بۆچی پەکەکە شەڕی چەکداری لە دژی ئێران بە هەڵە دەزانێ؟

0

نوچەنێت: تایبەت

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئێران شەڕ ناکەین، چوونکە بە قازانجی تورکیە و سعودیە تەواو دەبێت. کەسایەتییەکی سیاسی رۆژەهەڵاتیش دەڵێت ” ئەو هەڵوێستە، جگە لە بەرژەوەندی حیزبی و بەدەنگەوە چوونی ھێزی سەرکوتگەر، ھیچی دیکەی تێدا بەدی ناکرێ”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر حامیدی، کەسایەتی دیاری سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی هەڵوێستی موراد قەرەیلان لەسەر خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند “لە پێوەندی لە گەڵ ئێراندا دەکرێ بڵێین، کە ئەمن و ئاسایش، مافی سەرەتایی تاکی کورد، بنەماکانی ئازادی ژیان و کار و چالاکی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکەرەوە زەوت کراوە. ئەو واقیعە، بەشێوەی ئۆتوماتیکی، مافی بەرگری دەدا بە کورد، کوردی رۆژھەڵات بە درێژایی دەیان ساڵ، پێش بە خەباتی جەماوەری گیراوە. وتەی ئازاد، نووسینی ئازاد، بیرکردنەوەی ئازاد، جل و بەرگ پۆشینی ئازاد و ھەرچی لە یاسای مرۆڤایەتیدا ئازادە لە ئێران حەرام کراوە.

جەعفەر حامیدی ئاماژە بەوە دەکات، کە دەسەڵاتی میلیتار ھیچ دەرەتانێکی دیکەی جیا لە بەرگری بە چەک بۆ کوردستان نەھێشتۆتەوە. بۆیە بە داخەوە دەبێ بگوترێ، کە پارێزگاری چەکداری تەنیا دەرەتانێکە، کە بۆ ئێمە ماوەتەوە. لەم روانگەیەوە شەڕی چەکداری رەوایە نەک تەنیا دژی ئێران، بەڵکە دژی ھەر داگیرکەرێکی کوردستان، کە کەسێتی، خاک و ھەموو ھەبوونی تۆی خستۆتە ژێر پێ. تورکیا و سعودیە بە نیسبەت پرسی کوردەوە جیاوازییان زۆرە؛ تورکیە، داگیرکەری کوردستانە، سعودیە کوردی تێدا نییە. تورکیا لە ستراتێژی سەرکوتکردنی کوردستان ھاوبۆچوون و ھاو پیلانە لە گەڵ ئێران. سعودیە، لەبەر جیاوازی ئایینیش بێ، لانی کەم لە گەڵ سێ وڵاتی داگیرکەری کوردستان سوریە، ئێران و عێڕاق یەک نین. زۆریشم بەلاوە سەیرە، کە حیزبێکی کوردی بێ بڵێ؛ ئەو وڵاتەم خۆش ناوێ تۆش دەبێ نەھی بکەی و ئەو وڵاتە زوڵمیش لە کورد بکا، تۆ دەبێ لە بەر من، دەستی لێ نەدەی و دژی سەرکوتی نەوەستێوە.

حامیدی پێیوانییە ئەم سیاسەتە لە گەڵ واقیعی، ستراتێژیی نەتەوەیی و خەباتی کوردستان ھاوتەریب بێ و دەڵێت “داوای بێدەنگیکردن و دەست راگرتن لە داگیرکاری کۆماری ئیسلامی؛ جگە لە بەرژەوەندی حیزبی و بەدەنگەوە چوونی ھێزی سەرکوتگەر، ھیچی دیکەی تێدا بەدی ناکرێ. پەیامی بەڕێز موراد قەرەیەڵان زۆر روون و شەفافە، پڕوپاگەندەی دۆستایەتییە لە گەڵ ئێران، ئەویش بە نرخی بێدەنگکردنی کوردی رۆژھەڵات و درێژەی داگیرکاری ئەو دەسەڵاتە مەترسیدارە”.
 
ئەو کەسایەتییە سیاسییە رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی، ئێستا بەڕێز قەرەیەڵان وا دەڵێ، گەلۆ سبەی رۆژ، کە پێشمەرگەی رۆژھەڵات دەرەتانی خەبات و تێکۆشانیان بۆ بڕەخسێ، لە ژێر فشاری کۆماری ئیسلامیدا، بەڕێز قەرەیەڵان و ھەڤاڵانی، چ ھەڵوێستێک دەگرن، بۆ درێژەی ھاودەنگییان لە گەڵ ئێرانی داگیرکەر. ئەم سیاسەتە گومانی ئەوە بە ھێز دەکات، کە بەھێزەوە دژی پێشمەرگە و چالاکی پێشمەرگە بوەستنەوە، ئەگەر وانییە، بۆچی سعودیە لە ئێران بۆ کورد بە مەترسیدارتر دەزانن؟ گەلۆ داخوا کوردێک، رێکخراو و حیزبێکی رۆژھەڵات ھەیە، کە تورکیە لە ئێران بە باشتر لە قەڵەم بدا؟
 
سەبارەت بەوەی، کە ئایا پەکەکە وەک نزیک لە ئێران قسە دەکات یان بۆچوونیان وادەخوازێ، جەعفەر حامیدی گوتی “بەڵێ بۆچوونیان وادەخوازێ، ھەر چەند ئەو واقیعە تاڵە و جێی داخ و کەسەرە، کە حیزبێکی کوردی دوژمنی ٤٠ ساڵەی ئێمەی رۆژھەڵات (کۆماری ئیسلامی) بە دۆستی خۆی بزانێ”.
 

بەڕای جەعفەر حامیدی، ئەو سیاسەتەی پەکەکە، دوو واقیعی حاشا ھەڵنەگری تریشی ھێناوەتە ئاراوە: یەکەم ئەوەی، کە کۆماری ئیسلامی فشاری لە سەرە و داھاتوویەکی ئاڵۆز بۆ خۆی چاوەڕوان دەکات؛ بۆیە فشاری خستۆتە سەر ئەو حیزبە کوردییە و ناچاریکردوون، ئەم جارەیان بە روونی پشتی ئێران بگرن. دوویەم بە ئاشکرا دۆستایەتیکردن لە گەڵ ئێران و زەلالبوونی سیاسەتی پەکەکە، بەرچاوڕوونێکی باشە بۆ خەڵکی رۆژھەڵات، تا بزانن سیاسەتی حیزبەکان چەندی بە چەندە؟ دۆستانی پەکەکە، ھەر چەند ئەوە بەباشی دەزانن، بەڵام بۆ وەبیرھێنانەوەش بێ، دەبێ جارێکی تر گوێ بگرنەوە، کە دۆستایەتی لە گەڵ ئێران لە لایەک بێ داھاتوویە و لە لایەکی دیکەوە، نزیکی لە ئێران واتا نزیکی لە عێڕاقی شێعە و سوریەی عەلەوی. ئێستا ئەو پرسیارەش دێتە گۆڕێ تۆ وەک حیزبێکی بە ھێزی کوردستان لە چوار داگیرکەر، لە گەڵ سیانیان دۆست بی و داوا لە ھەموو کوردێکیش بکەی دۆستایەتی لە گەڵ ئەو سێیە و دوژمنایەتی لە گەڵ تورکیا بکەن، چ دیپلۆماسی و خزمەتێکی بۆ کوردستان لێدەکەوێتەوە؟

دەقی قسەکانی موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە):

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com