زیاتر لە 15 نانەواخانەی دەربەندیخان داخران کوردستان- عێراق

نوچەنێت

گرانبوونی بەهای غاز و ئارد بووە هۆی داخستی زیاتر لە 15 نانەواخانەی دەربەندیخان و بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، نوێنەری نانپێژەکان داوا دەکات حکوومەت بوتڵێک غاز بە 5000 هەزار دینار بدات بە نانەواخانەکان

رۆژ دوای ڕۆژ گرانبوونی بەهای وزە کاریگەری لەسەر بازارەکانی هەرێمی کوردستان  دروست دەکات، بە تایبەت لە هەلکشانی نرخی بەنزین و غاز، هەروەها  دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، نرخی کاڵا و بەربوومی خۆراکی زێدەتر بەرزکردۆتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتی 20/10/2021، زیاتر لە 15 نانپێژی دەربەندیخان بە هۆی گرانی نرخی غاز و ئارد بڕیاری داخستنی نانەواخانەکانیان دا.

لەو بارەیەوە نوێنەری نانپێژەکانی دەربەندیخان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاری کەناڵی رووداو رایگەیاند" سەرجەم نانەواخەکانی دەربەندیخان داخراون و تەنیا یەک نانەواخانە کار دەکات".

سەبارەت بە هۆکاری داخستنی نانەواخانەکان، نوێنەری نانپێژەکان وتی" هەموو شتێک گران بووە، ئارد گران بووە، غاز گران بووە، کارەبا گران بووە، نایلۆن و عەلاگە گران بووە"

هاوکاتی وتیشی" جاران یەکە فەردە ئاردمان بە 25 هەزار دینار دەکڕی، بەلام ئێستا نرخەکەی بۆتە زیاتر لە 37 هەزار دینار بۆ هەر فەردەیەک"

لە بارەی گرانی نرخی غازیش وتی" بۆ کرینی لیترێک پێویستە هەر نانپێژێک 590 دینار بدات، کە پیشتر 270 دینار بوو، واتە بوتێڵک غاز بە زیاتر لە 13 هەزار دینار لەسەر ئێمە دەکەوێت".

بۆ کردنەوەی نانەواخانەکانیان و دووبارە فرۆشتنی نان، نوێنەری نانپێژەکانی دەربەندیخان داوای کرد، حکوومەت هەر بوتڵێک غاز بە 5000 هەزار دیناریان پێ بفرۆشێت".

گرانبوونی نرخی غاز و لێکەوتەکانی لەسەر نرخی نان، دوای پەتای کۆرۆنا، دووەمین جارە رووبەرووی بازارەکانی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، هەرچەندە قائیمقامی هەولیر بە دەزگای نوچەی راگەیاند، کە قەیرانی غاز لە هەولێر و هەرێمی کوردستان بوونی نییە و غاز بە نرخی ئاسایی خۆی دەفرۆرشرێت، بەڵام لێکەوتەکانی بەسەر بازارەکان و خواستی خەلک بە غاز بە روونی دەبینرێت.

دەزگای نوچە بۆ زانینی گرفتی سەرەکی  پشت گرانبوونی نرخی غاز و بەنزین، پێوەندی بە جێگری سەرۆکی لیژنه‌ى وزه‌ وسامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستانەوە کرد. هۆکارەکانی گرانبوونی بەهای وزە و غاز ئاشکرا کرد و رایگەیاند بەیانی لێژنەی پەرلەمانی بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە کۆدەبێتەوە.

بۆ زانینی وردەکاری ئەنجامی لێژنەکە، دەزگای نوچە پێوەندی بە ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان  کرد.

 شێرکۆ جەودەت بە دەزگای نووچە وت"  لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بانگهێشتی وەزیری سامانە سروشتییەکان دەکەین.

هەرەوەها وتی" "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین و غازە، بۆ تاووترێکردنی ئەم کێشەیە بانگهێشتی وەزیری سامانە سروشتییەکانمان کردووە".

 کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ پرسی بەنزین و گاز و بانگهێشتکردنی وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، رۆژی رابردوو وەزیری سامانە سروشتییەکان، بۆ مەبەستی هەناردەکردنی بەنزین و نەوت لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە، سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ وەزیری نەوت کۆبووەوە. جەختی لەوە کردەوە کە لە هەفتەی داهاتوودا کێشەی گرانی بەنزین چارەسەردەبێت، هەروەها ئەمساڵ بڕی(150)ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سێ قۆناخ دابەش دەکرێت. 

سەبارەت بە نرخی ئارد و بەروبوومەکانی تری خۆراک، دوای بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ کەمکردنەوەی رێژەی ٪50ــی چاندنی گەنم، پێشبینی دەکرێت نرخەکانی خۆراک و ئارد زیاتر بەرزببنەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی ڕاوژێکارێکی کازمی دووپاتیکردەوە کە بەهای دیناری عێراق بەراممبەر بە دۆلار وەک خۆی دەبێت و گۆرانی بەسەردا نایەت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین