هەڵوێستی پارتی، گۆڕان و یەکگرتوو لەبارەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم

0

نوچەنێت

لە دوای هەریەکە لە پڕۆژەیاسای پارتی و گۆڕان لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، یەکگرتووی ئیسلامی-یش داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند “ئەو دامەزراوەیە پێویست نییە”.

بەهزاد زێباری، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەبوو هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ـەوە خاوەن دەستوورێکی هەمیشەیی بێت و سیستەمێکی پەرلەمانی پەیڕەوبکرایە، بەڵام بەهۆی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان تاوەکو ئێستا دەستوور نییە.

بەهزاد زێباری دەڵێت، بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017 دەبوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجامدرایە، بەڵام ئەوەش لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە رانەگەیێندرا، ئێستا هەر بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017 دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر سێ دامەزراوە دابەشکراوە، ئەوانیش دامەزراوەی یاسادانان کە پەرلەمانە، دامەزراوەی جێبەجێکردن کە ئەنجوومەنی وەزیرانە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت “ئێستا دوو پڕۆژەیاسا هاتووەتە نێو پەرلەمان، کە داوادەکەن ئەو پۆستە بۆ خوولی داهاتوو سڕبکرێت، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو بابەتە بووەتە سەرچاوەی گشت کێشەکان بەتایبەتی ناکۆکی سیاسیی لێکەوتووەتەوە؛ هەم لە خوولی سێیەمی پەرلەمان هەم لە خوولەش بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بەو هۆیەوە پەرلەمان پەکخرا”.

بەهزاد زێباری گوتی “ئێستا، کە داوادەکرێت ئەو کێشەیە بۆ داهاتوو دوابخرێت، پێمانوایە ئەوە چارەسەر نییە و ئەو کێشەیە بەردەوامدەبێت، دۆخی هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەوە بەرگەی ئەوە ناگرێت ئەو کێشانە بۆ خوولی داهاتووی پەرلەمان دوابخرێت. ئێمە لەبەردەم دوو حاڵەتداین؛ یان هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 30 ئەیلوول بکرێت، یانیش وەک ئێمە داوای دەکەین، دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵبووەشێندرێتەوە”.

هەڵوێستی پارتی و گۆڕان لەسەر پۆستی سەرۆکاتی هەرێم:

لەبارەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پارتی و گۆڕان پڕۆژەیاسای خۆیان لەوبارەیەوە خستۆتەڕوو، کە بەپێی پڕۆژەیاساکەی پارتی هەڵبژارنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمان ناکرێت. پرۆژەیاساکەی گۆڕانیش بۆ هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە.

پڕۆژەیاسای فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەمواری یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، کە ساڵی 2017 پەسندکرا و دەسەڵاتەکانی دابەشکران.

پڕۆژەیاساکەی فراکسیۆنی پارتی لە ماددەی یەکەمیدا هاتووە، ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی کوردستان بەسەر دامەزراوەکانی دیکەدا دابەشدەکرێن.

ماددەی (دووەم)ی پڕۆژەیاساکەش داوای هەڵوەشاندنەوەی ماددەی (سێیەم)ی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئەو ماددەیەی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکرێت، ئەمە دەقەکەیەتی “کارکردن بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو رادەگیرێت، تاوەکو هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان”.

پڕۆژەیاساکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پێنج ماددە پێکهاتووە و لە ماددەی یەکەم و دووەمدا هاتووە “هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامنادرێت. کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت”.

ماددەی سێیەمی پڕۆژەیاساکەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە یەکەم وەرزی گرێدانیدا لەژێر رۆشنیایی بنەما گشتییەکانی دەستوور، بڕیار لەسەر چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بدات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com