا دەستی بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیل دا گرت ڕۆژی شەممە (13/نیسان/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەسەر تاوانکارییەکانی ئێران کردەوە بەرانبەر بە ئیسرائیل و گوتی، "ڕژێمی ئێران پاڵپشتی تاوانکاری دەکات و پشتیوانی حەماسی تیرۆریست دەکات، داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و جیهان دەکەم دەستبەجێ سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن و سزای ئێران بدەن". هاوکات ئەدمیڕاڵ دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئێران مەبەستییەتی بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات، ئێمە ئامادەی هەر بەرپەرچدانەوەیەکین، بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئیسرائیل لە هەر هێرشێکی ئێران".
هەر سەبارەت بە گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ئەگەر گرژییەکان پەرەبسێنن، ئەوا ئێران خۆی دەرئەنجامەکان دەبینێت و زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت."
تێکچوونی دۆخی مرۆیی، گرژیی وڵات، وێرانکاری و کاولکارییەکان هاووڵاتیانی ئیسرائیلی هەراسان کردبوو، بەردەوام خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا و باسیان لە ڕاگرتنی جەنگ و دەستبەجێ دەست لە کار کێشانەوەی سەرۆک وەزیری وڵاتیان دەکرد.
ئیسرائیل بەردەوام بوو لە باسکردنی تۆڵە سەندنەوە لە ئێران و وەڵامدانەوەی هەر کردارێکی دوژمنکارانە بەرانبەر بە وڵات. ڕۆژی (2024/4/16) ئاژانسی (رۆیتەرز) بلاویکردەوە، "وێرای ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت و وڵاتان ئیسرائیلیان ئاگادار کردووەتەوە لە فراواننەبوونی هێرشەکان و بەیەکدادانەکان، بەڵام هێشتا چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل کاردانەوەی بۆ هێرشەکەی ئێران هەبێت". هاوکات هێرڤی هەلێیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل جەختی لە بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ئێران کردەوە و گوتی، "هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران وەڵام دانەوەمانی بەدوا دادێت"
تا دێت ماوەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس درێژتر دەبێتەوە و نیگەرانییەکان زیاد دەبن، بەرپرسانی ئیسرائیل باسیان لە شکستیان لە بەرانبەر هێرشی ڕۆژی (7) ی ئۆکتۆبەر دەکرد، "جەنەڕاڵ ئاهاڕون هالیڤا، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل دەستی لە کار کێشایەوە، ئەو یەکێك بوو لەو بەرپرسانەی ئیسرائیل کە ساڵی ڕابردوو ئاماژەیان بۆ شکستیان کردبوو لە بەرانبەر هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل". نامەی دەست لە کار کێشانەوەکەی لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا جەنەڕاڵەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، "ئەوانەی کاریان لەگەڵ ئێمەدا دەکرد پێویست بوو لە ژێر فەرمانی ئێمەدا کار بکەن، نەدەبووایە بێ ئاگا بین لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل". کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، چەکدارانی حەماس توانیبوویان سەرکەوتووانە ئەکنەلۆجییە پێشکەوتووە ئاسایشییەکانی ئیسرائیل بشكێنن، شکست بە بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئیسرائیل بهێنن لە ئاگادار بوون لە ئەگەری هەر هێرشێکدا.
ڕۆڵی ئەمەریکا لە جەنگەکەدا
بەهۆی هێرشەکەوە بەرپەرچدانەوە، وەڵامدانەوەی جیاواز و هێرشکردن لە دژی یەک لەلایەن هەردوو وڵاتەوە بەردەوام بوو. وڵاتان بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری جەنگەکە و پەرەنەسەندنی. وەک لە هەواڵێکی ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) دا بڵاوکرایەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی فەڕەنسای کرد و لەگەڵ ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، "باسکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە لایەک، ئۆکراینا و ڕووسیا لە لایەکی تر بوو، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە وڵاتان هەوڵەکان چڕ بکەنەوە بۆ هاوکاری زیاتری فەڵەستین و ڕێگەچارەیەک بۆ دۆخی مرۆیی بدۆزرێتەوە".
ئەمەریکا بەردەوام بوو لە هەوڵەکان و دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی جیهان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ جەنگی ئیسرائیل و حەماس. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "هەنگاوی بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ جەنگی غەزە هەڵەیە، داوای ئاگربەست دەکەین بۆ جەنگی ئیسرائیل و غەزە. پێویستە هەموو خۆراک و دەرمانێک بگەیێندرێتە غەزە". هاوکات بایدن هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هەڵوێستی ناتەنیاهۆ بەردەوام بێت پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل مەرجدار دەبێت، هەروەها ڕێکاری ووردتر و جدیتر دەگرێنە بەر بۆ پاراستی کارمەندانمان، هاووڵاتیانی سڤیل، کارمەندانی تەندروستی.
دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە (15/4/2024) سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری بە ئیسرائیل دا و ڕایگەیاند، "ئەمەریکا هیچ بەشدارییەکی نابێت بۆ وەڵام دانەوەی هێرشەکەی سەر ئێران".
لەلایەکى دیکەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بۆ ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ڕایگەیاند، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکی سەخت دایە، هاووڵاتیان بە دۆخێکی خراپ دا تێدەپەڕن، مەترسی شەڕێکی ڕاستەقینە لە ناوچەکە دا لە ئارادایە". هەروەها ڕۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "داوا دەکەم ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بکرێت، هەروەها ئێران بەرپرسیارە لە ئەنجام دانی هەر کردارێکی ئەنجامی دەدات". هەریەک لە وەزیری بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکاش پشتیوانی کردنیان لە ئیسرائیل نەشاردەوە، بەڵام ئەمەریکا و وڵاتانی تریش هانی ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و وەستانی وەڵام دانەوەی یەکتریان بە کارێکی باش دانا لە لایەن ئێران و ئیسرائیلەوە
چەند جارێکیش کۆشکی سپی بە شیوەیەکی ئاشکرا هەڵوێستی ڕوونی ڕاگەیاندبوو دەربارەی جەنگەکە و بلاونەبوونەوەی. لە هەواڵێکی ماڵپەڕی (نوچەنێت) دا هاتووە، کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، "سەرەڕای هەبوونی ئاڵۆزی، ناکۆکی و ململانێ واشنتن مەبەستی نییە و ئامانجییەتی پەلنەهاوێشتن و بڵاونەبوونەوەی جەنگ ببینێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". بەرپرسێکی ئەمەریکیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "باوەڕمان وا نییە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەم شێوەیە بێت پێویست بکات ئێمە بکێشێتە ناو ئاڵۆزییەکانەوە. پێشتریش ئێمە ڕامانگەیاندووە کە بەشدار نەبووین لە هێرشەکەی ئیسرائیل لە سووریا و ڕۆڵمان نەبووە تێیدا".
ئەمەریکا لە هەموو لایەکەوە تەرکیزی خستبووە سەر جەنگەکە و بەردەوام بوو لە باسکردنی لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ جیاوازەکاندا. لە هەواڵێکی ڕۆژی (2024/2/20) ی ماڵپەڕی (ئەلجەزیرە) دا هاتووە، "بەرپرسانى ئەمەریكى و ئیسرائیلى رایانگەیاندووە، بڕیارە برێت مەكگۆرك، ڕێکخەری تایبەتی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆشکی سپی و نێردەى تایبەتى سەرۆكى ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەرپرسى دۆسیەى ئاساییكردنەوەى پەیوەندى نێوان سعوودیە و ئیسرائیل سەردانى میسر و ئیسرائیل بكات، لەگەڵ عەباس كامل، بەرپرسى هەواڵگریى میسر و بەرپرساندى دیبكە كۆبێتەوە، پاشان سەردانى ئیسرائیل دەكات و لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ و یواف گلانت، وەزیرى بەرگرى و بەرپرسانى دیكە كۆبێتەوە. لە سەردانەکەیدا مەكگۆرك گفتوگۆی لەسەر خستنەگەڕى هەوڵەكان بۆ ئازادكردنى بارمتەكانى لاى بزووتنەوەى حەماس کرد. كۆشكى سپى نیگەرانە لە هەڕەشەكانى ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى سەربازى بۆ سەر رەفەح، كە زیاتر لە ملیۆنێك (400) هەزار فەڵەستینى نیشەتەجێن".
لە مانگی ڕەمەزانیشدا فەلەستینییەکان دۆخێکی مرۆیی خراپیان هەبوو و لەگەڵ هەبوونی جەنگ لە وڵاتەکایاندا ئەم مانگەیان بەسەربرد. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، "تا ئێستا كار لەسەر راگرتنى جەنگ و ئازادكردنى بارمتەكانى ئیسرائیل دەكەین، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك". دەربارەى هاوكارییە مرۆیەكانیش سەرۆكى ئەمەریكا ئاماژەى بەوە كرد، "پلانێك هەیە خواردن و پێداویستى بە رێگەى ئاسمانى بگەیێندرێتە دانیشتوانى كەرتى غەزە، پلانەكە لەلایەن ئوردن و فەرنسا جێبەجێ دەكرێت". بایدن لە بەشێكى دیكەى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، پێویستە هەوڵى زیاتر بدەین بۆ گەیاندنى هاوكارییەكان بۆ غەزە، چونكە ئەوەندەى ئێستا هەیە بەس نییە، لە هەمان كاتیشدا هەوڵدەدەن رێڕەوى وشكانى بكەینەوە بۆ گەیاندنى بڕێزى زۆرى پێداویستییەكان بۆ كەرتى غەزە. دەربارەى مانگى رەمەزانیش جۆ بایدن گوتى، "پێویستە رێگە بە نوێژكەران بدرێت لە مزگەوتى ئەقسا لە قودس لە مانگى رەزامەند نوێژ بكەن، ئەوەش لەدواى ئەوە دێت، وەزیرێكى توندڕەوى ئیسرائیل داواى رێگرى دەكرد".
گرژییەکانی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە ئەو ئاستەی بە ئاشکرایی باسی لیوە بکرێت. بۆ نموونە وەک ماڵپەڕی (حوڕە) بلاویکردووەتەوە، جۆ بایدن، سەرۆكى ئەمەریكا لە وڵامى پرسیارى رۆژنامەنووسێك سەبارەت بە پێكشەشكردنى وتار لەبەردەم كنێسى ئیسرائیلى رایگەیاند، "تا ئەو چركە ساتە هیچ پلانێكم نییە". دەربارەى وادەى دیداریشى لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "دوو هەفتە پێش ئێستا دیدارمان بووە، بەڵام بۆ ئێستا هیچ وادەیەك نییە بۆ دیدارى نوێ، دەربارەى وادەى ئەو كۆبوونەوەش گوتى، لە داهاتوو دەبینین چى روودەدات". دەربارەى ناكۆكییەكانى نێوان بایدن و ناتەنیاهۆ ئۆلیڤیا دالتۆن، گوتەبێژ بەناوى كۆشكى سپى رایگەیاند، "هیچ گۆڕانێك لە پەیوەندییەكانیان رووى نەداوە، تیمى هەردوو سەرۆك بەردەوامن".
پێشتر بایدن جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، ناتەنیاهۆ زیانى لە سوودى بۆ ئیسرائیل زیاترە، شێوازەى بەڕێوەبردنى جەنگ كە یۆتە هۆى كوشتنى خەڵكى مەدەنى بە هەڵەیەكى گەورە دادەندرێت. لە وەڵامى ئەو قسانەى سەرۆكى ئەمەریكا سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند، "كە سیاسەتى تایبەتى خۆى جێبەجێ ناكات، بەڵكوو ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكات، كە زۆربەى ئیسرائیلییەكان لەسەرى كۆكن، من نازانم بایدن مەبەستى چییە، بەڵام ئەگەر مەبەستى ئەوەیە كە سیاسەتێك پەیڕەو دەكەم دژ بە زۆرینەى ئیسرائیلییەكانە و زیان بە بەرژەوەندى ئیسرائیل دەگەیێنێت، ئەوە لە هەردوو حاڵەتەكە هەڵەیە".
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هەوڵ و سەردانەکانی بەردەوام بوو لە پێناو گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک بۆ جەنگەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەلایەن ئیسرائیل و فەڵەستینەوە. ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، "پڕۆژە بڕیارێکمان پێشکەشى ئەنجوومەنى ئاسایشى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، لەو پڕۆژە بڕیارە داوامان کردووە دەست بەجێ ئاگربەست رابگەیێندرێت. بە بۆچوونى من ئەو پڕۆژە بڕیارە پەیام و ئاماژەیەکى بەهێزە بۆ ئیسرائیل، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل مافى خۆیەتى بەرگرى بکات، بەرانبەر ئەو هێرشانەى کە لە حەوتى ئۆکتۆبەر کرایە سەرى، کە جارێکى دیکە دووبارە نەبێتەوە".
سەبارەت بە دۆخى غەزەش وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا رایگەیاند، "پێویستە پارێزگارى لە هاووڵاتیانى مەدەنى بکرێت و هاوکارییەکانیان بگاتە دەست، واشنتینیش هەموو فشارێک دەخاتە سەر تەلئەبیب بۆ گەیاندنى هاوکاریى زیاتر بۆ دانیشتوانى کەرتى غەزە. لەگەڵ میسر و قەتەر لە هەوڵەکان بەردەوامین بۆ ئەوەى ئاگربەست لە نێوان بزووتنەوەى حەماس و ئیسرائیل رابگەیێندرێت".
لە لایەکی ترەوە ماڵپەڕی (ئارتی) ڕایگەیاند، "ئەنجوومەنى ئاسایشى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەم بڕیارى راگرتنى دەستبەجێى جەنگى غەزەى پەسەند کرد، بەڵام ئەمەریکا دەنگى بە پڕۆژەکە بڕیارەکە نەدا. ئەمەریکا لەو بڕیارە مافى ڤیتۆى بەکارنەهێنا، بەڵام دەنگى بە پڕۆژە بڕیارەکە نەدا، ئەوەش لە کاتێدایە پێشتر بەهۆى پەنابردنە بە ڤیتۆ ئەو بڕیارە پەخرابوو، ئەوەش دەبێتە یەکەم بڕیار بۆ راگرتنى جەنگە لە غەزە. ئەو بڕیارە لە کۆى (15) ئەندام دەنگ یەک ئەندام دەنگى نەدا، پڕۆژە بڕیارەکە داوا دەکات دەستبەجێ لە مانگى رەمەزان جەنگ رابگیرێت، کە دەبوو دوو هەفتە پێشتر ئەو بڕیارە بدرێت، بۆ ئەوەى ببێتە ئاگربەستى هەمیشەیى و ئازادکردنى دەستبەجێى دیلەکانى ئیسرائیل. ئەو پڕۆژە بڕیارە لە ئەنجامى کارکردنى ئەندامە نا هەمیشەییەکانى ئەنجوومەنى ئاسایش بوو کەبە درێژایى کۆتایى هەفتەى رابردوو لەگەڵ ئەمەریکا لە هەوڵدابوون بۆ خۆپاراستن لە هەر پەکخستنێکى ئەو بڕیارە".
پێشتر بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، هەڕەشەى لە ئەمەریکا کرد بوو، کە ئەگەر مافى ڤیتۆ لە ئەنجوومەنى ئاسایش بەکار نەهێنێت، ئەوا شاندى سەربازیى بۆ گفتوگۆ لەسەر هێرشى سەربازیى غەزە رەوانەى ئەمەریکا ناکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هاوتا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی چەندین وڵات کۆبووەوە بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی غەزە. ماڵپەڕی (نوچەنێت) بلاویکردەوە، "وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا، فەڕەنسا، قەتەر، میسر، ئوردن، سعوودیە و دەسەڵاتدارانی فەڵەستین کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین و دۆزینەوەی میکانیزمی ڕاگرتنی ئاگربەست".
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، "چاوەڕوان دەکرێت بلینکن، وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی کۆببنەوە و چۆنیەتی هاوکاری وڵاتان بۆ دۆخەکە، بنیاتنانەوەی کەرتی غەزە تاوتوێ بکەن، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعوودیە باس لە هەوڵەکان دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی ڕێککەوتنی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل".
ستێفان سێژورن، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتی، "ئێمە گفتۆگۆ دەکەین لەسەر بارمتەکان، بارودۆخی مرۆیی، دانووستان و ئاگربەست. دۆخی غەزە کارەساتە و پێویستی بە ئاگربەست هەیە". ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە هات چەندین جار وڵاتان هەوڵیان دا دۆخی فەڵەستین ئاسایی بکەنەوە و باس لە بە دەوڵەت بوونی فەڵەستین دەکەن، ئەگەرچی چەندین جار لە لایەن ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەم پرسە ڕەتکرایەوە.
شێوازی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا کاریگەری زیاتری کردە سەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەردوو وڵات لەگەڵ یەکتر بۆ نموونە، ماڵپەڕی (عەرەبی 21) بلاویکردەوە، بەرپرسێكى باڵاى ئیسرائیلى كە نەیویستووە ناوى ئاشكرا بكرێت بە تۆڕى ئەبى سى ئەمەریكى راگەیاندووە، "ئەمەریكا هاوكارییەكانى بۆ ئیسرائیل دوادەخات، ئەوەش نیگەرانى درووستكردووە، چونكە وڵاتانى ئەوروپاش دوودڵن لە فرۆشتنى چەك بە وڵاتەكەمان.
لە بەشێكى دیكەى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئیسرائیل دركى بە قەبارەى بێ هیوایى ئەمەریكا لەو جەنگە كردووە، پێویست دەكات تەلئەبیب هەوڵى زیاتر بخاتەگەڕ بۆ دابینكردنى زیاترى هاوكارییە مرۆییەكان بۆ غەزە". ئەو بەرپرسە ئاماژە بەوەش دەكات، "لەسەرەتاى هێرشەكانى حەوتى ئۆكتۆبەر هاوكارییە سەربازییەكانى ئەمەریكا زۆر بە خێرایى دەگەیشت، بەڵام ئێستا زۆر بە سستى دەكات، ئەگەریش هەیە ئیسرائیل لەو جەنگە شكست بهێنێت، چونكە بۆ ئەوەى سەر بكەوێت پێداویستى سەربازیى و شەرعیەتى پێویستە، ئێستاش هەردووكیان دەستیان بە كۆتاییهێنان كردووە". دەربارەى جۆرى چەكەكان ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاشكراى كردووە، "مووشەكى (155 ملیم) و مووشەكى (120 ملیم)ى تانك كەمبۆتەوە".
وەک ناڕەزاییەک لە بەرانبەر گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا ئیسرائیلیش چەند هەنگاوێکی جێبەجێکرد ماڵپەڕی (نوچەنێت) ڕایگەیاند، نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، "ئەمەریکا لەو سیاسەتەى لە سەرەتاى جەنگى غەزە لە ئەنجوومەنى ئاسایش گرتبوویەبەر ئێستا پاشەکشەى کردووە.
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکە هاتووە، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەمەریکا لە هەڵوێستى نەگۆڕى چەند رۆژ پێش ئێستاشى پاشەکشەى کردووە کە بڕیاربوو بەگوێرەى ماددەى یەک راگەیاندنى ئاگربەست بەرانبەر ئازادکردنى دیلەکان بێت". راگەیێندراوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "ئەمەریکا مافى ڤیتۆى دژ بەو دەقە نوێیە بەکار نەهێناوە، کە داواى ئاگاربەستى دەستبەجێ دەکات، بەبێ مەرجى ئازادکردنى دیلەکان و بە بڕوای سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوە پاشەکشەیەکى روون لە هەڵوێستى نەگۆڕى ئەمەریکا لە ئەنجوومەنى ئاسایش کە لە سەرەتاى جەنگەوە پەیڕەوى دەکرد".
دەربارەى کاریگەرییەکانیش ئاماژە بەوە دەکات، "پاشەکشەى ئەمەریکا کاریگەرى لەسەر جەنگ و ئازادکردنى دیلەکان دەبێت، چونکە هیوایەک بە فشارە نێودەوڵەتییەکان بزووتنەوەى حەماس دەدات، رێگەى دەدات ئاگربەست بەبێ ئازادکردنى دیلەکان راگەیێنێت. بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رەوانەکردنى ئەو شاندە باڵایەى بۆ واشنتن هەڵوەشاندنەوە کە بڕیار بوو بۆ گفتوگۆ لەسەر ئۆپراسیۆنى سەربازیى بۆ سەر رەفەح لە باشوورى غەزە بکەن".
هەوڵی جیاواز درا بۆ کەمکردنەوە یاخود نەمانی پالپشتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، "لە كۆنگرێسى ئەمەریكا (37) كۆنگرێسمان نامەیەكیان ئاراستەى جۆ بایدن كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر كارمەندانى دامەزراوەى چێشتخانەى جیهانى كە بووە هۆى كوژرانى حەوت كارمەندى ئەو دامەزراوەیە".
نانسى پیلۆسى، سەرۆكى پێشووى كۆنگرێس و (36) ئەندامى دیكە نامەیەكیان ئاراستەى هەریەك لە جۆ بایدن، سەرۆك و ئەنتۆنى بلینكن، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكا كردووە، لە نامەكە "داوا دەكەن رەوانەكردنى چەك بۆ ئیسرائیل بووەستێنن، بە رووانین بۆ هێرشكردنە سەر كارمەندانى فریاگوزارى و دۆخى مرۆیى كە لە غەزە زۆر خراپتر دەبێت، پێمان وایە ڕانەگرتنى رەوانەكردنى چەك بۆ ئیسرائیل هیچ پاساوێكى نییە".
دوایین پێشهاتەکانی جەنگەکە
ڕۆژانی (چوار و پێنجی ئایار/2024) لە قاهیرەی پایتەختی میسر گفتوگۆ کرا دەربارەی دانووستاندن و شاندی حەماس ئامادەییان هەبوو بە نێوەندگیری میسر و قەتەر و ئەمەریکا چاوەڕوان دەکرا دانیشتنی ئەمجارە جیاواز بێت و گەیشتن بە ڕێککەوتن نزیک بێت، بەڵام بە پێجەوانەی پێشبینییەکان هیچ ئەنجامێکی جیاوازتر لە کۆبوونەوەکانی ڕابردووی لێنەکەوتەوە. ڕۆژی دووشەممە (شەشی ئایار/2024) شاندی حەماس قاهیرەی جێهێشت و بەرەو دۆحە بەڕێکەوتن.
ڕۆژی یەکشەممە (پێنجی ئایار/2024) بەرپرسێکی حەماس جەختی لەسەر گرنگی گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنی ئاگربەست کردوە و ڕایگەیاند، "خودی بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نایەوێت ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت و ئاگربەست ڕابگەیێندرێت، ویستی حەماسە لەلایەن ئەمەریکاوە دڵنیایی تەواو وەربگرن کە ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر رەفەح، لە بەرانبەردا ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی کە دەڵێن، "ئێمە گوێ بەوە نادەین کە ڕێککەوتن دەکرێت یاخود نا، بێگومان هێرشی زەمینی دەکەین بۆ سەر باشووری رەفەح".
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چەندین جار ڕایانگەیاندووە، "پێویستە ڕێگە بدرێت بە گەیشتنی هاوکاری زیاتر بۆ کەرتی غەزە و برسییەتییەکی تەواو لە فەڵەستین بوونی هەیە". خۆپیشاندەرانی دژی حکومەتەکەی ناتەنیاهۆش بەردەوام بوون لە داواکردنی ئەوەی پێویستە "سەرۆک وەزیران ڕازی بێت بە ڕێککەوتن لە پێناو گەیشتن بە ئاگربەست و گەڕاندنەوەی ئەو دیل و بەندکراوانەی لە ژێر دەسەڵاتی حەماسن".
ئامارى قوربانیانی جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین
لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس قوربانی و وێرانکارییەکان بەردەوامییان هەیە. وەک لە ئاماری ڕۆژی شەممە (چواری ئایار/2024) ی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستیندا هاتووە، زیاتر لە (34) هەزار و (600) فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە (77) هەزار کەسیش برینداربوون. لە بەرانبەردا نزیکەی (1500) ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە (5) هەزار کەس بریندار بوونە لەم وڵاتەدا.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment