چۆن کارتی فشاری ئێران بە زیانی شکایەوە؟

0

نوچە

گەرووی هورمز شادەماری سەرەكی هەناردەكردنی نەوتە لەسەرتاسەری جیهان، لەئێستاشدا بووەتە ناونیشانێكی نوێی گرژییەكانی نێوان تاران واشنتۆن، كە هەریەكەیان دەیانەوێت لە رێگەیەوە باڵادەستی خۆی بەسەر بازاڕی نەوتدا بسەپێنێت.
گەرووی هورمز بۆ ئێران شاڕێگای هەناردەکردنی نەوتەکەیەتی و خاڵی کۆنترۆڵکردنی رێگایەکی ستراتیژيی گرنگە، بۆ ئەمریکاش خاڵی پاراستنی بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوایە، لەبەرئەوە کارتێکە هەمیشە لەقوڵایی ململانێى ئابووری و سیاسییەکاندا بەکاردەهێنرێت. 

Image result for ‫گەروی هورمز‬‎

هەڵکەوتەی گەرووی هورمز

گەرووی هورمز دەکەوێتە نێوان سنووری هەردوو وڵاتی عومان و ئێران، بەشی باکووری رۆژهەڵاتی کەنداوی فارس دەبەستێتەوە بە کەنداوی عومان لەبەشی باشوور و دەڕژێتە سەر دەریای عەرەبی.
کەنارەکانی بەشی باکووری گەروەکە سەر بە دەوڵەتی ئێرانە و بەشە باشوورەکەشی سەر بە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبییە، لەگەڵ بەندەرێکی داخراوی سەر بە عومان.

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، بەشی زۆری گەروەکە، لەسنووری کەنارە ئاوییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.

گەرووی هورمز چۆن کۆنترۆڵ کراوە؟

ململانێی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز مێژوویەکی کۆنی هەیە، هەر لەسەرەتای پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لەسەدەی رابردوەوە، گرنگی و بایەخی ستراتیژيی و ئابووری ئەم گەروە دەرکەوت، ئێرانییەکان زوو ھەستیان بەم گرنگییە کرد و هەوڵی کۆنترۆڵکردنیاندا، دواتریش بەرژەوەندی رۆژئاواییەکان و ئەوروپای تێکەوت و هەریەک لە ئەمریکا و به‌ریتانیا  هەوڵیاندا لە رێگەی ناردنی هێزی دەریاییەوە کۆنترۆڵی کەنداو بکەن.

لەئێستادا گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە، بەڵام لە رێگای یاسای نێودەوڵەتی و بوونی هێزی دەریایی به‌ریتانی و ئەمریکی، کە بنکە سەرەکییەکەی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەینە، پاراستنی ئاسایشی کەشتییە جیهانییەکان کۆنترۆڵکراوە.  

هۆكارەکانی گرنگی گەرووی هورمز (١)

-گەرووەكە دەكەوێتە باشوری كەنداو، لەئاوی كەنداوی عوممان و دەریای عەرەب جیای دەكاتەوە.

– ئێران كۆنترۆڵی بەشی باكووری ئەو گەرووەی بەدەستەوەیە بەو پێیەی بەندەر عەباس دەكەوێتە ئەو بەشەی گەروەكەوە، بەشی باشووریشی لەژێر كۆنترۆڵی  شانشینی عوماندایە.

– گەرووەكە ناوی (دوورگەی هورمز)ی هەڵگرتووە كە دەكەوێتە دەروازەكەی و لە سەدەی شانزەدا، یەكێك بووە لەو شانشینانەی لەژێر دەسەڵاتی خێزانێكی عەرەبی بوو لە عومان، لەساڵی ١٥١٥دا پرتوگالییەكان سەركەوتوو بوون لە داگیركردنی، لەساڵی ١٦٣٢ هێزی هاوبەشی بەریتانی و فارسەكان توانیان پرتوگالییەكانی لێ وەردەربنێن، لەو كاتەوە تا ئێستا، گەرووەكە سەر بەئێرانە.

– بەهەمان شێوە لەدەروازەی گەرووەكەدا چەندین دوورگەی تر هەن وەك دوورگەكانی قشم و لاراكی ئێران و ، تونبی گەورەو بچووك و ئەبو موسا كە ساڵانێكە  بووەتە شوێنی ململانێی ئێران و ئیمارات.

– نزیكەی ٤٠% بەرهەمی نەوتی جیهان كە بەئاودا دەگوێزرێتەوە، بەگەرووی هورمزدا تێپەڕدەبێت.
 
– پانی گەرووی هورمز ٥٠ كیلۆمەترە و قوڵیەكەشی ٦٠ مەترە.
– پانی هەردوو دەروازەی هاتنەناوەوەو دەرچوونی گەرووی هورمز ١٠.٥ كیلۆمەتر دەبن و، ڕۆژانە توانای لەخۆگرتنی  ٢٠ تا ٣٠ كەشتی بارهەڵگری نەوتی هەیە.

– سعودیە ٨٨% ، عێراق ٩٨% ،  ئیمارات ٩٩%ی نەوتەكەیان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەكەن، جگە لەوەش هەریەك لە ئێران و كوەیت و قەتەر تەواوی نەوتەكەیان لە گەرووی هورمزەوە هەناردە دەكەن.

– ژاپۆن گەورەترین كڕیاری نەوتە لەڕێی گەرووی هورمزەوە.

یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبارەی گەرووی هومز (٢)

لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە ئەم دورگەیە بەشێكە لە بەرزە دەریاكان، هەموو كەشتییەك مافی هەیە و ئازادە، كە تێپەڕێت بە ناویدا، مادام زەرە نادات لەو وڵاتانەی كە دەكەونە سەر دورگەكە، یان بەریەككەوتنی نییە لەسەر سيسته‌م و ئاسایشی وڵاتەكانی كەنار.

لە ٣٠ ئەبریلی ١٩٨٢ یاسایەكی نێودەوڵەتی كاری لەسەر كراوە لەنێوان ئەو وڵاتانەدا كە دەكەونە سەر دەریا، گرنگترین بەندی ئەو رێككەوتنە بریتییە لە بەندی ٣٨ كە بەم جۆرەیە: 

رێگە دەدرێت بە هەموو كەشتییەك گوزەر بكات لە تەنگە دەریایيەكان، لە ناویشیاندا گەرووی هورمز، كە بەبێ هیچ رێگرییەك تێپەڕبێت، ئەگەر چی ئەو كەشتییانە بازرگانی بن یان سەربازی.

لە كۆنگرەی یاسای دەریا لە ( جنێف ساڵی ١٩٥٨ – ١٩٦٠ ) ئێران هەوڵیدا لە كۆنفرانسی یەكەم و دووەم دانیشتنێك بكەن لەسەر یاسای دەریايی، كە لەژێر ئاڵای وڵاتە یەكگرتووەكان بووە، ئێران بە مافی خۆی دەزانی سەرپەرشتی ڕێڕەوەكە بگرێتە ئەستۆ بە پاساوی ئەوەی هورمز دەكەوێتە رێڕەوی ئاوی ناوچەكانی ئەو، دیارە داواكارییەكەی ئێران لەلایەن سەرجەم بەشداربووان بەرپەرچ درایەوەو قبووڵ نەكرا.

لە كۆنفرانسی یاسای دەریاوانی لە ٣٠ ئەبریلی ١٩٨٠، جارێكی تر ئێران پێشنییازی مافی سەرپەرشتیكردنی گەرووی هورمزی كردەوە، جارێكی تر بە كۆی دەنگ داواكارییەكەی ئێران وەرنەگیرا و بۆ جاری سێیەمیش بە هەمانشێوە، تا ئەو كاتەی یاسای نێودەوڵەتی بۆ بەرگری لە دورگە دەریایيەكان كه‌ ساڵى ١٩٨٢ دەرچوو.

و
گرنگی ستراتیژيی و ئابووری گەروی هورمز (٣)

لەرووی گواستنەوەی دەریاییەوە، گەرووی هورمز تەنها رێگای گواستنەوەی کەلوپەل و خەڵک لەکەنداوەوە بۆ جیهانی دەرەوە، لەبەر ئەم هۆکارەشە هەریەک لە ئیمارت و سعودیە پێشنیاری دامەزراندنی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی نوێیان کردووە بۆ دورکەوتنەوە لەم رێگا پڕکێشەیە.
 

گەرووی هورمز، یەکێکە لەگرنگترین رێگا ئاوییەکانی گواستنەوەی نەوت کە هێڵی نێوان کەنداوی فارس و کەنداوی عومان پێکەوە دەبەستێت.  پانییەکەی ٣٩ کیلۆمەترە کە کورتترین رێگای گواستنەوەی ئاوییە و هێڵی تەنها رێگەی تێپەڕینی دوو کەشتی هەیە لەیەک کاتدا کە هەر رێگەیەکیان پانییەکەی ٢ میلە.

ئەم گەرووە کراوەیە بەسەر دەریایەکدا، کە له‌ رێگەیەوە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی نەوتی بازرگانی هەموو جیهان و نزیکەی سێیەکی گازی سروشتی هەمو جیهان رەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێت.
گەرووی هورمز دوو دورگەی تێدایە ( دورگەی قیشم و دورگەی هەنجام)، کە زۆربەی بەندەرەکانی تێدا کۆبووەتەوە، بنکەی سەرەکی هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزی چاودێری دەریایی ئێرانیش لە گەرووی قیشم دایە.

گرنگی ستراتیژی ئەم گەرووە ئەوەیە، کەتەواوی وڵاتانی هەناردەی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، دەبەستێتەوە بەبازاڕەکانی ئاسیا، ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و هێڵە نەوتییەکانی ئەولاتریش، ئەوەش وایکردووە ببێتە چەقی ململانێکانی نێوان رۆژئاوا و ئێران.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکا، لەساڵی ٢٠١٦دا رۆژانە ١٨.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەم گەروەدا تێپەڕیوە، کەنزیکەی لەسەدا ٣٠ی نەوتی گواستراوەی دەریایی بووە لەو ساڵەدا.

لەساڵی ٢٠١٧ تەنها لەم گەرووەوە رۆژانە ١٧.٢ ملیۆن بەرمیل نەوت گوازراوەتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

رێژەی گواستنەوەی نەوت لەم گەروەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ بەرزدەبێتەوە بۆ ١٧.٤ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

بەپێی زانیارییەکانی (ڤۆرتێکسا)ی ئەمریکی، رێژەی بەکارهێنانی رۆژانەی نەوت لەجیهاندا (١٠٠) ملیۆن بەرمیل نەوتە، بەوپێیەش نزیکەی لەسەدا ٢٠ی نەوتی هەمو جیهان لە گەرووی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهاندەکرێت.
 
زۆربەی نەوتی خاوی شانشینی سعودیە، ئێران، ئیماراتی عەرەبی، کوەیت و عێراق و تەواوی ئەندامانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لەم رێگا ئاوییەوە هەناردەدەکرێت.

بەپێی دواین زانیارییەکان، نزیکەی نیوەی نەوتی ژێرزەوی و عەمبارکراو لەوڵاتانی سەر بە رێکخراوی ئۆپێکدایە، ئەمەش گرنگییەکی زیاتر دەدات بەگەرووی هورمز کەرێگای سەرەکی گواستنەوەی نەوتەکەیانە بەرووی جیهاندا.
 
جگەلەوە گەرووی ھورمز رێگای سەرەکی هەناردەکردنی تەواوی گازی شلی قەتەرە، کە گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی شلە لەجیهاندا.
  
جەنگی تەنکەرەکان

لەماوەی جەنگی ئێران – عێراقدا هەریەک لەو دوو وڵاتە هەڕەشەی دروستکردنی مەترسییان بۆ سەر هێڵی گواستنەوەی یەکتری دەکرد، لەمانگی تەموزی ١٩٨٨ دا حکومەتی عێراقی تۆپبارانی گەرووی هورمزی کرد و بەهۆیەوە ٢٤٠ کەشتی نەوتهەڵگری کردە ئامانج، جەنگەکەش بەجەنگی تەنکەرەکان ناسراو بەهۆیەوە ٥٥ کەشتی لەکارکەوتن و زیانێکی زۆر بە سەرچاوەی نەوتی ئێران کەوت.

ئۆپەراسیۆنی نزای سەرعوف (١٩٨٨)

لە ١٨ی نیسانی ١٩٨٨ دا هێزی دەریاوانی ئەمریکا بۆ ماوەی یەک رۆژی تەواو لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەنزیک و دەورووبەری گەرووی هورمز کەوتنە شەڕەوە، جەنگەکە لەلایەن ئەمریکاوە ناونرا ( ئۆپەراسیۆنی نزای سەرعوف) و لەتۆڵەی رووداوی مینڕێژکردنی کەشتی (سامیۆل بی)ی ئەمریکیدا ئەنجامدرا کە رۆژی ١٤ی نیسانی هەمان ساڵ روویدا بوو، لە ئەنجامدا هێزەکانی ئەمریکا یەک کەشتی جەنگی ئێران و شەش بەلەمی خێرای دیکەی ئەو وڵاتەیان نوقمی دەریاکرد.

سەرەتای هەڕەشەکانی ئێران (٢٠٠٨)

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەفەرمی رایگەیاند، کەشتییە جەنگییەکانیان لەلایەن بەلەمە ئێرانییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە، دوای ئەوە لەسێ کەشتی جەنگی ئەمریکی نزیکبوونەتەوە لەگەرووی هورمزدا.

لە١١ی ئابی هەمان ساڵدا، زیاترلە ٤٠ کەشتی جەنگی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرەو گەروی هورمز بەڕێکەوتن، پێنج گروپی تەواوی شەڕکردن بون، بەڵام ژمارەی ژێردەریاییە جەنگییەکان کە بۆ روبەروبونەوە ئامادەکرابون نەزانراوە.

سەرهەڵدانەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان 

– دەستپێکردنەوەی هەڕەشەکانی ئێران
– ناردنی کەشتی فرۆکەهەڵگری ئەبراهام لێنکۆڵن
– هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر
– خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی

لە٢٧ی دیسەمبەری ٢٠١١ مەحمود رەزا رەحیمی، جێگری سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند وڵاتەکەی بەداخستنی گەرووی هورمز رێگای هەناردەکردنی نەوت دەگرێت ئەگەر رێگەی هەناردەکردنی نەوتی سنورداربکرێت.
لە٣ی کانونی دوەمی ٢٠١٢دا، ئێران هەڕەشەی هەڵگرتنی هەنگاوی کرداری کرد بۆ داخستنی گەرووی هورمز، ئەگەر هێزی دەریایی ئەمریکا، کەشتی دیکە رەوانەی کەنداوی فارس بکات.

بەهەمان شێوە لە ٧ی کانونی دووەمی ٢٠١١ دا، به‌ریتانیا رایگەیاند “کەشتی تێکشکێنەر لەجۆری ( دێیەرینگ ٤٥) رەوانەی کەنداو دەکات”. دێیەرینگ پێشکەوتووترین کەشتی جەنگی دەریاییە لەجیهاندا و یەکەمین ئەزموونی کارکردنی دەبوو لە کەنداودا. حکومەتی به‌ریتانیا راشیگەیاند، لەمێژە پلانی ناردنی ئەم کەشتییەیان داناوە و جیگەی کەشتی ئارمیلا پاترۆڵ دەگرێتەوە.
دوو رۆژ دواتر و لە ٩ی کانونی دوەمی ٢٠١١، وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند “وڵاتەکەی گەرووی هورمز بەرووی جیهاندا داناخات”.

لە ٢٣ی کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا، کەشتی جەنگی (فلۆتیلا) لەلایەن چەند وڵاتێکەوە بۆ روبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دروستکرا لەگەرووى هورمز کە دواتر لەکەنداو دەریای عەرەبی جێگیرکرا. 

لەمانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ ئێران لەبەرامبەر سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد کە ئامانجیان راگرتنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو.

دەستپێکردنەوەی هەڕەشەکانی ئێران

لەمانگی تەموزی ٢٠١٨ دا و لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ سفر کەمدەکەنەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند وڵاتەکەی دەتوانێت لەرێگای گەرووی هورمزەوە کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی جیهان دروستبکات. فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانیش گوتی کە وڵاتەکەی کێشە بۆ تەواوی گواستنەوەی نەوتی جیهان لەگەرووی هورمزدا دروستدەکات ئەگەر کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی وڵاتەکەی دروستبکەن.

ناردنی کەشتی فرۆکەهەڵگری ئەبراهام لێنکۆڵن

لەوەڵامی هەڕەشەکانی ئێران و بەهۆی ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە ٥ی ئایاری ٢٠١٩دا جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، هەواڵی ناردنی کەشتی فرۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن)ی بۆکەنداو راگەیاند، کە هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمییە لەگەڵ هێزێکی بۆمبهاوێژی شارەزا.

هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر

لە ١٣ی تەموزی ئەمساڵدا (٢٠١٩) لەبەشی باشووری کەناراوەکانی ئێران و لەناو کەنداوی عومان دا دوو کەشتی نەوتهەڵگر هێرشیانکرایە سەر. کەشتی یەکەمیان ناوی (فرۆنت ئەڵتێر) و سەربە کۆمپانیایەکی نەرویجی بوو، کە ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی لە ئیماراتەوە دەگواستەوە بۆ تایوان. کەشتییەکەی ئاگری لێکەوتەوە و دواتر ٢٣ کەس لە تیمی کەشتییەکە لەڕێگای کەشتییەکی دیکەی پاسەوانییەوە رزگارکران.

کەشتی دوەمیش کەناوی (Kokuka Courageous) کۆکوکا کۆرجس بو میسانۆڵی لەسعودیە و قەتەرەوە دەگواستەوە بۆ سەنگافورە بەرهێرشی لەناکاوی دەریایی کەوتن.
لەبارەی هێرشەکەوە، کۆمپانیای (CPC Corp) بڵاویکردەوە کەشتییەکان بەبۆمبی دەریایی هێرشی کراوەتەسەر. ئەمریکا ئێرانی بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبارکرد و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش رەتیکردەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبوو بێت.

Image result for ‫گەروی هورمز‬‎
فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا

خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی میدیای فەرمی ئێرانی بڵاویکردەوە، سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی رۆژی پێنجشەممە ٢٠-٦-٢٠١٩ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن)یان لە پارێزگای هورمزگان خستوەتەخوارەوە. فڕۆکەکە لەجۆری (RQ-4 Global Hawk)ـی ئەمریکی بوو. بەگوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئێران، بەمەبەستی سیخوری سنوورەکانی ئاسمانی ئێرانی بەزاندووە، بۆیە خستوویانەتە خوارەوە.

ئێرانییەکان رایانگەیاند، فرۆکە ئەمریکییەکەیان لەناوچەی “کێوی موبارەک” لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران خستۆتەخوارەوە، کە دەکەوێتە سەر کەنداوی عومان بەرامبەر بەندەری فوجەیرە.

بەرپرسێکی سوپای ئەمریکاش تێكشکاندنی فڕۆکەکەیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتڕاستکردەوە، بەڵام گوتی، رووداوەکە لە گەرووی هورمز بووە. راشیگەیاند، فڕۆکەکە لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان کراوەتە ئامانج، نەک لە نێو سنووری ئاسمانی ئێران، وەک سوپای پاسداران بانگەشەی بۆ دەکات.

Image result for ‫گەروی هورمز‬‎
کەشتییەکی نەوتهەڵگریی بەریتانیا

دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانیا (٤)

سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز دەستی بە سەر کەشتییەکی نەوتی بەریتانیدا بە ناوی “ستێنا ئیمپیرۆ” لە گەرووی هورمز دەستی بەسەرداگیراوە.   

دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتیەکەیان لەلایەن ئێرانەوە، جێرمی هێنت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنى ئەو کەشتییە لەلایەن ئێرانەوە کارێکی قبوڵکراو نيیە و دەبێت ئازادی هاتووچۆی دەریایی لە جیهاندا بپارێزرێت.

ئێران ڤیدیۆی ساتی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بەریتانییەکە بڵاوکردەوە

بۆچی گەروی هورمز چەقی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە؟

بۆ ئێران، ئەم گەروە رێگای سەرەکی هەناردەکردنی نەوت و کەلوپەلە گرنگەکانیەتی، بەپێی بانکی ئیسلامی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (٢٠١٧- ٢٠١٨) لەسەدا ٧٥ی تەواوی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم گەروەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە. جگە لەوە، له‌رێگەی ئەم گەروەوە ئێران دەستی بەبازرگانی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی گەورەی پیشەسازی وەک چین و هندستان و رووسیا کردووە.

داخستنی گەرووی هورمز یان دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی رێگاکە راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت، چونکە کاریگەری لەسەر رێژەی نەوت لەعەمباری بازاڕەکانی نەوت لەجیهاندا دروستدەکات و بەکەمبوونەوەی رێژەی نەوتی هەناردەکراویش، راستەوخۆ نرخی نەوتی خاو بەرزدەبێتەوە.
 
ئێران خۆشحاڵ نیيە بەداخستنی ئەم گەرووە، چونکە پێش هەر وڵاتێکی دیکە خۆی گورزی ئابووری گرنگی بەردەکەوێت، بەڵام لەماوەی رابردووی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پرسی داخستنی هورمزی وەک کارتێکی فشار بەرامبەر ئەمریکا و بەتایبەتیش لەکاتی قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان بەکارهێناوە.
 
بۆ ئەمریکاش گەرووی هورمز خاڵێکی ستراتیژی و گرنگە، لەلایەک سەلامەتی گواستنەوەی نەوتی هاوپەیمانەکانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوە بەپاراستنی سەلامەتی ئاسایشی گەرووی هورمزەوە، لەلایەکی ترەوە پاراستنی ئاسایشی بازاڕەکانی نەوت لەجیهاندا و رێگرتن لەبەرزبونەوەی نرخی نەوت وای لەئەمریکا کردووە کە هەمیشە داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بەهێڵی سور و سەرەتای جەنگی حەقیقی ناوببات.

پلانی نوێی ئەمریکا بۆ پاراستنی گەرووی هورمز و ئاوە نێودەوڵەتییەکان

بەپێی راپۆرتێکی گاردیانی به‌ریتانی، لەئێستادا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەنیازە هاوپەیمانێتیەکی سەربازی بۆ پاراستنی کەشتیگەلی جیهانی لەئاوەکانی کەنداوی عومان و ئێراندا پێکبهێنێت.

پلانەکەی ئەمریکا پاش رووداوی هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر لەئاوەکانی کەنداو پێشنیارکراوە و بەپێی ئەو پلانەش، ئەمریکا هێزێکی دەریایی خۆی رەوانەی ناوچەکە دەکات بۆ پاراستنی هاوپەیمانێتییە سەربازییەکە و چاودێری وردی هەواڵگری و سەربازییان دەکات لەئاوەکانی کەنداوی عومان و ئێراندا.

هەریەک لەمایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە و مارک ئەسپەری وەزیری بەرگری ئەمریکاش لەبارەی هاوپەیمانێتییەکەوە رایانگەیاندوە، لەئێستادا لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکە لەپەیوەندیدان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتیەک کە زامنی ئازادی گەڕان و گواستنەوەی دەریایی بکات لەهەریەک لەگەرووی هورمز و بابول مەندەب.

لەبارەی ئامانجی بەشداریپێکردنی وڵاتانی دیکە لەو پرۆژە نوێیەی ئەمریکادا، ئەمریکا جەختیکردۆتەوە ئەوان فەرماندەیی ئەو هاوپەیمانێتییە دەکەن و کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەش دەکەن، بەڵام ئامانجیانە وڵاتانی دیکەش لەرێگای کەشتیگەلی سەربازییەوە رۆڵیان هەبێت لەچاودێریکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان.

ئەمریکییەکان دەشلێن ئەوان ئامانجیانە چاودێریکردن و پاسەوانیکردنی ئاوەکان وڵاتانی دیکە بیگرنە ئەستۆ بەهاوکاری و هەماهەنگی ئەوان.

ئەنجام

بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئامادەیی زلهێزەکان، لەوانە ئەمریکا و بەریتانیا و گرنگی گەرووی هورمز لە رووی ستراتیژی سیاسی و ئابووری بۆ ناوچەکە و جیهان، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران نادرێت ئەو گەرووە دابخات و رێگە لە هەنادەی نەوت بگرێت.
ئەوەی ئێران دەیکات، تەنیا وەک کارتێکی فشار بەکاری دەهێنێت و دەشزانێت توانای داخستنی گەرووەکەی نییە، بەڵام دەتوانێ پشێوی و نا ئارامی دروست بکات؛ کە ئەمەش بووە هۆی پەلکێشکردنی هێزی سەربازی زیاتر بۆ ناوچەکە و دروستبوونی هاوپەیمانییەکی جیهانی دژ بە ئێران لە ناوچەکە. کە ئەمەش کارتی فشاری ئێران بێ کاریگەر دەکات و هەڵسوکەوتی – یشی سنووردار.

ئەوەی ماوەتەوە ئێران بە رێگای دیبلوماسی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی فەرەنسا، کاریگەری لەسەر بڕیاری بە سفر گەیاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بگرێت و ئابووری ئێران لە سەر لێواری رووخان بهێڵێتەوە. ئەویش لە کۆبوونەی جی ٧ هەوڵدرا دیدار و دەرگای دیپلۆماسی نێوان واشنتۆن و تاران بکەنەوە.

سەرچاوەکان

١- https://www.rachlaken.com/Default.aspx?page=Article&id=14417&l=3
٢- https://www.peyserpress.com/detail/2285
٣- http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=73956&babet=4&relat=102

٤ـ https://zhyan.co/detailnewsar.aspx?jimare=18295&cor=3&related=2014

٥- https://www.youtube.com/watch?time_continue=5&v=HUc_8tE4wz0

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com