بەغدا چاوەڕێی وەڵامی هەولێرە

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ـی عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرکاتێک حكومەتی هەرێم بۆچوونی خۆی بە فەرمی ڕاگەیاند، چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات، پارە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.   

پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ عێراق چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تەواوی بودجەی عێراق بە ١٣٣ ترلیۆن و ١٠٧ ملیار دینار دانراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم، پابەندبێت بە پڕۆژەیاسای بودجەوە و ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوکاتە بەغدا نزیکەی ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات، ئەگەر پابەند نەبێت، واتە خۆی نەوتەکە بفرۆشێت، ئەوکاتە حکومەتی عێراقی تەنها موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە ڕوانەی هەرێمی کوردستان دەکات. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، ڕایگەیاند “پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ عێراق دوای ئەوەی لە ڕۆژنامەی واقایعی عێراق بڵاوکرایەوە، ئێستا چووتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی عێراق، دەست دەکەن بەجێبەجێکردنی”.    

سەبارەت بە ناردنی پشکی هەرێمیش لەلایەن بەغداوە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی، گوتی “پشکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ـی عێراق دیاریکراوە و هەردوو ئەگەرەکەش لەبەردەم هەرێمی کوردستان کراوەیە، ئایا پابەند دەبێت یان پابەند نابێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی ڕوونی نییە کامیان هەڵدەبژێرێت، چونکە پێویستە حکومەتی عێراقی بۆچوونی حکومەتی هەرێم بزانێت”.

سەبارەت بە شێوازی ناردنی پارەکەش بۆ هەرێم، شێروان میرزا، رایگەیاند “حكومەتی هەرێمی کوردستان هەر شێوازێکیان هەڵبژێرێت، مانگانە پارەکەی بۆ دێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، هەرکاتێکیش هەرێم بۆ چوونی خۆی بە ڕوونی ئاشکراکرد، کام بژاردەیان هەڵدەبژێرێت، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕاستەوخۆ دەستبەناردنی پارەکە دەکرێت”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com