پارتی داواکاریییەکی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت رەتدەکاتەوە

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەنێت، پرسی کەرکوک و کێشەکانی بەغدا و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم سێ پاکێجی جیاوازن و مومکین نییە بە یەک پاکێج گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی لای خەڵکی کوردستان درووستکردووە تا ئێستاش لایەنەکان هیچ ڕێککەوتنێکیان ئەنجام نەداوە لەسەری، ئەمە لەکاتێکدایە یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا دەکات پرسی پێکهێنانی حکومەت و کێشەکانی کەرکوک و دانانی پارێزگاری کەرکوک و کێشەکانی بەغدا بەیەک پاکێج گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستانیش، کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە رەتیدەکاتەوە بەیەک پاکێج گفتوگۆ بکەن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە داواکاری یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند “لەڕووی کردەویییەوە مومکین نییە، کە سێ پرسی جیاوازی وەک کەرکوک، بەغدا و هەرێم لە یەک پاکێج کۆبکرێتەوە و تێکەڵبکرێت لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، چونکە ئەوانە سێ پرسی زۆر جیاوازن، پێویستە بە جیا و بە میکانیزمی جیاواز چارەسەر بکرێن”.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، پرسەکانی بەغدا سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی گفتوگۆ دەکەن بۆ چارەسەرکردنی، پرسی کەرکوکیش پەیوەستە بە مادەی ١٤٠ و کۆمەڵێک کێشەی دیکە، ئەوەش پێویستی بەگفتوگۆ و ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، لە هەرێمی کوردستانیش گفتوگۆ لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێم دەکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. 

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە، کە حزبەکەی نایەوێت بەیەک پاکێج گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کێشەی کەرکوک و پرسەکانی بەغدا بکات، بەڵکو دەیەوێت پرسی پێکهێنانی حکومەت جیا بکرێتەوە لە پرسەکانی دیکە، چونکە تێکەڵکردنی ئەو سێ پاکێجە مومکین نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com