بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی 4132 کەس قەرەبوو دەکرێنەوە

0

نوچەنێت

بەشداربووانی پڕۆژەی گوندی کۆری قەرەبوودەکرێنەوە. ئەو هاونیشتمانیانەی ناویان بۆ پرۆژەکە تۆمارکراوە پارچە زەوییەکیان پێدەدرێت، هەروەها بڕی حەوت هەزار دۆلار بۆ ئەو هاونیشتمانییانە دەگەڕێندرێتەوە کە وەک قیستی یەکەمی پرۆژەکە داویانە.

بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی، کۆمپانیاکە پابەندکراوە بە گێڕانەوەی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ ئەو بەشداربووانەی یەکەکانیان بۆ دروست نەکراوە. هەروەها ئەو هاونیشتمانییانەی لە پرۆژەکە سوودمەندبوون دەبێت قیستی مانگانەکەی بگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی بانکی نیشتەجێبوونی پارێزگای هەولێر.

گوندی كۆری له‌ ساڵی 2014 به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و كۆمپانیایه‌كی كۆریای باشوور لە ھەولێر لە سه‌ر رووبه‌ری هه‌زار و 592 دۆنم زەوی، وەک هاوکارییەک بۆ کرێنشینان بڕیاری دروستکردنی درا، کە بریتیبوون لە 6 هەزار و 512 یەکەی نیشتەجێبوون، بەشێک لەو خانووانە دابەشکران، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبڕیارێک دابەشکردنی خانووەکانی دیکەی راگرت.

دەقی بڕیاری قەرەبووکردنەوەکە:

بەمەبەستی چارەسەرکردن کیشەی پرۆژەی کرێ نشینانی گوندی کۆری کە مۆڵەتی ژمارە (1) لە 7-12-2011ـی پێبەخشراوە کە بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە پرۆژەکە لەکاتی خۆی جێبەجێ بکرێت. تایبەت بە هاووڵاتیانی کرێ نشین لە پارێزگای هەولێر و هەروەها قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی کە ناویان تۆمارکراوە لە پرۆژەکەدا. بەڵام یەکەکانیان دروست نەکراوە و ژمارەکەیان (4132) هاووڵاتییە پاڵپشت بە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2006 ـی وەبەرهێنان بڕیارماندا بە:

1- پێدانی پارچە زەوییەک بەو هاووڵاتیانەی کە لەسەرەوە دیاریکراون و ناویان لەلیستی هاوپێچدا هاتووە بە رووبەری (200 م 2) لەناو ماستەرپلانی شاری هەولێر کە بە زنجیرە (1) بەناوی (سەربەست قادر مستەفا) دەستپێدەکات و کۆتایی دێت بە زنجیرە (4132) بەناوی (بەسام جەلال عوسمان).

2-گێڕانەوەی بڕی (7000) دۆلار بۆ هاووڵاتیان کە وەکو قیستی یەکەم داوایانە بە کۆمپانیا بەپێی ئەو لیستەی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بە کۆمپانیا بەپێی ئەو لیستەی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە ئامادەکراوە و هاوپێچ کراوە.

3-کۆمپانیا پابەندبکرێت بە گێڕانەوەی بڕی (5) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ هاوبەشانی پرۆژەکە کە یەکەکانیان بۆ دروست نەکراوە لە پرۆژەی ناوبراو.

4- مەشمولکردنی 1214 یەکەی پرۆژەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە بە سندووقی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری.

5- وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵدەستێت بە تەحویلکردنی پرۆژەکە بەبڕی 24280000 دۆلار لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی بانکی نیشتەجێبوونی پارێزگای هەولێر و گواستنەوەی سەرجەم ئەو ئەژمارانەی (حیساب) کە کراونەتەوە و گواستنەوەیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی بانکی نیشتەجێبوونی پارێزگای هەولێر.

6- هاووڵاتیانی سوودمەند لە پرۆژەکە هەڵدەستن بە گێڕانەوەی قیستی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی بانکی نیشتەجێبوونی پارێزگای هەولێر.

7- پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com