نوسەرێکی بەناوبانگی کورد کۆچی کرد

0

نوچەنێت

شەوی رابردوو، نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا و زمانزانی ناسراوی کورد، حەکیم عەبدوڵڵا کاکەوەیس،  کۆچی دوایی کرد.

حەکیم کاکەوەیس، ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی “حەساری گەورە”ی نزیک شاری کەرکوک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٧ کاتێک یەکەم قوتابخانە لە گوندی “دارەمان” بەدووری ٦ کم لە حەسار کراوەتەوە حەکیم کاکەوەیس لەو قوتابخانەیە چووەتە بەر خوێندنی سەرەتایی و قۆناغی ئامادەیی لە کەرکوک تەواو کردووە و ساڵی ١٩٧٣ بەشی بیرکاری لە کۆلیژی زانست لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە.

دوای زانکۆ تاکوو کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە بووە. هاوینی ١٩٧٥ لە بەغدا وەکوو فەرمانبەری پرۆگرامسازی لە وەزارەتی پلاندادان دامەزراوە و تاکوو ساڵی ١٩٨٠ بەردەوام بووە.

پاشان لە زاخۆ کراوەتە سەربازی یەدەگ و دوای ماوەیەک، کە شەڕی عێراق- ئێران دەست پێدەکات، داوای لێ دەکەن ببێتە بەعسی و ئەوێی جێ هێشتووە و لە ساڵی ١٩٨٤ خۆی دەگەیێنێتە وڵاتی سوید و لەوێ دەگیرسێتەوە. هەروەها خێزاندار و باوکی چوار کوڕ و کچێکە.

حەکیم کاکەوەیس، لە ساڵی ٢٠٠٠ بەهۆی نەخۆشی دڵەوە خانەنشین کراوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ زیدی خۆی لە کوردستان، ژیانی خۆی بە خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان بەسەر بردووە.

ئەو زیاتر لە عەرەبی و سویدی بەرهەمەکانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە. زۆربەی بەرهەمەکانی مەسعوود محەمەد، کوڕی مەلای گەورەی کۆیەی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە.

لە ڕاۆژانی ڕابردوو، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، سەردانی نەخۆشخانەیەکی بەغدای کردووە و سەرەنجام شەوی ڕابردوو ١٨-١١-٢٠١٨، لە شاری بەغدا لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە:

– لسان الکرد. نووسەر: مەسعوود محەمەد، وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس، هەولێر: کوردستان، ٢٠٠٨.

– حەجێکی‌تر بۆ بەردەرگای (خەتێ)ی زانا، مەسعوود محەمەد، وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس.

– کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی بە شێتخانە دەچێت؟، مەسعوود محەمەد، وەرگێڕانی بۆکوردی: حەکیم کاکەوەیس

– رۆمانی گورگی رووتەڵان، حەکیم کاکەوەیس لە سوێدییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە.

– رۆمانی کۆلارەفڕێن، بەرهەمی رۆماننوسی ئەفغانی خالید حوسێنی، وەرگێڕانی بۆ کوردی حەکیم کاکەوەیس.

ڕۆمانی بەزمی تەگەکە، نووسینی ماریۆ بارسا یووسا، وەرگیڕانی حەکیم کاکەوەیس و چەند بەرهەمی دیکە لە بواری زمان و وەرگێڕان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com