بۆچی وڵاتان هاوکاری مرۆیی بۆ ئێران نانێرن؟

0

نوچەنێت

بە هۆی بارانبارین و لافاوی بە لێشاو لە ئێران کە ڕۆژێک پێش نەورۆز دەستی پێکرد و دواتر سەرتاسەری ئەم وڵاتەی گرتەوە، تاکوو ئێستا ئامارەکانی حكومەت باس لە گیانلەدەستدانی ٤٥ کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە دەکەن.

ئەم لافاوە لە سەرەتاوە سێ پارێزگای گوڵستان، مازندەران و خوراسانی باکوری گرتەوە، تا گەیشتە سەرتاسەری ئێران.

وەزیری ناوخۆی ئێران رۆژی ڕابردوو، یەکی ئەپریل ڕایگەیاند نزیکەی ٤٠٠ شار و ١٥ پارێزگای ئەم وڵاتە لە ژێر مەترسی لافاودان و تاکوو ئێستا ٧٨ جادە و رێڕەوی نێوان شارەکان و ٢١٩٩ جادە بۆ گوندەکان.بە هۆی لافاوەوە داخراون.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک نەریتی هەمیشەیی خۆیان لە کاتی ڕوودانی ڕووداوی سروشتی یان کارەساتی لەم چەشنە، داوای یارمەتی لە وڵاتانی جیهان ناکەن، بەڵام  لێشاوی لافاوەکانی ئەم رۆژانە وێكچوونێکی زۆریان بە بوومەلەرزەی ڕوودبار و بەمەوە هەیە کە بەو هۆیەوە  یەک لە سەر سێی دانیشتوانی شارەکە گیانیان لە دەست دا و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون. لە دوای رووداونی ئەم دوو بوومەرلەرزەیە، وڵاتانی جیهان یارمەتییەکی زۆریان بە ئێران گەیاند.

لە بوومەلەرزەی بەم، کە ساڵی ٢٠٠٢ ڕوویدا، زیاتر لە ٦٠ وڵاتی جیهان کاروانی یارمەتییەکانیان بۆ لێقەوماوان بەڕێ کرد کە بریتی بوون لە خۆراک و دەرمان. هەر ئەو کات میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند ،کە ئەمریکا سەرباری ناردنی یارمەتی مرۆیی، نەخۆشخانەی سەحراییشی بۆ زیانبەرکەوتووان دابین کردووە.

ئێستا پەیوەندییەکانی ئێران و ڕۆژائاوا، بە ئەمریکا و ئەوروپاوە بە هۆکارگەلێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. وەک:

یەکەم ئەوەی کە نەفرەت و ڕقی عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ئەمریکا، ئەوروپا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچە، کاردانەوە و دەنگدانەوەی زۆری لە میدیا و ناوەندەکانی ئەم وڵاتانە بەدواوە بووە و ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ پشتگوێ خستنی ئێران.

گۆشەگیرکردنی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە جیهان و بەردەوامبوونی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر  ئێران، هۆکاریکی دیکەی ئەم پشتگوێ خستنەیە.

هەرچەند بەرپرسانی ئەمریکی بەردەوام ڕایانگەیاندووە، کە یارمەتی مرۆڤدۆستانە شمولی ئەم گەمارۆیانە ناکات، بەڵام وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان تەنانەت ئەگەر بیانهەوێ ئەم جۆرە یارمەتیانە ڕەوانەی ئێران بکەن، لە گەڵ وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا روو بەروودەبنەوە، واتە نایانهەوێ بە پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەمریکا تۆمەتبار بکرێن.

تەنانەت نووسینگەی کاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کە ئامادەیی تەواوی بۆ ناردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئێران هەیە، بەڵام گەمارۆ یەکلایەنەکانی ئەمریکا بەربەستە لە سەر رێی ناردنی یارمەتییەکان.

هەرچۆنێک بێت هەر یەک لەو هۆکارانەی کە ئاماژەی پێکرا، کاریگەرییان لە سەر ئەوە بووە کە وڵاتان و دامەزراوە و رێکخراوە فریاگوزاریەکان لانی کەم لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەی کە لافاو ئێرانی گرتۆتەوە، نەتوانن هاوکاری و یارمەتی لێقەوماوان بکەن. تەنانەت لەم دوو هەفتەیە هیچ ڕاپۆرتێک بڵاو نەبۆتەوە کە باس لە ڕەوانەکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئێران بکات.

تەنها دەوڵەتی تورکیا نەبێت، کە بە فەرمی ئامادەیی خۆی بۆ رەوانەکردنی یارمەتی مرۆیی بە ئێران دەربڕیوە، ئەوەی کراوە تەنها پەیامی هاوخەمی و هاوسۆزی بووە لە گەڵ ئێرانیەکان، ئەویش بە رێگەی پۆستی تویتەری.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com