ئۆپەراسیۆنە گەورەکەی ئێران لە عیراق دەست پێدەکات

0

نوچەنێت

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەیە،هەڵبژاردنێک کە تێیدا ٢٧ هاوپەیمانی و ١٤٣ حزب  بەشدارن، بەڵام هەر لە ئێستاوە کاریگەری ئەکتەرەکانی بەستراوە بە ئێران، گرنگترین سوژەی ئەم هەڵبژاردنەیە.

ئەم سووژەیە، تەمەنێکی دوورودرێژی هەیە. ساڵی ٢٠١٠ کاتێک”ائتلاف العراقیه” بە سەرکردایەتی ئەیاد عەلاوی، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بە دەست هێنا. ئێران بوو کە بووە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە لایەن ئەم هاوپەیمانێتیەوە.عەلاوی دواتر ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامی، رێگر بووە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی حکومەت.

دەستوەردانەکانی ئێران، بێجگە لەوەی کە عەلاوی و “ائتلاف العراقیه” بەرەورووی شکست کردەوە. هاوکات بووە هۆی بەدەسەڵات گەیشتنی هاوپەیمانییەکی شیعی، کە نوری مالیکی رابەرایەتی دەکرد.

سەردەمی بەهێزبوونی مالیکی، زۆری نەخایاند. ناوبراو لە سەر رەزامەندی ئێران و لە ژێر کاریگەری وگوشارە نێوخۆییەکان، ساڵی ٢٠١٥ پۆستی سەرۆکوەزیرانی رادەستی هاوحزبیەکەی خۆی واتا عەبادی کرد.

سیاسییەک کە لە چەشنی مالیکی، سەر بە رەوتی سیاسی”حزبی دەعوە”بوو- و لە ساڵانی  پێشتر و دواتر پەیوەندییەکی نزیکیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی هەبووە. بە ئێستاشەوە.

حەیدەر عەبادی بە بەراورد لە گەڵ نوری مالیکی، کەمتر لە ژێر کاریگەری و هەژمونی ئێراندایە. عەبادی هەوڵی تەواوی بۆ راگرتنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ گروپە سوننەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی داوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ناکۆکییەکانی نێوان عەبادی و مالیکی زۆرتر و قوڵتر بۆتەوە. لە ئێستادا کە حزب و لایەنەکانی دیکەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ئامادە دەکەن.ناکۆکییەکانی ئەم دوو کەسە گەیشتۆتە لووتکە.

ئەم ناکۆکیانە بوونە هۆی ئەوەی، کە حزبی دەعوە نەتوانێ وەک هاوپەیمانییەک بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکات. ئەم حزبە لە بەیانێکدا کە شەوی شەممە،١٣ی جانیوەری بڵاوی کردەوە، رایگەیاند، حزبی دەعوە زەروورەتێک بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن بە ناوی خۆیەوە نابینێ، بەڵام هەموو هەوڵی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی قەوارەی نیشتمانی  وکەسایەتییە دڵسۆزەکان دەخاتە گەڕ و دەستی ئەندامان و لایەنگرانی خۆی، بۆ هەڵبژاردنی لیست و هاوپەیەمانی سیاسی کراوە هێشتۆتەوە.

سەرۆکی حزبی دەعوە، نوری مالیکیە. لەم نێوەدا،عەبادی کە نەیدەویست لە ژێر ناوی ئەم حزبە دابەزێ. لیستێکی نوێی لە ژێر ناوی نەسر راگەیاند. «حزب ملی الحکمه»، بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هاوپەیمانی”فتح المبین” بە سەرۆکایەتی هادی عامری، سەرەتا پەیوەست بوون بەم لیستەوە، بەڵام دواتر بڕیاریان دا بە شێوەی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەکان دابەزن. لیستی “فتح المبین”ی هادی عامری، پێکهاتووە لە ٢١ گروپ . “عصائب اهل الحق”، “کتائب  سید الشهدا”، گروه “النجبا” و “مجلس اعلی”گرنگترین ئە وگروپانەن کە زۆرتر گوێڕاڵی  ئێرانن.

پەیوەست بوونی “الفتح”بە لیستی هەڵبژاردنی عەبادی، پێشنیاری کۆماری ئیسلامی بوو تا بەم رێگەوە بتوانێ عەبادی بۆ لای خۆی رابکێشێ،بەڵام دەرکەوت عەبادی زۆر سەرنجی ئەم پێشنیارەی ئێرانی نەکرد ،هەر بۆیە رێگەی خۆی جیا کردەوە.

ئەم جیابوونەوەیە لە یەک رووەوە گرنگە. هادی عامری، سیمای ناسراوی الفتح و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس هەڵی گەیشتن بە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدات  و سەرکەوتنی هاوپەیمانی الفتح دەتوانێ سەرەتای ئەم جووڵەیە بێت.

عامری بێجگە لە پشتیوانی ئێران، بە هۆی پێگەی عەسکەری  وسەربازی لە نێو ژمارەیەکی بەرچاو لە گروپە شیعەکان پێگەیەکی باشی هەیە. هەروەها ناسراوترین سیمای سەربازییە کە فەرماندەیی حەشدی شەعبی دەکات، بە تایبەت کە لە شەڕی داژی داعش رۆڵێکی کارای هەبووە.

ئەم گروپە لە لایەن سوپای قودسەوە پشتیوانی تەواوی لێدەکرێت. لە رۆژانی رابردووش، هەواڵێك بڵاو بووەوە کە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق هەوڵی بەهێزترکردنی پێگەی عامری  وهاوپەیمانی ژێر فەرمانی دەدات. ئیرەج مەسجدی بەر لەوەی کە باڵیۆزی ئێران بێت لە عێراق، راوێژکاری قاسم سولەیمانی بووە.

سێهەمین هاوپەیمانی گرنگ، دەوڵەتی یاسایە کە نوری مالیکی سەرکردایەتی دەکات. مالیکی لە چەشنی عەبادی، پشتیوانی ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبی دەعوەی لە گەڵە، بەڵام هاوکات چاوێکیشی لە سەر کوردە.

لەم مانگانەی دوایی، لە ژێر کاریگەری ریفراندۆم و رووداوەکانی دواتری پەیوەندی کورد و عەبادی، ئاڵۆزی و گرژی تێکەوت. لە فەزای هەڵبژاردنی ئەم رۆژانە، لە کاتێکدا عەبادی گوشاری تەواوی خستۆتە سەر هەرێمی کوردستان و گەمارۆکانی سەر هەرێم، وەک کارتێک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن بەکار دێنێ، مالیکی رەخنەی لەم سیاسەتانە دەگرێت و هەوڵ دەدات، را و سەرنجی کورد بۆ لای خۆی رابکێشێت.

گروپێكی دیکە- کە دەتوانێ لە مەیدانی هەڵبژاردن کاریگەر بێت. گروپی موقتەدا سەدرە کە بە رەوتی سەدر دەناسرێتەوە. سەدر لەم قۆناغەدا، خۆی وەک گروپ یان هاوپەیمانییەکی شیعە دەرنەخستووە و لە پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵێک لایەنی دیکە، لەوانە حزبی کۆمۆنیستی عێراقە.

ئەگەر خودی سەدر، تموح یان چانسی گەیشتن بە دەسەڵاتی نەبێت، بەڵام هاوپەیمانێتی ناوبراو لە گەڵ هەر لایەنێکی دیکە، چارەنوسی هەڵبژاردن یەکلا دەکاتەوە. سەدر لەماوەی رابردوودا لە ئێران دوور کەوتۆتەوە  و-وەک یەکێک لە نەیارەکانی رژێمی تاران خۆی نواندووە.

ائتلاف الوطینه، پێنجەمین گروپی چالاک لە هەڵبژاردنەکانی عێراقە. لە لایەن عەلاوییەوە سەرکردایەتی دەکرێ و بە پێچيوانەی دروشمی نەتەوەخوازی و رەتکردنەوەی تایفەرگەری، بە گرنگترین گروپی سوننەی چالاک لە مەیدانی هەڵبژاردن هەژمار دەکرێت.

هاوپەیمانی”قرار عراق”بە سەرکردایەتی ئوسامە نوجەیفی، ئەکتەرێکی دیکەی سوننەی عێراقە لەم هەڵبژاردنانە.

هاوپەیمانی نزیک لە ئێران، هاوشێوەی ناوی ئۆپەراسیۆنی”فتح المبین”ی ئێرانە لە شەڕی ٨ ساڵەی لە گەڵ عێراق. دوای ٣٥ ساڵ لەو ئۆپەراسیۆنە، ئێران هەوڵ دەدات لە مەیدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق. فەتحول موبینێکی دیکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات. ئۆپەراسیۆنێک کە ئەگەر ئێران تێیدا سەرکەوتوو بێت. دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئۆپەراسیۆنی گەورەتری سیاسی لە عێراق.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com