نهێنییەکانی پلانی کەوتنی موسڵ ئاشکرا دەکرێن

0

نوچەنێت-ئەلوەتەنی سعودی

لەکاتێکدا سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق نووری مالیکی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئامادە دەکات، راپۆرتە نوێیە دزەکردووەکان دەریدەخەن راوەستاندنی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە هۆکارەکانی کەوتنی موسڵ، بەهۆی ئەوەوە بووە پلانەکە هی ئێران بووە بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا و مالیکی بە رادەستکردنی موسڵ تەنیا پلانەکانی تارانی جێبەجێکردووە.

هۆکارەکانی خستنی موسڵ لەلایەن ئێران و مالیکی

١- رزگارکردنی رژێمی ئەسەد لە کەوتن

٢- هەوڵدان بۆ وێرانکردن و لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان

٣- بەهانەهێنانەوە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ئێران لە عێراقدا

٤- بەهانەهێنانەوە بۆ درووستکردنی حەشدی شەعبی

٥- تووشکردنی سوننەکان بە چەندین قەیرانی مرۆیی

٦- پشتیوانی حوسییەکان بۆ کودەتاکردن بەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە

 

هەوڵێ لێکۆڵینەوە لە کەوتنی موسڵ

 

لەگەڵ خۆ کۆکردنەوەی مالیکی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق، موقتەدا سەدر کەوتە فشار درووستکردن بۆ لێکۆڵینەوە لە کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤ و داگیرکردنی پارێزگا سوننەنشینەکان لەلایەن داعشەوە. بەڵام راپۆرتە نهێنییە دزەپێکراوەکان دەڵێن، بە گوشاری نوری مالیکی و ئێران، لێکۆڵینەوەکان وەستێنراون.

سەرکردەیەکی دیاری رەوتی سەدر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی سعودی دەڵێ “نهێنیگەلێکی مەترسیدار هەن لە پشت هەوڵەکانی وەستاندنی لێکۆڵێنەوە لە کەوتنی موسڵ”. ئەو بەرپرسە دەڵێ “حاکم زاملی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سەدرییەکان، سەرۆکایەتی لێکۆڵینەوە لە کەوتنی موسڵی گرتە دەست، لێژنەکە چەندین جار داوای لە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری کردووە لێکۆڵینەوەکان بە وردی و فراوانی دەستپێبکرێن، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو هەوڵانەی سەدرییەکان، لێکۆڵینەوەکان سادە دەکرانەوە بۆ تەنیا ئاڵوگۆڕکردنی چەند نامە و رونکردنەوەیەک لەنێوان حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری”.

سەرکردەکەی سەدر دەڵێ “سەرۆکوەزیرانی ئێسا حەیدەر عەبادی، زیاتر لە جارێک هەوڵی کردنەوەی لێکۆڵینەوەی فراوانی دەدا بۆ کەوتنی موسڵ، بەڵام هەموو جارێک پاشەکشەی لە هەوڵەکانی دەکرد و بەهانەی پاشەکشەکەشی روون نەدەکردەوە، وا دیارە عەبادی لەژێر هەڕەشەدا ئەو پاشەکشانەی دەکرد”.

فەرمانەکانی کشانەوە

سەکردەکەی سەدرییەکان دەڵێ “فەرمانی کشانەوەی یەکە سەربازییەکانی عێراق لە موسڵ و ناوچەکانی دیکە لە نووسینگەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە دەردەچوون، کە ئەوکاتە مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد، هەرکاتێک لێژنەکەی پەرلەمان دەیویست لێپێچینەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان بکات و لە هۆکارەکانی کشانەوە لەو ناوچانە بکۆڵێتەوە، لێکۆڵینەوەکان سەرکوت دەکران. دواتر دەرکەوت هەموو ئەو فەرماندە سەربازییە باڵایانەی ئەوکات لە موسڵ بوون، ئێستا نێردراونەتە دەرەوەی عێراق و پۆستی دیپلۆماسییان پێدراوە! هەروەها هەرچی پەیامی تەلەفۆنییان هەبووە سڕاونەتەوە، کە لە دە رۆژی یەکەمی مانگی حوزەرانی ٢٠١٤ و کەوتنی موسڵ و شارە سوننەکان ئاڵوگۆڕیان پێکراوە. ئەو دە رۆژە ئەو کاتانە بوون، کە تیایاندا هەرچی چەکی قورس بوو بەجێهێلران و کەوتنە دەستی داعش”.

قەتڵ و عامی سەربازەکانی سپایکەر

رۆژانی ١١ و ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە بنکەی سەربازیی سپایکەری رۆژئاوای تکریت، ١٧٠٠ فێرخوازی سەربازی لەلایەن داعسەوە قەتڵ و عام کران و هەمووشیان خەڵکی پارێزگا شیعەنشینەکانی باشووری عێراق بوون! ئەم بنکە سەربازییەش فەرمانی کشانەوەیان پێدرابوو، بەڵام پلانەکانی کشانەوە بە خاوی بەڕێوەچوون و سەرەنجام داعش بە خێرایی گەیشتنە سەریان و قەتڵوعامیان کردن.

هۆکارەکانی موئامەرەکەی ئێران بەسەر عێراق

بەگوێرەی کۆنووسی کۆبوونەوەکانی سەرکردە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق لە بەغدا، مالیکی بە ئەنقەست موسڵی بۆ داعش چۆڵکردووە، ئەوەش پلانێکی ئێرانی بووە و مەبەستی ئەوە بووە رژێمی ئەسەد لە رووخان بپارێزێ، پلانی پاراستنی ئەسەد لە رێگەی خستنی موسڵەوە بەم شێوەیە بووە:

١-ناردنی پەیامێکی تۆقێنەر بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوەی هەموو هێزە تیرۆریستییەکان دەچنە ریزی داعش و بەهێزی دەکەن.

٢-هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە کیانی هەرێمی کوردستان، چونکە پێشبینییەکان وەها بوون پاش ناوچە سوننەکان، داعش کوردستانیش داگیردەکات، پلانەکەش هەروا رۆیشت، بەڵام فڕۆکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەستێوەردانیان کرد و نەیانهێشت کوردستان بکەوێ.

٣-بەهانەهێنانەوە بۆ درووستکردنی حەشدی شەعبی، بە بیانوی پاراستنی پیرۆزییەکانی شیعەکان، بەڵام لە راستیدا بۆ بەهێزکردنی هەژموونی ئێران بوو لە عێراق و ناوچەکە.

٤-تێوەگلاندنی شارە سوننەکان بە قەیرانی مرۆیی و وێرانکردنیان بەشێوەیەکی بەرفراوان، بە جۆرێک جەنگەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەو شارانە دەبێ، کە داعش داگیری کردوون.

٥-بەهانەهێنانەوە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ئێران لە عێراق، چونکە تا ئەوکاتە ئێران تەنیا لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە دەستێوەردانی لە عێراق هەبوو.

٦-رێگاخۆشکردن بۆ ئەوەی حوسییەکانیش دەسەڵاتی یەمەن بگرنە دەست، دوای شەش مانگ لە کەوتنی موسڵ، ئەوەش هاتەدی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com