پرسیارێک لەبەردەم كشانەوەی ئێران لە سوریا

0

نوچەنێت

دوای ئەوەی، کە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە شاری سۆچی لە گەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا کۆبووەوە رایگەیاند، کە لە قۆناغی جێگیرکردنی ئاشتی لە سوریا، هێزە سەربازیە بیانییەکان دەبێ خاکی ئەم وڵاتە جێ بهێڵین.

دوابەدوای ئەم گوتانەی پوتین، رۆژی هەینی، ئەلەکساندەر لاورنتیف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند: تێکڕای هێزە بیانیەکان روسیای لێ بەدەر بێت، دەبێ خاکی سوریا جێ بهیڵن. ئێمە سەبارەت بەو یەکە سەربازیانەی قسە دەکەین، کە لە سوریا جێگیرین، لەوانە ئەمریکا، تورکیا، حزبوڵڵای لوبنان و ئێرانییەکان.

بە گوێڕەی ئاژانسی هەواڵنێری فەرەنسا، ئەم لێدوانەی بەرپرسانی باڵای روسیا و قسەکردن لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سوریا، بێ وێنەیە.

سەرباری ئەوەی، کە ئەم لێدوانانەی پوتین و نێردەی ناوبراو بۆ کاروباری سوریا، لە ئاژانسەکانی هەواڵی جیهان و روسیا بڵاو بووەوە، ژمارەیەک لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی و لەوانەی ئاژانسی فارس، کە نزیکە لە سوپای پاسداران، رایانگەیاند “لێدوانەکانی نێردەی پوتین بۆ سوریا، تەنها بۆچوونی خۆیەتی و پەیوەندی بە سیاسەتی فەرمی مۆسکۆ نییە”.

ئەلەکساندەر لاورنتیف، هەروەها گوتوویەتی، کە لێدوانەکانی پوتین لە بارەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە سوریا هەڵگری پەیامێکی سیاسییە و ئەم رەوتە دەبێ بخرێتە خانەی بەرنامەیەکەوە و کاری بۆ بکرێت.

ئێران لە ماوەی ٧ ساڵ شەڕی ناوخۆیی سوریا، بە یەکێ لە دوو کۆڵەکەی سەرەکی هاوپەیمان و پشتیوانی رژێمی بەشار ئەسەد دەناسرێتەوە و بە سەدان کەس لە سەرباز و میلیشیاکانی هاوپەیمانی لەم وڵاتە، گیانیان لە دەست داوە.

بە گوتەی نێردەی پوتین بۆ کاروباری سوریا، روسیا تەنها دوو بنکەی سەربازی لە سەر خاکی سوریا هەیە، هەر بۆیە مۆسکۆ پێی وایە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و فەراهەم کردنی زەمینە بۆ ئەم پرۆسەیە، ئەو دوو بنکە سەربازیە وەڵامدەرە.

لاورنتیف لە راستیدا مەبەستەکەی پوتینی لەبارەی ئەوەی، کە کام یەک لە هێزە بیانیەکان خاکی سوریا جێ بهێڵن، بە وردی و ڕوونی گەیاندووە. ئەم هەڵوێستە بێ وێنەیەی روسیا دوای ئەوە دێ، کە پیشتر راگەیێندراوە، کە سوریا بڕیارە لە گفتوگۆکانی ئەم جارەی جنێف بەشدار بێت، کە تایبەتە بە ئامادەکردنی دەستورێکی نوێ بۆ ئەم وڵاتە. ئەمەش هەڵگری ئاماژەیەکی روونە، روسیا لە بارەی ئایندەی سوریا لە دەرەوەی گفتوگۆکانی ئاستانا، لە گەڵ رۆژئاواییەکانی رێککەوتنی ژێربەژێری کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی سوریا، رۆژی هەینی رابردوو، لە لێدوانێکی جیاواز بۆ میدیاکان و لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەرجەنتین، گوتی: هێزە سەربازیەکانی روسیا لە ساڵی ٢٠١٥ و لە سەر داوای دەوڵەتی سوریا، لەم وڵاتە جێگیر کراون و لە دیسەمبەری ٢٠١٧، بەشێکی زۆری هیزەکانمان لە سوریا کشاندۆتەوە. کاروباری روسیا لە سوریا، تاکوو ئیستا تەواو نەبووە و تا ئەو کاتەی، کە رژێمی بەشار ئەسەد پێویستی بە مۆسکۆ بێت، لە سوریا دەمێنینەوە.

لەم رووەوە روونە، کە روسیا بۆ مانەوەی هێزەکانی خۆی لە سوریا، دوو پاساو یان دوو هۆکاری لە بەردەمە:

یەکەم: دەوڵەتی سوریا داوا لە مۆسکۆ بکات، کە هێزەکانی بهێلێتەوە، واتا تا ئەو کاتەی، کە سوریا پێویستیەتی، روسیا هێزەکانی لەم وڵاتە جووڵە پێناکات.

دووەم: روسیا دوو بنکەی سەربازی گرنگی لە سوریا هەیە، یەکەم بنکەی بەندەری تەرتوس، هەڵکەوتوو لە کەناراوی رۆژهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە. دووەم، بنکەی لازقیە، هەر بۆیە بە مافی رەوای خۆی دەزانێ، کە لە سوریا بمێنێتەوە.

مانگی مەی ساڵی رابردوو بوو، کە وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند “ئێمە تەنها رەزامەندیمان لە سەر مانەوەی هێزەکانی روسیا هەیە و تێکڕای وڵاتان دوای تێکشکانی داعش، دەبێ سەرجەم هێزەکانیان لە سوریا بکشێننەوە”.

ئێستا پرسیاری سەرەکی لێرەدایە، ئایا رۆژئاوا و روسیا، بۆ دەرکردنی ئێران لە سوریا، رێککەوتنیان کردووە؟ ئایا خودی رژێمی بەشار ئەسەد بەشێکە لەم رێککەوتنە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبی چاوەڕێی هەڵوێست و کاردانەوەی ئێران و سوریا و سەرجەم ئەکتەرەکانی گەمەی قەیراناوی سوریا بکەین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com