زانیاری نوێ لەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بڵاو دەکرێتەوە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی، دەبێت حساب بۆ ئەو ڕێککەوتنانە بکات کە تا ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام دراوە.                                                                            

ڕۆژی هەینی د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەلەمانی عێراق کرد، بڕیارە سبەی پەرلەمان بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات، ئەمەش لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجە و ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم ڕێککەوتبون، بەڵام دیار نییە چارەنووسی ڕێککەوتنەکە چی بەسەر دێت.                                                                                             

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە چارەنوسی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا، ڕایگەیاند”هەڵوێستی کورد بەگشتیی و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی دیارە، هەرکەسێکی دیکەش کە ببێتە بەدیلی عادل عەبدولمەهدی، دەبێت حساب بۆ ئەو هاوسەنگی و ئەو ڕێککەوتنانە بکات کە تا ئێستا لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی کراوە، بەردەوام بێت و گۆڕانکاری تێدا نەکرێت”.                                                                                                                                  

دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر عادل عەبدولمەهدی سبەی پەرلەمانی عێراق دەست لەکار کێشانەوەکەی پەسەندکرد، ماوەی دووهەفتە وەک (تەسریف ئەعمال) سەرۆک وەزیرانی عێراق دەمێنێتەوە، هیوادارین لە جێگای عادل عەبدولمەهدی کەسێک بێت کە بتوانێت مامەڵەیەکی هاوسەنگ لەگەڵ کورد بکات، بەتایبەتی لەسەر پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان.        

      ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت”شاندی هەرێم لە بەغدان و لە کارەکانی خۆیان بەردەوامن، بەڵام نازانین ئایا کێشە بۆ ڕێککەوتنەکە دروست دەبێت یاخود نا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمانوایە کە ڕێککەوتنەکە هەڵناوەشێتەوە و تەواو دەکرێت، چونکە عێراق بەرگەى ئەم دۆخەی ئێستا ناگرێت، چاوەڕێ دەکەین ڕۆژی سێشەممە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بێتە پەرلەمان و پەسەندبکرێت”.                                                         

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com