بەهزاد دەروێش: بۆ رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستە لایەنی سێیەم چاودێربێت

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی گەرەنتی هەبێت بۆ هەر رێککەوتنێک، کە لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت، پێویستە لایەنی سێیەم چاودێربێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٢٠-١-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمی کوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی هه‌ریمی كوردستان، گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی كۆبووه‌وه‌، کێشە هەڵواسراوەکانی هەرێم و بە بەغدا و پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا باسکرا،‌ هەر هه‌مان شاندی هه‌رێم، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ گەیشتنه‌ تارانی پایته‌ختی ئێران و بڕیاره‌ سبه‌ینێ، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆببنەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەهزاد دەروێش، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا رایگەیاند “ئێمە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانین، چونکە ئێمە پێشی لە حکومەت بکشێینەوە، یەکێک لەو مەرجانەی بۆ مانەوە لەحکومەت هەمان بوو، ماوەشمان بە حکومەتدا بۆ جێبەجێکردنی، دووخاڵی سەرەکی بوو، ئەویش دانی موچە و رێککەوتن بوو لەگەڵ بەغدا، ئەگەر ئێستا بێتەدی ئەوە زۆر گرنگە”.

بەهزاد دەروێش گوتیشی “ئێمە خۆشحاڵ دەبین ئەگەر رێککەوتنەکە بەڕوونی و ئاشکرایی، بەشێوەیەکی روون و شەفاف بکرێت، پەرلەمانی کوردستانیش چاودێر بێت لەسەری و لە زوترین کات دا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەبکرێت و تیایدا بودجەی ١٧% ی هەرێمی کوردستان بچەسپێنرێت”.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر شاندێکی تەکنۆکراتی حکومی رێککەوتن بکات، ئەوانەی لە حکومەتن ئەوان دانوستان دەکەن، بەڵام ئێمە پێشتر گوتوومانە بۆئەوەی خەڵکی کوردستان ئاگاداربێت، پێویستە ئەم دانوستاندنانە زۆر بەروونی و ئاشکرایی بکرێت و هەموولایەنەکان ئاگادار بن، ئەگەر لە وەفدی حکومیش بەشدار نەبن.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو جەخت لە گرنگی رێککەوتن دەکات لەگەڵ بەغدا و دەڵێت “دەبێت رێککەوتن گشتگیر بێت، بە جۆرێك، کە هەموو تەوەرەکان لەخۆ بگرێت و بەپێی دەستووری عێراق سەرجەم بڕگەکانی وەکو خۆی جێبەجێبکرێت”.

هەروەها دەڵێت “بۆ ئەوەی گەرەنتی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێک، کە لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت، پێویستە لە ژێر چاودێری یوئێن و لایەنی نێودەوڵەتی بێت، لەبەر ئەوەی عێراق ئێستا بەرە و هەڵبژاردنەکان دەچێت، لەوانەیە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەکان ئیلتیزامی پێوە نەکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com