ئەمڕۆ ٢٧مین ساڵوەگەڕی راپەڕینی گەلی کوردستانە

0

نوچەنێت

 ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ (ڕاپەڕین)، راپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشوری کوردستان بوو، دژی رژێمی دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەری بەعس، بە پاڵپشتی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی، بەسەر هێزەکانی حکومەتی عێراق سەرکەوتن و لە پانتاییەکی خاکی نیشتمان وەدەرنران.  رووداێکی گەورە و گرنگ و گۆڕانکاری و -وەچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە.

ھەلومەرجی راپەڕین

راپەڕین، شێواز و دەسکەوت و قۆناغێکی خەبات و شۆڕشی ھەر گەل و نەتەوەیەکە بۆ بەدیهێنان و جێگیرکردنی ئامانجەکان و ،بەدەستھێنانی دەستکەوتەکان و ڕزگارکردنی گەل و وڵات، بە چەندین شێوە و ھۆکار ئەنجام دەدرێت.

هەلومەرج بەرلە ڕاپەرین، بارودۆخی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ھەلومەرجی سیاسی لەناو هێزە سیاسییەکان زۆر نالەبار بوو، لەبەر ئەوەی کاتێک، لە ٨/٨/١٩٨٨ شەڕی خوێناوی نێوان عێڕاق – ئێران وەستا، رژێمی بەعسی بەغدا دەست بەتاڵ بوو، بە ھەموو ھێز و شێوازێک کەوتە دژایەتیکردنی کورد، کوردی ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارە و سەرگەردان کرد، شۆڕشی کوردی پووکاندەوە و، لایەنە چەکدارەکان چوونە سەر سنورەکان، لەوێ مۆلگەیان کرد، لە ھەموو ڕوویەکەوە ژیانێکی زۆر سەخت و دژوار و کولەمەرگیان بەسەر دەبرد، کورد بێ پشت و پەنا بوو، پیلانی زیاتری لەسەر بوو، وەلێ کە لە ٢/٨/١٩٩٠عێڕاق ھێرشی کردە سەر کوێت و داگیری کرد، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان لە عێڕاقیان دا، دەرگای گۆرانکاری و راپەڕین کرایەوە، سوپای رژێم تووشی تێشکان بوو، پێگەی نێودەوڵەتی عێڕاق لاواز بوو. باری ئابوری و دەرونی و لۆجستی خراپ و لاواز بوو، لایەنە چەکدارەکانی کورد ھەستا نەوە و ڕاپەڕینیان بەرپا کرد.

ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و ، تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لە پاش ئازادکردنی کەرکوک، کۆتایی پێ ھات. بەم شێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە  باشوری کوردستان کرانە دەرەوە و، سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاو نران. چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، وەک وەڵامێک حکومەتی بەعسی عێراق بە سوپایەکی بێشوومارەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، کە تێیدا   ئاوارە بوون بەرەو سنوری وڵاتانی هاوسێ رەویان کرد.

دەستپێکی ڕاپەڕین

 لە ٥ی ئازاری ١٩٩١، لە رانیەوە، کە بە “دەروازەی ڕاپەڕین” ناسرێنرا، دەستیپێکرد، بەڵام لە ٣ی ئازاری ١٩٩١دا بۆ یەکەمجار وەکو دەستپێکی راپەڕین، لە ئۆردوگای خەبات و خەڵکی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس روویدا، لەئەنجام ھەڵیان کوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەردا گرت. رژێم ھێرشی کردنە سەر و سەرکوتی کردن و محەمەد فارۆق و بەخیاری لێ کوشتن و دوو کەسیش بریندار بوون.

پاشان رێککەوتن لە نێوان رژێم و جەماوەردا کرا و دامودەزگاکانی گەڕانەوە ئەوێ، تا ڕاپەڕین لەوێش بەرپا بوو، ھاوکات ھەمان ڕۆژ ڕاپەرین لە بەسرەش سەری ھەڵدا.

٥ی ئازاری ١٩٩١دا ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە، لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستیپێکرد، لە ھەموو لاوە جەماوەر داڕژانە شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھان دا بۆ ڕاپەڕین.

پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکومەت، بۆ سەعات ٣ی سەر لە ئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە، ھەمان ڕۆژ (چوار قوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن) و سەربازگەی (سەرکەپکان) ئازاد کران، جگە لە تیپی ٤٤ی چواڕ قوڕنە ٥٠ کەس لە رژێم و ١٠٠ کەسیش لە ھاوڵاتیان کوژران، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم گیران، بۆیە ئەمڕۆژە لە مێژووی کورددا بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت. ئەگەرچی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیار بوو ٧ی ئازار دەست بە ڕاپەرین بکرێت.

٧ی ئازار ڕاپەڕینی سلێمانی

لە ٧ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕین. ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی حامیەیی پۆلیس و بەر دەرکی سەرا و ئازادیان کرد، ھەروەھا بۆ بەیانی ٨ی ئازار قەڵای ئەمنە سورەکەی سلێمانی و سەر بازگەی سەلام و سەربازگەکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆل کرد. بە جۆرێک بە ھەزاران سەرباز خۆیان دا بەدەستەوە و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران.

٨ی ئازار لە چەمچەماڵ و هەڵەبجە و عەربەت

لەی ٨ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و ئۆردوگاکانی (زەڕایەن، سمود، نەسر، باریکە، پیرەمەگرون و ئەلڵایی) دەستیپێکرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکوک و بەعقوبە بە خوێنی چەندان شەھیدی هاوڵاتی و کوژرانی چەندان کەس لە پیاوانی رژێم کۆنتڕۆل کران. ھەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم بنکەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار خۆیان بەدەست گەلەوە دا. لەلایەکی ترەوە قەڵای (سوسێ)ی ڕژێم گیرا و بەرەو دوکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش پێشمەرگە و جەماوەر ھەر بەرەو بەنداوی دوکان دەھاتن، بۆیە بۆ ئێوارە ئەم  ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا.

٩ی ئازار کۆیە، شەقڵاوە و کفری

لە ٩ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەرچی سوپایەکی زۆر لە ھەیبەت سوڵتان ھەبوو . لە ٨ی ئازاردا چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیادی ھێنایە ئەوێ و لە ئاسمان لە زەمین بەرگرییان لە خۆیان کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو شاری کۆیە ئازاد کرا، دواتر لە ھەموو لا ھەیبەت سوڵتان دەورە درا و کۆنتڕۆڵ کرا. وێڕای ئەوەی، کە ناوچەی شەقڵاوەش ئازاد کرا، بۆ ئێوارەش کاتژمێر ٤ی سەر لە ئێوارە لە ئۆردوگای زۆرەملێی ناحیەی (باسرمە) لە ناوچەی هەریر، ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی پۆلیس و ئەوێش بۆ بەیانی پاککرایەوە. لەلایەکی ترەوە لەلای کفری، راپەڕین ھەمان ڕۆژ سەریھەڵدا، کە بووە ھۆی ئازادکردنی کفری و (باوەنور) و بەرزاییەکانی.

راپەڕین لە رۆژی١٠ی ئازار

١٠ی ئازار ناوچەکانی (مەسیف، تەقتەق، ڕەواندز، قەرەھەنجیر، ئاغجەلەر، ھەریر، باتا، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور) ڕاپەڕین سەریهەڵدا.

لە ١٠ی ئازاری ١٩٩١، جەماوەری مەسیف، تەقتەق، ڕەواندوز ،قەرەھەنجیر ، ئاغجەلەر،ھەریر و باتاس، خەلیفان، سپیلک ، سۆران،چۆمان، حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لە چەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن، بە جۆرێک کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە سەرەتا کۆڕێ گیراو پاشان مەسیف ئازاد کرا و لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ ھەریر و باتاس ڕاپەڕین و سپیلک و دۆلی (بیاو و بێخمە) ئازاد کران، لە کۆیە لە ھەمان ڕۆژ جەماوەر و پێشمەرگە بەرەو تەقتەق پێشڕەوییان کرد و خەڵکی ئەوێش لەم ڕۆژەدا راپەڕین و ئازادیان کرد، ھەر ئەو رۆژەش ئۆردوگای بەستۆرە ئازاد کرا، کە بەدەیان کەس لەو ناوچانە لە پیاوانی ڕژێم کوژران و چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتیانیش شەھید بوون، بۆ وێنە لە شەقڵاوە ٣٣ پێشمەرگە شەهید بوون، پاشان هەر هەمان ڕۆژ خەڵکی قەزای (دوزخورماتو)ش لەدژی دامودەزگاکانی حکوومەتی بەعس ڕاپەڕین و سەرکەوتنیان تۆمار کرد.

راپەڕین هەولێر لە ١١ی ئازار

لە١١ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری شاری ھەولێر، ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی “شۆڕش” و “مەلایان” و “برایەتی سەرەوە” ڕژانە سەر شەقامەکان و بارەگاکانی ڕژێم و لە کاتژمێر ٩ی بەیانی سەرجەم جەماوەر و گەڕەکەکان ڕژانە سەر شەقام و کووچە و کۆڵانەکان و ،بەیەک دەست دا ڕژانە سەر -سەرجەم بارەگا و دام ودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، بەتایبەت دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزوومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و ھتد. کە تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆل کران، تەنھا لە دایرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی بەرگرییەکی سەختیان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێ کەوتەوە و ھەندێک لەوانەی لەوێ گیران، لەلایەن توڕەیی جەماوەرەوە گوللەباران کران.

ھاوکات لە ھەمان ڕۆژ ،راپەڕین لەسەرجەم ئۆردوگا و ناوچەکانی دەوربەری ھەولێریش دەستیان پێ کرد؛ لەلای سەرەوە ھێزی پێشمەرگە و جەماوەر پێ بە پێ لە دێگەڵەوە پێداھات، کە ھەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و سەربازگەکانی رژێمی پاک کردەوە. تا دەگاتە کەسنەزان، بۆیە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ تەسلیم بوون و لە دارەتوش بە نیو کاتژمێر ناوەندی پۆلیس گیرا.

ئۆردوگاکانی قوشتەپە، شاوێس، پیرزین و مەلا ئۆمەر، ھەر زوو ئازاد کران و پاشان ھاوکات ئۆردوگاکانی جدیدە و تۆبزاواش ڕاپەڕین. دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ ئازاد کران و بە خوێنی چەند ھاوڵاتییەک و کوژرانی زۆرێک لە پیاوانی ڕژێم و لە ھەمانکاتدا، لە ئۆردوگای خەبات ھەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەڵەک و ھەر زوو کۆنتڕۆڵیان کرد و دواتر ئۆردوگاکانی کەورگۆسک، بەحرکە و بەرحوشتر، ڕزگار کران.

لەلایەکی ترەوە بۆ ئێوارەی ھەمان ڕۆژ، فەیلەقی ٥ی سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆڵکرا. بۆ بەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قڕژاڵە و ڕێی گوێر و مەخمور گیران و خۆیان تەسلیمی خەڵک کرد.  بەدەیان ھەزار سەربازیش لەوانەی پارێزگاری ھەولێر و سەربازگەکانی سەر و کە شۆڕ دەبونەوە و بەرەو موسڵ و کەرکوک دەچوون، بێ ئەوەی لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە بگیرێن و بکوژرێن، بەڵکو نان و ئاویشیان پێ دەدرا.

١٢ی ئازار جەلەولا و مەخمور و ئاکرێ و خانەقین و شێخان

لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین. تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد، بەڵام دواتر ڕژێم لە ئاسمان و لە زەمینەوە بەچەکی قورس تۆپبارانی کردن، بۆیە چەندان ھاوڵاتی، لەوێ شەھید بوون و ڕژێمیش زیانێکی زۆری ماددی و مەعنەویی پێ کەوت.

ھەر ھەمان ڕۆژ ناحیەی مەخمور ئازاد کرا و لە ڕێگای موسڵیش، جەماوەر لەزێی کەڵەک پەڕییەوە بادینان. بۆیە ھەر ئەو ڕۆژە ئاکرێ و ناحیەی (بجیل و سورچیایەتی و بەردەڕەش و دینارەتی زێبار) تا دەگاتە (شێخان) و سەرزێی خازر ئازادکران و ھەمان ڕۆژیش خانەقین ئازاد کرا.

١٣ی زاخۆ و پردێ و جەبارە و کۆڵەجۆ

لە ١٣ی ئازاری ١٩٩١دا، لەو سەری سنوورەوە جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین. سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگەی (ھیزاوە و دەرکار عەجەم) ئازاد کران و ڕاپەڕین گەیشتە دەشتی (سلێڤان) و چیای بێ خێر ھاتنە ئازاد کرن و پاش ماوەیەیەکی دیکە رەخێ سۆرا لە سنووری کەرکوک و شارۆچکەی پردێ ئازاد کران. لە گەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازاد کران .

١٤ی ئازار دھۆک

لە ١٤ی ئازاری ١٩٩دا، لەگەڵ هەڵاتنی خۆی بەیانی، جەماوەری دھۆک لە گەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریان ھەڵدا و، بە تێکڕا دەوری دائیرەی ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس و ئالیات و لیواو فیرقەی حزبی بەعسیان دا و ھێرشیان کردە سەر. تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران. جگە لە ئەمنەکە، کە شەڕی مان و نەمانیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران، دواتر لیواکەش تەسلیم بوو، بەمەش ناوچەکانی (زاوێتە، مانگێش، باگێرا، سەرسەنگ، ئەنیشک، بامەڕنێ، دێرەلوک، ئامێدی، سیریێ، شێلادزێ، باتوفە و بێ گۆڤا) و ھتد ئازاد کران. پاشان ناوچەکانی (کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و ریکان) بۆیە پایەگاکانی سەر چیاکانی گارا و مەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ بۆ خۆیان تەسلیم بوون.

٢١ی ئازار، هاوکات لەگەڵ نەورۆز، شاری کەرکوک

پاش ڕزگارکردنی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستانەوە، تاقە شار کە مابووە ڕزگار بکرێت، شاری کەکووک بوو، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە و بە هاوکاریی یەکتر و ڕێکخستنەکانی ناوشار و جەماوری کەرکووک ئامادەکارییان کرد و سەرەنجام ڕۆژی 21ی مانگ سەرجەم شاری کەرکووکیش ئازاد کرا و بە خوێنی دەیان شەهیدی پیشمەرگە و جەماوەر ئەم دەسکەوتنە نەتەوەییە تۆمار کرا.

جێگەی باسە ڕزگارکردنی شاری کەرکوک زۆری نەخایاند و پاش ماوەیەیەک حکومەت بە چەک و چۆڵی زۆری و هێزێکی دڕندەوە و  بە یارمەتیی “موجاهدینی خەڵقی ئیران” کە ئەوکات لە بەغدا بوون، شاری کەکوک لەدەستی خەڵک دەرهێنرایەوە و خەڵک ئاوارە بوون و پاشان دیسان حکومەت هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر شارەکانی کوردستان و بۆردومان دەستپێکرد و لەوێوە “کۆڕەوی مێژوویی” خەڵکی باشوور و بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا ئاوارە بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com