رۆڵی سەرمایەدارانی كەنداو لە کڕینی کچان و ژنانی کورد!

0

نوچەنێت: رووداو

بازرگانیكردن بە مرۆڤ، یان كۆیلایەتی سەردەمی مۆدێرن، دیاردەیەكە هیچ وڵاتێك تۆمارێكی تەواو خاوێنی تێیدا نییە و وەكو دیاردەیەكی جیهانی لێهاتووە. ئەم دیاردەیە وەكو پێشێلكردنی “كەرامەت و ئازادیی بڕیاردان”ی مرۆڤەكان سەیر دەكرێ و لە هەمانكاتدا هەڕەشەی گەورەش لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتان و سەقامگیریی بازاڕەكان دروستدەكات و رێگە بۆ گروپ و میلیشیاكان خۆش دەكات، ژمارەی چەكدارانی خۆیان زۆر بكەن.

هەر ئەو مەترسییانەش وا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكەن، هەموو ساڵێك راپۆرتێك لەسەر ئەو دیاردەیە لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبكاتەوە. لێرەدا پوختەیەك لەو بەشە دەخەینەڕوو، كە تایبەتە بە عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەگوێرەی هەوڵەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، وڵاتانی جیهان بەسەر سێ ئاستی سەرەكیدا دابەش دەكات. ئاستی یەكەم ئەو وڵاتانەن كە بە تەواوەتی خۆیان لەگەڵ نزمترین پێوەرەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە گونجاندووە. ئاستی دووەم ئەو وڵاتانەن كە بە تەواوەتی لەگەڵ نزمترین پێوەرەكاندا نەگونجاون، بەڵام هەوڵی پێویستیان بۆ ئەو مەبەستە تێدا بەدی دەكرێ. ئاستی سێیەمی ناو لیستی چاودێریش ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە بە تەواوەتی لەگەڵ نزمترین پێوەرەكاندا نەگونجاون و هەوڵەكانی حكومەتیش تێیاندا بەردەوامە، بەڵام بازرگانیكردن بە مرۆڤ تێیاندا بەردەوام لە زۆربووندایە. لە راپۆرتی 2017ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا، عێراق لە “ئاستی دووەمی ناو لیستی چاودێری”. دانراوە. 

بەگوێرەی راپۆرتەكە، عێراق بە تەواوەتی نەیتوانیوە نزمترین پێوەرەكانی “نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ” بەدی بهێنێ، هەرچەندە هەوڵی گرنگیشی لەو رووەوە داوە. لە ماوەی ئامادەكردنی راپۆرتی 2018ی وەزارەتی دەرەوەدا، حكومەتی بەغدا لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ژمارەیەكی زیاتری بازرگانانی مرۆڤ و ئەو بەرپرسانەدا كردووە كە دەستیان لە تاوانەكەدا هەبووە، هەروەها بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو ژمارەیەكی زیاتری قوربانیانی بازرگانیكردن بە مرۆڤیشی دەستنیشان كردووە، جیا لەمە حكومەتی عێراق لیژنەیەكی پێكهێناوە كە لە نێوان وەزارەتەكاندا كار بۆ چاودێری، هەڵسەنگاندن و ئامادەكردنی راپۆرت لەبارەی منداڵان لە شەڕی چەكداری عێراقدا دەكات.

بەم حاڵەشەوە عێراق بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك لە “ئاستی دووەمی لیستی چاودێری”دا دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی راپۆرتەكە گەشەی بە خۆیەوە نەبینیوە. 

لە چەند ساڵی رابردوودا گروپە میلیشیاییەكانی حەشدی شەعبی تۆمەتبار كراون بەوەی منداڵانیان چەكدار كردووە، راپۆرتەكەی حكومەتی ئەمریكاش جەخت لەوە دەكاتەوە كە “لە ساڵی 2017 دا عێراق لەو تۆمەتانەی نەكۆڵیوەتەوە، حكومەتی عێراق تاوەكو ئێستاش قوربانیانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ سزا دەدات، لەسەر كۆمەڵێك سزا كە خۆی دەرئەنجامی ئەوەیە ئەو كەسانە بازرگانییان پێكراوە، لەوانەش چەكداركردنی منداڵان، لەشفرۆشی و پێشێلكاری لەبواری كۆچبەریدا”.

 

   لە كوردستان 42 كۆمپانیا بە تۆمەتی بازرگانی بە مرۆڤ سزادراون

لێپرسینەوە لە تاوانباران

راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ دەركردن و جێبەجێكردنی یاسا لەو بوارەدا زیادی كردووە “بەڵام نەیتوانیوە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو بەرپرسانەدا بكات كە لە بازرگانیكردن بە مرۆڤدا تێوەگلاون و بڕیاریان لەسەر بدات”. واتە ئەوانەی لە بازرگانیكردن بە مرۆڤ بۆ مەبەستی سێكس و چەكداركردنی منداڵان دەستیان هەبووە. 

بە گوێرەی راپۆرتەكە، یاسای 2012ی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ هەندێك لە شێوەكانی بازرگانی بە مرۆڤ وەكو هێزی كار یان بۆ مەبەستی سێكس بە تاوان لەقەڵەم دەدات. بەڵام بۆ ئەوەی بسەلمێنرێ تاوانی بازرگانیكردن بە منداڵ بەمەبەستی سێكس روویداوە، یاسا عێراقییەكە (بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان) داوا دەكات بەڵگەی سەلمێنەر هەبێت كە “هێز و ساختەكاری و گوشار” بەكارهێنراوە، هەروەها بۆ ئەوەی كەسێك وەكو قوربانیی بازرگانی بە مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ بكرێ، یاساكە بە پێویستی دەزانێ كڕین و فرۆشتن بە كەسەكە كرابێ.

یاسای سزاكانی عێراق سزای 10 ساڵ بەندكردنی بۆ ئەوانە داناوە كە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن. راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوە پێیوایە ئەو سزایە بەپێی پێویست سەختە بۆ ئەوەی رێگە لە روودانەوەی تاوانەكە لەداهاتوودا بگرێ، بەڵام بەراورد بەو سزایەی بۆ دەستدرێژیی سێكسی دانراوە، كەمە. هەروەها یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ سزای 10 ساڵ بەندكران و 10 ملیۆن دینار سزای دارایی بۆ ئەو جۆرە لە بازرگانیكردن بە مرۆڤ دادەنێ كە قوربانییەكەی پیاوە، ئەگەریش قوربانییەكە ئافرەتی پێگەیشتوو یان منداڵ بێ، بەندكردنی هەتاهەتایی و 25 ملیۆن دینار سزای بۆ دانراوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیوایە ئەو سزایانە بەپێی پێویست سەختن و لەڕووی رێژەوە لەگەڵ تاوانەكانی دیكەی وەكو دەستدرێژی سێكسی دەگونجێن، بەڵام یاسای كاری عێراق لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ ناگونجێ، لەبەر ئەوەی تەنیا سزای دارایی و شەش مانگ بەندكردن بۆ تاوانباران دادەنێ. 

جیا لەمە حكومەتی عێراق تاوەكو ئێستاش رێنمایی جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤی نییە، هەر ئەمەش رێگرە لەوەی حكومەت بتوانێ یاساكە جێبەجێ بكات، بازرگانەكان بهێنێتە دادگا و قوربانیان بپارێزێ. 

 

 پەكەكە بەردەوامە لە چەكداركردنی منداڵان

راپۆرتەكە ئەوەش دەخاتەڕوو، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان “یاسایەكی تایبەتی نییە بەهۆیەوە هەموو شێوەكانی بازرگانی بە مرۆڤ قەدەغە بكات و یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤی عێراقیش لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێ”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەپێی راپۆرتی حكومەتی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە لە ساڵی 2017دا لێكۆڵینەوە لە 266 كەیس كراوە، كە گومان دەكرا پەیوەندییان بە بازرگانی بە مرۆڤەوە هەبووبێ. لە ساڵی 2016 دا ژمارەی كەیسی لەو جۆرە 314 كەیس بووە. وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، لەو 266 كەیسە 40 یان پەیوەندییان بەهێزی كاری زۆرەملێوە هەبووە، 68 دانەشیان پەیوەندییان بە بازرگانی بە مرۆڤەوە بۆ مەبەستی سێكس هەبووە و 158 كەیسیشیان هیچ پەیوەندییان بە تاوانی بازرگانی بە مرۆڤەوە نەبووە. 

لە ساڵی 2017 وەزارەتی ناوخۆ لێپرسینەوەی لەگەڵ 68 كەس كردووە كە تۆمەتی بازرگانی بە مرۆڤیان لەسەر بووە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ سزای بۆ 22 كەس بڕیوەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لێكۆڵینەوەی لەگەڵ 48 كەسی دیكەش كردووە، كە تۆمەتبارن بەوەی كاریان بە قوربانیانی بازرگانیكردنی سێكس كردووە، 10 كەسیشیان لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤدا سزادراون. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە لە ساڵی 2016دا تەنیا 16 حاڵەتی لێپرسینەوەی یاسایی و سزادانی ئەو جۆرە تاوانانە هەبووە، بەو پێیەش ژمارەكە لە ساڵی 2017دا زۆربوونێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەكارانی راپۆرتەكەی راگەیاندووە، كە ئەوان لێكۆڵینەوەی یاساییان لە 58 كەیسی جۆرە جیاوازەكانی دەستدرێژی بۆ سەر كرێكارە بیانییەكاندا بە ئەنجام گەیاندووە، بەڵام هیچ زانیارییەكی لەبارەی دادگاییكردن یان بڕیاردان لەسەر هیچ بازرگانێك بە مرۆڤ، نەخستووەتەڕوو.

راپۆرتەكە دەشڵێت، لە راپۆرتەكانی حكومەتی عێراقدا هەوڵ بۆ دادگاییكردن یان حوكمدانی ئەو بەرپرسانە بەدی ناكرێ، كە دەستیان لەو تاوانەدا هەیە، هیچ هەوڵێكی حكومیش بۆ لێكۆڵینەوە لە مەلهاكان لەئاردا نییە، كە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بە شوێنی راگرتنی قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ بۆ مەبەستی سێكسیان دەزانن.

 

   حكومەتی عێراق نەیتوانیوە رێگە لە چەكداركردنی منداڵان بگرێ‌

پاراستنی قوربانیان

حكومەتی بەغدا بە تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكەی راگەیاندووە، كە ساڵی رابردوو، 41 قوربانی بازرگانیكردن بە مرۆڤیان دەستنیشان كردووە، لەو ژمارەیە حەوتیان منداڵ بوون، 22 كەسیان ئافرەت بوون، كە هەندێكیان بۆ مەبەستی كار و هەندێكیان بۆ مەبەستی سێكس بازرگانییان پێوە كراوە و 12 كەسەكەی دیكەشیان پیاو بوون. لە ساڵی 2016دا حكومەتی عێراق هیچ قوربانییەكی ئەو تاوانەی دەستنیشان نەكردبوو. 

بەگوێرەی راپۆرتەكە، لەو 41 كەسە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەنیا پێنج منداڵیانی رەوانەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە، دیار نییە قوربانییەكانی دیكە بۆ هاوكاری رەوانەی شوێنێك كرابن یان نا. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیوایە یەكێك لە كەموكوڕییەكانی حكومەتی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ ئەوەیە كە ئەركی دەستنیشانكردن و یەكلاكردنەوەی قوربانیان خراوەتە ئەستۆی دادوەرەكان، ئەمەش پێویستی بە شایەتیدانی قوربانیانە لەبەردەم دادگادا. بەڵام زۆرینەی قوربانیان لەترسی تۆڵەكردنەوە ناوێرن لە دادگاكاندا ئامادەبن. بەگوێرەی راپۆرتەكە حكومەت هیچ رێنماییەكی بۆ دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بە دەستنیشانكردنی قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ نییە. 

راپۆرتەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە قوربانیانی بازرگانیكردنی بە مرۆڤ تاوەكو ئێستا هەڕەشەی دەستگیركردن، بەندكران و دیپۆرتكردنەوەیان لەسەرە. 

پێویستە لە هەموو یاسایەكی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ بڕگەیەكیش بۆ پاراستنی قوربانیان هەبێ، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەكە، حكومەتی عێراق “خزمەتگوزارییەكی سنوورداری پاراستن”. پێشكەش بە قوربانیانی هەموو جۆرەكانی بازرگانی بە مرۆڤ دەكەن و ئاستی خزمەتگوزاری و چاودێرییەكانیش بەپێی ناوچەكان دەگۆڕێ. 

ساڵی 2016 حكومەتی عێراق لەبەر هۆكاری ئەمنی شێڵتەری پاراستنی قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤی داخست، ئەو شێڵتەرە كە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەدەبردرێ، لە ئابی 2017 سەرلەنوێ كرایەوە و 15 ستافی مەشقپێكراوی بۆ دابینكرا، بەڵام هەتا كۆتایی 2017ش هیچ قوربانییەك رووی تێنەكردبوو. 

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق بە ئامادەكارانی راپۆرتەكەی راگەیاندووە، كە خزمەتگوزاری چاودێرییان پێشكەش بە 25 منداڵ كردووە، لەوانەی خێزانەكانیان پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، بەڵام وەزارەتە عێراقییەكە نە ئاماژەی بە جۆری خزمەتگوزارییەكە كردووە و نە هیچ ئاماژەیەكیش هەیە، كە حكومەت سندوق یان پرۆگرامێكی بۆ منداڵە چەكدارەكانی داعش هەبێ. 

سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كە لە هەرێمی كوردستان سێ شەڵتەر بۆ داڵدەدانی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی و بازرگانی بە مرۆڤ هەن، بەڵام شوێن و خزمەتگوزارییەكان سنووردارن و شەڵتەرەكان بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ قوربانیانی توندوتیژی خێزانین. قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ داوایان لێدەكرێ یەكەمجار راپۆرتی بازرگانییەكە و تاوانەكانی دیكە بە پۆلیس بدەن، ئەمەش وادەكات نەتوانن هاریكاری لە شەڵتەرەكان وەربگرن.

راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە “حكومەتی هەرێمی كوردستان پەی بەوە بردووە لەڕووی خزمەتگوزارییەكانی پاراستنەوە كەموكوڕی هەیە، بۆیەش لە ئاداری 2017 لەگەڵ رێكخراوێكی كۆمەڵگای مەدەنی لەسەر كردنەوەی شەڵتەرێكی نوێ رێككەوتن”. ئەو شەڵتەرە نوێیەش پشتگیری دەروونی و كۆمەڵایەتی پێشكەش بە قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ و توندوتیژی رەگەزی دەكات. بە گوێرەی رێككەوتنەكە “حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسایش، خۆراك، چاودێری تەندروستی و ستافی ئیداری شێڵتەرەكە دابین دەكات”.

 

  18%ی كرێكارانی بیانی لە كوردستان توندوتیژییان بەرامبەر كراوە

رێگری لە بازرگانی بە مرۆڤ

بەپێی یاسای عێراق وەرگرتنی كەسانی ژێر تەمەنی 18 ساڵ لە هێزە چەكدارەكانی عێراقدا قەدەغەیە، كە هێزە میلیشیاییەكان و گروپە چەكدارەكانی دیكەش دەگرێتەوە. بەڵام وەك لە راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە حكومەتی فیدرال نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر هەندێك گروپی دیاریكراوی ناو حەشدی شەعبیدا هەبێ و  رێگە لە وەرگرتنی منداڵان لەو گروپانەدا بكات. 

بەگوێرەی راپۆرتەكە حكومەتی عێراق رێگری لەوەش نەكردووە كە میلیشیاكانی باشووری عێراق منداڵان نەبەنە ریزەكانیانەوە و كەمپی مەشقی سەربازی بۆ قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی نەكەنەوە، هەرچەند حكومەتی عێراق مووچە بە منداڵە چەكدارەكان نادات. 

راپۆرتەكە ئاماژە بە هەوڵە هاوبەش و هاوئاهەنگەكانی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات بۆ كەمكردنەوەی بازرگانی بە مرۆڤ، حكومەتی عێراق كاركردنی 15 كۆمپانیای هێنانی كرێكاری هەڵپەساردووە، پێنج كۆمپانیاشی خستووەتە لیستی رەشەوە و حەوت كۆمپانیاشی سزا داوە. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ماوەی ئامادەكردنی راپۆرتەكەدا بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤ كاركردنی 36 كۆمپانیای راگرتووە و سزاشی لەسەر شەش كۆمپانیا داناوە. بەپێی داتاكانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیی 140 هەزار كرێكار مۆڵەتی گونجاویان نییە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2015 رووپێوییەكی بۆ كرێكارانی بیانی لە كوردستان كردووە. دەركەوتووە 69%ی 480 كرێكاری بیانی كە رووپێو كراون مووچەی بڕیاردراویان وەرنەگرتوە و 18%یشیان باسیان لەوە كردووە، خاوەنكارەكانیان توندوتیژیان بەرامبەر كردوون.

ئاوارەكان ئیستغلال دەكرێن

 كچانی ئاوارە لە بەرامبەر چوونە دەرەوە لە كەمپ داوای سێكسیان لێكراوە

هێرشەكانی داعش ئەگەری بازرگانی كردن بە ئافرەت و منداڵ لە عێراقیان زیاتر كرد، ئەو تۆێژە كۆمەڵایەتییەش لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بۆ مەبەستی سێكس بازرگانیان پێوەدەكرێ. بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن دانیشتووی عێراق ئاوارە بوون، تاوەكو مانگی نیسانی ئەمساڵ 2.1  عێراقی هێشتا هەر ئاوارەن. 284 هەزار كۆچبەری سووریش بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەكەیان روویان لە عێراق كردووە، كە زۆرینەیان لە هەرێمی كوردستانن. ئەم دۆخە نالەبارە مەترسی بازرگانی لەسەر ئافرەتان و منداڵان زیاتر دەكات، لەوانەش هاوسەرگیری زۆرەملێ یان كاتی، كە بە گوێرەی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەناو كۆچبەرانی نیشتەجێی كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا بەدی دەكرێ و بەرپرسە ئەمنییەكانی كوردستان پشتگیوێیان دەخەن، یان لەبەرامبەر بەرتیلدا گوێی خۆیانی لێ دەخەوێنن.

بە گوێرەی راپۆرتەكە “پاسەوانانی ئاسایش، جگە لە رێگەدان بە پیاوان بۆ چوونە ناو كەمپ بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی سێكس لەگەڵ كچانی پەنابەر، خۆشیان هەوڵی بەدەستهێنانی سێكس دەدەن لەگەڵ كچە پەنابەرەكان، لەڕێگەی مۆڵەتپێدانیان بۆ دەرچوون لە كەمپ”. هەروەها راپۆرت هەیە، كە هەندێك خێزانی ئاوارەی عێراق منداڵەكانیان دەفرۆشن بە خێزانی دیكە بۆ زامنكردنی ئایندەیەكی باشتر بۆ منداڵەكانیان، “ئەم منداڵانە لەبەردەم مەترسی بازرگانیكردن بە مرۆڤدان”.

جیا لەمە لە ساڵی 2014 داعش هەزاران ئافرەت و منداڵی رفاند، بەتایبەتیش ئافرەت و منداڵی كوردی ئێزدی، كە رووبەڕووی دەستدرێژی و كڕین و فرۆشتن بوونەتەوە. راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ژمارەیەك لە گیراوە ئێزدییەكان بۆ سووریا، توركیا و سعودیە گوازراونەتەوە، هەندێكیشیان بە كەسانی دەوڵەمەندی وڵاتانی كەنداو فرۆشراون.

پەكەكە بەردەوامە لە چەكداركردنی منداڵان

 لە كوردستان 58 كەس بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر بیانی دادگایی كراون

بەگوێرەی راپۆرتەكە منداڵانی عێراق نەك هەر مەترسی ئەوەیان لەسەرە كە لەلایەن داعش، حەشدی شەعبی، پارتی كرێكارانی كوردستان و میلیشیاكانی دیكەی سەر بە ئێران چەكدار بكرێن، بەڵكو ژمارەیەكی زۆریان مەترسی دەستگیركردن و دادگاییكردنیشیان لەسەرە، بە گوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوێكی نێودەوڵەتی لە كۆتایی ئاداری پارساڵ 946 منداڵ، كە چواریان كچ بوون، لەسەر كەیسی پەیوەندیدار بە تیرۆر لە گرتووخانە بوون. 

راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوە بە پشت بەستن بە سەرچاوەی جۆراوجۆر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە باڵەكانی پەكەكە و یەپەگە لە هەرێمی كوردستان بەردەوام لە چەكداركردنی منداڵان، پەكەكە و یەبەشەش لە ناوچەی شنگال كوڕان و كچانی ئێزدی چەكدار دەكەن، كە هەندێكیان تەمەنیان تەنیا 12 ساڵە. ژمارەیەك گروپ و میلیشیای عەرەبی سوننەش بۆ راكێشانی منداڵان بۆ ناو هێزە چەكدارییەكان روو لە كەمپەكانی ئاوارەكان دەكەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com