لە قاهیرەوە بۆ بەغدا

0

نوچه‌

ڕۆژانێک گۆڕەپانی تەحریری قاهیرە، لە خەڵکی ناڕازی و شەپۆلی راپەڕیوەکان جمەی دەهات، ئەم ڕۆژانەش  لە دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، بەغدا ئامێزی بۆ خەڵكی راپەڕیو کردۆتەوە.

خۆپیشاندانەکانی ئەم ڕۆژانەی عێراق، لە دوو ڕووەوە جێی سەرنج بوو،
یەکەم: بە بێ ئەوەی راگەیێندرابێ لە ناکاو دەستیپێکرد.
دووەم: ڕێژەی بەشداربووان و خێرایی هەمەگیربوونی بۆ چاودێران و شرۆڤەکارانی بێ لایەن، جێی تێڕامان بوو.

روانگە گشتییەکە ئەوەیە، کە ئەم خۆپیشاندانانە، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە. یەکەم، کێشە و گرفتی ڕۆژانەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق و دووەم، بێ هیوایی.

دیارە ئەم کێشە و ئاریشانە دەرەنجامی چوار دەیە ئاڵۆزی و قەیران و شەڕی ناوخۆیی و ناوچەییە، کە بەرۆکی خەڵکی گرتووە. بێ هیوایی لەو ڕووەوە، کە خەڵک هیوایان بە سیستەم و دەوڵەتەکان نەماوە، سەرباری ئەمانەش، شەڕ، تیرۆریزم، هێرشی ئەمریکا، شەڕی داعش و لێکەوتەکانی ئەم شەڕانە، تێچوویەکی زۆری خستۆتە سەر دەستی ئەم وڵاتە.

خەڵکی عێراق، لە دوو دەیەی رابردوودا، بەرەوڕووی کۆمەڵێک قەیران بوونەتەوە. لە دوای ٢٠٠٣وە ویست و داخوازەکانیان لە یەک خاڵدا کۆکراوەتەوە، ئەویش بابەتی پاراستنی باری گیانی و ئەمنی خەڵکەکەیە و پرسەکانی دیکە، تاکو ئێستاش بە روونی ڕەنگی نەداوەتەوە.

لەگەڵ ئەم خاڵە سەرەکییە، کێشە گشتییەکان، لەوانە نەبوونی ئاو و کارەبا، تا نەبوونی هەلی کار و بێکاربوونی ژمارەیەک زۆر لە گەنجانی ئەم وڵاتە، وایکردووە، کە هیوای خەڵکەکە بە نیسبەت حکومەتەوە کەم بێتەوە، لەگەڵ ئەم بێ هیواییەش، تا دێ رادەی گەندەڵی، رانت و ناکارامەیی حکومەت و دامو دەزگاکان پڕ رەنگتر دەبێتەوە.

سەرباری ئەوەی، کە سیسته‌می ئەم وڵاتە رواڵەتێکی پەرلەمانی و دیموکراتی هەیە، دەرهاویشتەکەی ئەوە نییە، کە خەڵک چاوەڕێیەتی؛ بەڵکو هەموو شتێک لە سێبەری دانوستان و رێککەوتن و کەین و بەینی لایەنەکان رایی دەکرێت و زۆرتر بەندە بە کەین و بەینی سیاسییەوە. لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە بگرە تا دەگاتە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و وەزیران و بەرپرسانی شار و پارێزگاکان. کاتێک، کە میکانیزمەکان، نادیموکراتین و بە گوێرەی پشک پشکێنە و تەوەری قەومی و تایفی وڵات بەڕێوەدەچێت، کێشەکان هیچ کات چارەسەر نابن. بۆ نموونە کاتێک سەرنج بدەین، کە شەخسی سەرۆک وەزیران، توانای لادانی وەزیرێکی ناکارامەی لە کابینەکەی نییە.

بابەتێکی دیکەی جێی سەرنج، قەیرانی هەمیشەیی عێراقە و ئەویش قەیرانی دەوڵەت-نەتەوەیە، کە تاکو ئێستا چارەسەری بۆ نەبینراوەتەوە.

خودی ئەم قەیرانانە، سەرچاوەکەی لە قەیرانی چەن توێ و گشتگیر تر دایە، بەڵام لە ژینگەیەکی ئاڵۆزتر بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە واتایەک، ئەگەر قەیرانی دەوڵەت نەتەوە لە یەمەن، سوریا، عێراق، میسر، لیبیا و …هتد نەبووایە، پێناچێ بە سانایی ببونایەتە پانتا و مەیدانی ململانێ و دەستوەردانی دەرەکی.

لۆژیکی ئەوەیە، لەم سۆنگەوە بڕوانینە گۆڕانکارییەکانی ئەم ڕۆژانەی عێراق. تۆمەت خستنە پاڵ وڵاتانی بیانی و دەرەکی، تەنها دوور کەوتنەیە لە واقعی سیاسیی و مەیدانی عێراق.

هێز و بڕشت و دەستڕۆیشتوویی ئەمریکا، سعودیە و ئیسرائیل، لە ناو خەڵکی ئاسایی بەرچاو نییە، ئەگەریش هەبێ سنووردارە. لۆژیکی نییە، کە پێمانوابێ بە پیلانی لایەنێک سەدان هەزار کەس دەڕژێنە سەر شەقام. هەر چۆنێک بێت، ریشەی گرفت و قەیرانەکان لە دەقی عێراق و ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆرمی گرتووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com