کارتە سوتاوەکانی ئەمریکا لە ئۆپێک پلەس، جۆبایدنی هێنایە قسە ئابووری جیهان

نوچەنێت

سەرۆکی ئەمریکا وڵاتانی ئۆپێک تۆمەتبار دەکات و جەخت دەکاتەوە زیاد نەکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن ئۆپێک پلەس، هۆکارە لەبەرزبوونەوەی نرخی نەوت

بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کاریگەریە نەرێنیەکانی لەسەر بازاڕەکانی ئەمریکا، بووە هۆی بلاوکردنەوەی لێدوانی جودا و پڕ نارەزایەتی لەلایان کۆشکی سپی و ئیدارەی جۆ بایدنەوە، بە تایبەت دوای ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پلەس و زیادنەکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

نرخی نەوت وگاز بەردەوامە لەهەڵکشان و لە ماوەی تەنیا شەش مانگدا، نرخەکانی نەوت لە بازارەکانی ئەمریکادا بەرێژەی ٪65 بەرزبوونەتەوە، لەهەمانکاتدا، نرخی بەنزین بەراورد بە ساڵی 2014 بڕی سێ دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک زیادی کردووە، هەروەها ئاستی وزەی عەمبارکراو لە کۆگایەکانی عەمبارکردنی نەوت و گاز بەراورد بە 5 ساڵی ڕابردوو بۆ نزمترین ئاست دابەزیوون.

سەبارەت بە گازی سروشتی، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بازارەکانی ئەمریکدا ڕێژەی ٪30 پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، بەلام لە پێشبینی زستانێکی چاوەڕوانکراودا، نرخی هەر ملیۆن پێ سێجا بڕی 5 دۆلار زیاتر بەرزبۆتەوە.

هەرچەندە ولاتی هیندستان و چین و، ئاستی بەرهەمهێنانی کانزا گرانبەهایەکان و خەڵووزیان بەرزکردۆتەوە، بەڵام وزەی خەڵووز جیاوازتر لە هەموو ساڵانی ڕابردوو، نرخەکانی بەرێژەی ٪400 بەرزبۆتەوە و نرخی هەر تۆنێک خەڵووز بە 270 دۆلار مامەڵەی لە بازارەکانی ئەمریکاوە پێوە دەکرێت.

دوای ئەوەی لە رێککەوتی 12/8/2021، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ڕێژەی هەڵئاوسانی ئەمریکا، ئیدارەی بایدن ناچار کرد، داوا لە ئەندامە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی ئۆپێک (سعوودیە و ئیماڕات) بکات بۆ زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت.، رەخنەی تووند لە لایانی جودایەوە ئاراستەی ئەم بڕیارەی بایدن کرا.

ئاژانسی وزەی جیهانی لە راپۆرتێکیدا، ئەو بڕیارەی بایدن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، بە ڕیسک بۆ بازارەکانی نرخی نەوت و خواست و خستنە روو ئەژمار دەکات، لە راپۆرتەکەی IEAــدا هاتووە “ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایان رێکخراوی ئۆپێک پلەس، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بازارەکانی نەوت و، بە تایبەت کەمبوونەوەی خواست  وزیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنان لە دەرەوەی رێکخراوەکە، ئەمەیش بە هۆی زیادبوونی لێشاوی تووشبوانی کۆرۆنا وەمەترسیەکان زیدەتر دەکات”.

داواکاری جۆ بایدن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی بڕی نەوت، بووە هۆی نارەزایەتی پایتەختی بەرهەمهێنانی نەوت کە تەکساسە، لەو بارەیەوە حاکمی تەکساس، پەیامێکی ئاراستەی کۆشکی سپی کردوو و رایگەیاند “ ئازیزان لە کۆشکی سپی، ئەگەر خواستی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتتان هەیە، ئێمە دەتوانین ئەو برە نەوتە زیاتر بەرهەمهێنین”

هەروەها وتی" بۆچی ناچارمان دەکەن، پشت بە هاوردەکردنی وزەی دەرەکی ببەستین".

لە کۆبوونەوەی مانگی ئابی ئۆپێک پلەس، بە کۆ دەنگی ئەندامانی ئۆپێک پلەس بریاردرا بە هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هاوشێوەی ڕێککەوتنی هەمەلایانە لە مانگی تەمووزدا. دوای ئەو بڕیارە نرخی نەوت بۆ 70 دۆلار بەرزبوویەوە و هاوکات بەرزبوونەوەی بەهای بەنزین لە بازارەکانی ئەمریکا، لە ئابی ئەمساڵدا، ئیدارەی بایدن داوای لە سعوودیە و ئیمارات کرد، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن، بەڵام دوای کۆبوونەوەی ئۆپێک لە سەرەتاییەکانی ئەیلولدا، بە سەرپەرەشتی ڕووسیا، داواکاریەکەی بایدن پشتگوێخرا. 

دووبارە بڕیاری زیاد نەکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پلەس لە مانگی سێپتمبەردا، کۆشکی سپی نارەزایەتی خۆی راگەیاند و وتی" تەنیا پشت بە ئۆپێک پلەس نابەستین بۆ سەقامگیرکردنی بازارەکان بەڵک و ڕێگەی ترمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی نرخی گاز"

گەیشتنی نرخی نەوت بۆ سەرووی 85 دۆلار، بۆ جاری سێیەم ئەمریکا و کۆشکی سپی  لە 19/10/2021 ناچار کرد، داوا لە ئۆپێک پلەس بکات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن، بەلام پێش دەستپیکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پلەس لە مانگی نۆڤەمبەردا، وەزیری وزەی سعوودیە بە ناراستەوخۆ بە ئەمریکای راگەیاند" ئاستی بەرهەمهێنان زیاد ناکەین و پابەندی بریارەکانی ئۆپێک پلەس دەبین تا ساڵی 2022".

 عبدولعەزیز وتی" ڕێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە ناسراوە بە ئۆپێک پلەس، هیچ کورتهێنانێک لە خستنەرووی نەوت لەبازارەکاندا نابینن".

هەروەها وتی “ئۆپیک پلەس ڕۆلێکی کاریگەری هەبووە لە ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت”.

وەزیری وزەی سعوودیە بە ئامادەبووانی کۆربەندی هەفتەی سیرای هیندی راگەیاند" بۆ یەکەمجارە، ڕۆڵی خۆمان بە سنوورداری دەبینین"

کوری شای سعوودیە ئەوەیشی زیادکرد" پرسی ئێستای بازارەکانی نەوت، پرسی کەمی یان کورتهێنانی نەوت نیە لەبازارەکاندا، ئەگەر هاتوو نەوتمان زیاد کرد، کوا پاڵاوگە بۆ ئەوەی ئەو نەوتە بگۆڕێت؟".

دوای ئەم لێدوانەی وەزیری وزەی سعوودیە، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن هاتە قسە و وتی"بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهان بۆ کەمی خستنەڕووی نەوت و هەروەها بۆ هەندێ کەسایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە ،بۆ ئەوەی من قسەیان لە گەڵدا بکەم"

هەروەها وتی " ئەوە بە دەستپێشخەرییەکی دەرەکی کە بابەتی گرانبوونی خەرجی دەرهێنانی نەوت و پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوتە، بەستراوەتەوە، زیاتر لەوەی بە رێگریکردن لە زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپیک، ببەسترێتەوە.

بایدن گوتی: "لەو بارەیەوە گفتوگۆی زۆر هەن و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی هەن، کە دەیانەوێت قسەم لەگەڵدا بکەن، بەڵام من بەدووری دەزانم قسەیان لەگەڵدا بکەم"

ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە سەرەتای هاتنی سەر دەسەڵات جەختی لەوە کردەوە کە نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دروست بکات، ئەوەش لەسەر بنەمای دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشوقچی، رۆژنامەڤانی سعودی کە لە 2-10-2021 لەنێو کونسوڵخانەی سعودیە لە شاری ئیستەنبوولی تورکیا کوژرا بەبێ ئەوەی تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.

لە کۆتایدا سەرۆکی ئەمریکا وتی"لە ئێستادا دابەزاندنی بەهای نەوت کارێکی ئاسان نیە، بەڵام لە ساڵی 2022ــدا، نرخی سووتەمەنی لە جیهان دادەبەزێت.

هەروەها وتیشی “ ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە ئێمە لە توانامان نرخی نەوت نزمبکەینەوە و ئەو کارە کەمێک لەسەر بڕیاری سعوودیە و هەندێ شتی دیکە دەوەستێت  و  لە داهاتوودا دەکرێن”.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین