کورد لە پرۆسەی سیاسی عیراق دەکشێتەوە؟

0

نوچەنێت:تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک کشانەوە لە پڕۆسەی  سیاسی عێراق، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نابێت، پەرلەمانتارێک کۆمەڵیش دەڵێت”چارەسەرئەوەیە، کە کورد پێدا چوونەوە بە خۆیدا بکاتەوە و خۆی رێکبخاتەوە”.

وێڕای کەمکردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی ٢٠١٨ ی عێراق، بەم شێوەیەی ئێستا، عەبدای جارێکی تر بڕێک لەم رێژەیەش کەم دەکاتەوە. بۆیە دوێنێ موسەننا ئەمین، سەرکی لیستی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عیراق، گوتی، ئەگەر بەمجۆرەبێت باشترە ئێمەش ئەگەر بۆماوەیەکی کاتیش بێت لە بەغدا بکشێینەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، دکتۆر ئەردەلان نورەدین، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەوەی کورد چیبکات ئەگەر پشکی کورد زیاد نەکرێت لە بودجەی عێراق رایگەیاند”تاکە چارەسەر یەک هەڵوێستی و یەکگرتووی کوردە لە بەغدا، لەهەموو کاتێکدا، چونکە بەیەکگرتووی و یەک هەڵوێستی زۆر شت هەیە کەدەتوانین بیکەین”.

بەرای ئەو پەرلەمانتارەی پارتی”ئەگەر ئێمە بەم شێوەیە پەرتەوازە بین و بەدوای بەرژەوەندییە حیزبی و تاکە کەسییەکانەوە بین، بێگومان هەموو هەرێمی کوردستان توشی زیان دەبێت. بەداخەوە ئیتر عەبادی بێمنەت دەبێت، بەردەوام دەبێت لەکەمکردنەوەی پشکی کورد لەبودجەی عێراق و سزادانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان”.

سەبارەت بە کشانەوەی کورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بەتەواوی، ئەردەلان نورەدین گوتی”بەهیچ شێوەیەک کشانەوە لە هەموو پڕۆسەی سیاسی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نابێت،  بۆیە لەو بڕاویەدانیم کار بگاتە ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەپڕۆسەی سیاسی بەتەواوی بکشێتەوە، بەڵام لەوانەیە لە حکومەت بکشێتەوە، وەک هێزێکی ئۆپۆسۆزیۆن کاربکات لەناو پەرلەمانی داهاتوو”.

لەلایەکی دیکەوە، زانا روستایی ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق، لەبارەی کشانەوەی کورد بەتەواوی لەپڕۆسەی سیاسی بەنوچەنێت-ی گوت”کشانەوەی کورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بەتەواوی، بەهیچ شێوەیەک چارەسەر نییە، بەڵکو دەبێت کورد خۆی رێکبخاتەوە، چونکە هەتا یەکڕیزی خۆمان رێک نەخەینەوە دەبێت رۆژانە چاوەڕوان بین شکستی زیاتر بەسەرمان بێت”. 

رۆستایی هەروەها دەڵێت “هەرچی کە ئێستا بەسەرکورد- دێت، لە ئەنجامی ئەوەیە کە بارۆدۆخی ناو خۆییمان تەواو نییە. هەڵبژاردن دواخراوە. یەک ریزیمان تەواو نییە و حکومەتێکی شکستخواردوومان هەیە، کە ئەزمونەکەی ئێمەی بەم رۆژە گەیاند، ئێمەی بێ نرخ کردووە لای بەرامبەرەکانمان، دەبێت پێداچونەوە بەخۆمان بکەین، کاتێک کە خۆمان رێکخستەوە هەموودونیا رێزمان لێدەگرێت و سەنگیشمان بۆ دەگەڕێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com