سەرۆکی نوێی دەزگای دیپلۆماسی ئەمریکا کێیە؟

0

نوچەنێت

مایک پەمپئۆ، کە رۆژی رابردوو لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە دیاری کرا، لە زۆربەی بابەت و پرسە گرنگ و جیهانیەکان لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوڕایە و وەک دەگوترێ هاودیدن.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، بە کۆماریخوازێکی توندڕەو هەژمار دەکرێ، وەک چۆن دۆناڵد ترەمپ، بەر لەوەی بێتە ناو کایەی سیاسییەوە، سەرقاڵی کاروباری بازرگانی بووە. بەر لەوەی ببێتە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، سەرۆکی کۆمپانیاییەک بووە، کە لەکاروباری نەوت چالاک بووە.

مایک پەمپئۆ، بۆ ماوەی سێ خول نوێنەرایەتی ئەیالەتی کانزاسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ئەستۆ بووە. هەروەها ئەندامی لیژنەی زانیاریەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی وزە و بازرگانی ئەم ئەنجومەنە بووە.

مایکی ٥٤ ساڵە، خوێندنی لە زانکۆی هاروارد تەواو کردووە. دوای ئەوەی لە ٢٠٠٨ باراک ئۆباما بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەست بوو بە بزووتنەوەی کۆنەپارێزی پارتی. هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی چەک بووە. دوای هێرشە مەرگبارەکانی ئەمریکا، رەخنە و گازندەی زۆری لەم ئەنجومەنە هەبووە و بە توندی هەڵوێستی وەرگرت.

پەمپئۆ، بژاردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە، هەمان ئەو کەسەیە، کە کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە داعش شوبهاند و لە سەردەمی دانوستانە ئەتۆمیەکانی ئێڕان و وڵاتانی زلهێزی جیهان، خوازیاری بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێڕان بووە.

بە گوتەی سیناتۆر گراهام، هیچ کەس وەک پەمپئۆ لە مەترسیەکانی کۆریای باکور و ئێران تێناگات.

پەمپئۆ، پێشتریش ئێرانی بە رژێمێکی پۆلیسی تاوانبارە وەسف کردووە. رێککەوتنی ئەتۆمی بە کارەساتێکی گەورە ناوبرد و کاتێک پۆستی سەرۆکی دەزگای سی.ئای.ئەی بە دەستەوە گرت، بەڵێنی دا، کە ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی بکشێتەوە، چونکە پێێ وایە ئەم رێککەوتنە رێگری لە گەیشتنی ئێڕان بە چەکی ئەتۆمی ناکات، سەرباری ئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەکی جددیتر بۆ سەر ئیسرائیل.

ساڵی ٢٠١٦، ئێرانی وەک گەورەترین پشتیوانی تیرۆریم لە ئاتسی جیهان وەسف کرد و وەک بۆ خۆی  دەڵێت “ئامانجی رژێمی ئێڕان لە ناوبردنی ئەمریکایە”.

مایک پەمپئۆ لە چاوپێکەوتن و لێدوان و نووسراوەکانی، ئێڕان بە سەرچاوە و هۆکاری سەرەکی ململانێ و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبات.

کاتێک، کە رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ کرا، رایگەیاند “ئەم رێککەوتنە دیاری و خەڵاتێکی گەروەی کۆمەڵگای جیهانی بوو بۆ ئێران و رەفتارەکانی. ساڵی ٢٠١٦ بوو، کە بە ئاشكرا گوتی، کۆنگرێسی ئەمریکا دەبێ هەوڵ بۆ گۆڕینی رەفتاری ئێران و دواتر گۆڕینی رژێمەکەی بدات.

لە ماوەی رابردووشدا نامەیەکی ئاراستەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران کرد و تیایدا هۆشداری دایە ئێران و پێی راگەیاند، کە رێگە نادات بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەوێتە بەر هەڕەشەی ئێڕان.

وەزیری دەرەوەی داهاتووی ئەمریکا، پێشتر جەختی کردۆتەوە، کە سەرانی وڵاتانی ئیسلامی بە ناوی ئیسلامەوە توندوتیژی بەڕێوە دەبەن و ئەوانی وەک هۆکاری هێرشە تیرۆریستیەکان ناوبردووە.

لە ساڵی ٢٠١٣ لە گوتارێکدا لە ئەنجومەنی نوێنەران، گوتبووی “ئەوان (سەرانی وڵاتانی ئیسلامی) دەبێ بە پشتبەست بە قورئان، جەخت لە سەر ئەوە بکەنەوە، کە کوشت و کوشتاری خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان ناڕەوایە”.

دژی داخستنی زیندانی گوانتانامۆیە، لە ساڵی ٢٠١٣، دوای ئەوەی سەردانی زیندانی گوانتانامۆی کردبوو و لە نزیکەوە ژمارەیەک بەندکراوی بینی، کە مانیان لە خواردن گربوو، گوتبووی “وام هەست کرد زۆریەک لە مانگرتووان کێشیان زیادی کردووە و قەڵەوتر بوونە”.

یەکێكە لە دژەکانی کۆریای باکور و سەرۆکەکەی و پێێ وابووە، کە دەبێ کار بۆ وەلانانی کیم جۆنگ ئون بکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ریکس تیلرسەن، جەختی کردۆتەوە، کە گۆڕینی رژێمی کۆریای باکور، سیاسەتی واشنتۆن نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com