بۆچی عێراق نێوانگیری دەکات؟

0

نوچه‌: ئاژانسه‌كان

لە کاتێکدا ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسیی، هەوڵەکانی بەغدا بۆ ئەنجامدانی نێوانگیری لە نێوان تاران و واشنتۆن، دەگەڕێننەوە بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ گەڕانەوەی پڕشکۆی بۆ مەیدانی کایە سیاسیەکانی ناوچەکە و بووژاندنەوەی رۆڵی مێژوویی ئەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆچوونێکی دیکە ئەم هەوڵانە دەگەڕێننەوە بۆ نیگەرانییەکانی عێراق لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە.

بە گوێرەی بۆچوونی دووەم، هۆکاری سەرەکی بەغدا بۆ نێوانگیریکردنی ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن بەو مەترسیە گەورەیە، کە بەغدا پێیوایە لە سەر رێگاكه‌یەتی و ئێستا و داهاتووی سیاسیی و ئەمنی و سەربازی ئەم وڵاتە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.

بەغدا بە باشی هه‌ستی کردووە، کە پریشکی ئەم گرژی و بەریەککەوتنانە، بە پلەی یەکەم ساحەی سیاسی عێراق دەگرێتەوە. لە لایەکەوە عێراق بەستراوەیی و پەیوەندییەکی قووڵی سیاسی و ئەمنی و بازرگانی بە ئێرانەوە هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە بەغدا وەک شەریکێکی ئەمریکا هەژمار دەکرێت، کە میوانداری بنکە و پێگە سەربازیەکان و هێزەکانی ئەم وڵاتەیە، ئەم پەیوەندییە تا ئاستێکە کە چاودێرانی سیاسی و سەربازی وەک پەیوەندییەکی ستراتیک و بی گەڕانەوە هەژماری دەکەن.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و سەپاندنی زنجیرە سزا و گەمارۆیەکی قورس بەسەر تاراندا. هەر لە سەرەتاوە، خودی عێراقییەکان لەبارەی بوون بە میدانی جەنگی دوو وڵات هۆشدارییان دایە بەرپرسان. هاوکات واشنتۆنیش نیگەرانە لە ئەگەری بەریەککەوتنی راستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ئێران، بەرژەوەندی و ئەولەوییەتەکانی لە عێراق بکەوێتە مەترسییەوە؛ نیگەرانییەک، کە ئێرانیش لێی بێ بەری نییە و بە هەمان شێوەی ئەمریکا، نیگەرانی بەرژەوەندییەکان و هاوپەیمانانی خۆیەتی لە عێراق.

عێراق، کە زۆر نییە لە شەڕی داعش دوور کەوتۆتەوە و گەشەی ئابووری و سیاسیی کردۆتەوە ئامانجی کاروبەرنامەکانی خۆی. عێراق نیگەرانە، کە ئەم دۆخە نوێیە، کە وەک دەروازەیەک بەرەوڕووی کراوەتە، بکەوێتە ژێر مەترسییەوە. هەرچۆنێک بێت مەرجی یەکەمی عێراق بۆ سەرخستنی ئەجێندا و پلانەکانی، بوونی کەشێکی ئارام و رەوشێکی سەقامگیرە، بەڵام خودی ئەم دۆخە، ئێستا کەوتۆتە ژێر کارتێکەری ململانێکانی تاران و واشنتۆنەوە.

دوای ئەوەی، کە ئێران هێرشی کردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، سەرەتا قامکی تاوان و گومان بۆ لای عێراق ڕاکێشرا و گوترا، کە ئەم هێرشە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراوە. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی پەیتاپەیتای موشەکی و ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق و هاوپەیمانانی تاران، کە لێرەدا مەبەستی هێزەکانی حەشدی شەعبییە. لێرەوە بوو، کە زەنگی مەترسی بۆ سەر عێراق لێدرا. ئەم مەترسیە دوای ئەوە تۆختر بووەوە، کە دەگوترا ئەمریکا، کە هەرێمی ئاسمانی عێراقی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، چاوی بە ڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوپەیمانانی ئێرانیدا نوقاندووە. لێرە بە دواوە عێراق ڕۆژانە ئیلتیهابی سیاسیی و ئەمنی بە خۆوە بینی و زۆریەک لە بەرپرسانی عێراقی خوازیاری روونکردنەوە و نیشاندانی شەفافییەت بوون بە نیسبەت ئەم هێرش و رووداوانە و ئەمریکا بەردەنگی سەرەکی ئەم پرسیارانە بوو.

ئاماژەکانی ئەم نگەرانیانە و هەوڵەکانی عێراقییەکان بۆ دەربازبوون لەم دڵەڕاوکێیە، دەکرێ  بە کۆدی هاتووچۆی بەرپرسانی بەغدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بە جۆرێک، کە دوای گەڕانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سعودیە و دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ شای ئەم وڵاتە، ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە، کە سەرۆکوەزیرانی بڕیارە سەردانی تارانیش بکات و نیگەرانیەکانی خۆی بگەیەنێتە تاران.

لە لێدوانی فەرمی و گوتەی بەرپرسانی دەزگای دیبلۆماسی و سیاسیی عێراق وا دەردەکەوێ، کە ئەم هەوڵانەی بەغدا بۆ کەمکردنەوەی گرژیەکانە لە ناوچەکە، بەڵام پشت پەردەی ئەم ترافیکە دیبلۆماسیانە، تەنیا پێدەچێ یەک شت بوگزەرێت، ئەویش نیگەرانیییەکانی بەغدایە لە بوون بە مەیدانی ململانێ و جەنگی گشتگیر و چاوەڕواننەکراوی عێراق.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com