سێ سیناریۆ لەبارەی ململانێکانی واشنتۆن و تاران

0

نوچەنێت

دوای ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، مۆڵەتی دیاریکراوی پێشوو(شەش مانگە) بە وڵاتان بۆ مامەڵە لە گەڵ ئێران و کڕینی نەوتی ئەم وڵاتە درێژناکاتەوە. هەر وڵاتێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات بە توندی سزا دەدرێت. گۆڕەپانی سیاسی  ئێران شڵەژا.

بەرپرسانی ئێران، وەک یەکەم کاردانەوەکان بەرامبەر بەم بڕیارە ڕایانگەیاند، کە تاران بێ وەڵام نابیت و بە زووترین کات هەڵوێست و کاردانەوەی دەبێت.

پرسیارە لێرەدایە، کاردانەوە و جۆری دژکردەوەی ئێرانیەکان دەتوانێ چی بێت؟ ئەوەی بە فەرمی لە سەر زاری بەرپرسانی ئێرانی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران هاتۆتە دەر، ئەم بژاردانە لە خۆ دەگرێت: داخستنی گەورووی هورمز، بەربەستکردنی رێگای هاتوچووی کانتینێرەکانی نەوت، دروست کردنی رێگر لە ڕێڕەوی باب المندب لە دەریای سوور، کردنەوەی ئامانجی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە سوریا و عێراق، یان کردنەوە ئامانجی هاوپەیمانانی ئەمریکا وەک سعودیە، ئیسرائیل و ئیمارات و بەرژەوەندییەکانیان.

بەرامبەر بەم هەڕەشانە، ئەمریکا بنکە سەربازیەکانی خۆی لە کەنداو، عێراق، دەریای مەدیتەرانە و دەریای سور بەهێزتر کردۆتەوە. ئەمەش مانای وایە کە ئەمریکا بەراوردی هێرشی چاوەڕواننەکراوی ئێرانیەکانی کردووە، یان تەنانەت پێدەچێ بە رێگەی گروپە میلیشاییەکانی ژێر هەژمونی خۆی بیهەوێ ئامانجەکانی ئەمریکا پەلامار بدات و بەم پێیە شەڕێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکات.

لە گەڵ ئەوەی کە کۆدەنگی و هاوڕاییەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بوونی نییە، بەڵام گومان لە کاریگەری و شوێندانەربوونی ئەم گەمارۆیانەدا نییە. بەم هۆیەوە بەشێک لە بانکەکانی ئێرانی و کەرتی نەوتی ئێران، بە تەواوی لە ژێر گەمارۆ و گوشاری پڕووکێنەری ئەمریکادان، هەروەها گوشارێکی هاوشێوەش بۆ سەر ناوەندە بازرگانی و داراییەکانی وڵاتانی جیهان دروست بووە، کە پەیوەندی بازرگیانیان بە ئێرانەوە هەیە.

بە پلەی یەکەم، ئەم گەمارۆیانە دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێرانیان شڵەژاندووە. کۆمەڵگە تا دێ لە ژێر قورسایی گوشارەکان پشتی دەشکێ و هاوکات پەرەی بە ناڕەزاییەکان داوە. هەروەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا شەپۆلێکی گەورەی خۆپیشاندان لە لایەن ئێرانیەکانەوە بۆ سەر رژێمەکەی دروست بووە.

بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و پێداویستی رۆژانە لە بازاڕەکان، دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، کەم بوونەوەی توانای کڕینی دراو و هتد بەشێکن لە دەرهاویشتەکانی ئەم گوشارانە.

رێژەی هەڵئاوسان ١٠% زیادی کردووە. رێژەی بێکاری ١٢% هەڵکشاوە. نرخی شتومەک لە بەرزبوونەوەدایە و بە پێچەوانەوە ئاستی ژیانی خەڵک تا دێ دادەبەزێت. وەبەرهێنانی کۆمپانیا  ودامەزراوە بیانیەکان تا دێ کەمتر دەبێتەوە.

لەم دۆخەدا سێ سیناریۆ بۆ داهاتووی کێشمەکێش و ململانێکانی ئەمریکا و ئێران، پێشبینی دەکرێت

یەکەم، دەرچوونی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی بۆ پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەم بژاردەیە وا دەکات کە وڵاتانی لایەن لە رێککەوتنەکە پشت لە  ئێران بکەن و لە دژی بوەستنەوە.

دووەم، بەریەککەوتنی راستەخۆی سەربازی.

ئەم سیناریۆیە کاتێک بەهێزترە کە ئێران بیهەوێ گەرووی هورمز دابخات و قەیرانێکی نەوتی لە جیهان دروست ببێت، یان ئەوەی کە راستەوخۆ پەلاماری ئامانجە سەربازیەکانی ئەمریکا لە کەنداو و عێراق  وسوریا بدات.

سێهەم، دانوستان و دواتر رێککەوتن. پێدەچێ بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وەک ئەوەی سەبارەت بە کۆریای باکور روویدا، ئێران چیدیکە نەتوانێ بەرگە بگرێت و لە ئەنجامدا رەوتێکی دانوستان و دواتر رێککەوتن دەستپێبکەن. ئەوەی بە لای ترەمپەوە گرنگە رێککەوتنێکی باش، باش بەو مانایە کە تای تەراوزووی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا قورسایی بکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com