كۆرۆنا، گەشتوگوزاری خستۆتە تەنگانەوە

0

شلێر سەعید 

دوای بڕیاری پشووی فەرمی لە قوتابخانە و زانكۆكان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریان دا، كە هەموو ئاهەنگەكانی بۆنەی نیشتمانی نەورۆز ڕابگیرێت و هاوكات هاتنی گروپە گەشتیارەكان لە سنوری وڵاتانی دراوسێ‌ و باشور و ناوەڕاستی عێراق قەدەغەكرا، وەك نوچە بەدواداچونی بۆ كردووە ئەوەش كاریگەری دروست كردووە لەسەر داهاتی گەشیاری بۆ هەرێمی كوردستان، وەک وڵاتانی دیکە.

چین 178.4ملیۆن گەشتیار لە دەست دەدات

ئەنجومەنی گەشتیاری و گەشتكردنی جیهانی ڕایگەیاندووە، بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی كورۆنا لە چین كاریگەری نەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر باری ئابوری بەشێوەی درێژخایەن، لە بەیاننامەكەی سەرۆكی ئەنجومەن غلوریا غیفارا، جەختی كردەوە، كە داخستنی فڕۆكەخانەكان و داخستنی سنورەكان و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئابوری وڵات، كە لە خودی ڤایرۆسەكە خراپترومەترسیدارترە. دەشڵێت، پێدەچێت چین 178.4ملیۆن گەشتیار لەدەست بدات لە 2020 . 

ئاماژەی بەوەشدا، کە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەسەر جووڵەی گەشتیاری نێودەوڵەتی زۆرە و بەتایبەتیش بازاڕی گەورەی چین، نزیکەی 178.4 ملیۆن گەشتیار بۆ چەندین وڵاتی جیهان هەناردە دەکات، ئەو ژمارەیەش ساڵانە 277.3 ملیار دۆلار داهاتی دەبێت، لە کاتێکدا رەگەزنامەی چینی بە یەکێک لە رەگەزنامە بەهادارەکانی جیهان هەژمار دەکرێت لە کەرتی گەشتیاریدا.

داخستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەڕووی گەشتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و قەدەغەکردنی هاتنی گەشتیاری خواروناوەڕاستی عێڕاق بە گروپ، کاریگەری لەسەر ڕێژەی گەشتیاران و داهاتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

  لە داتاکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار دەرکەوتووە، ساڵی ڕابردوو، سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، داهاتی گەشتیاریش 4 ملیار و 700 ملیۆن دینار بووە دەستەی گەشتووگوزار ئامانجیان بوو ئەمساڵ هەم ڕێژەی گەشتیار و هەمیش داهات زیاتر بێت، بەڵام پێدەچێت كۆرۆنا ڕێگە نەدات. 

ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری گەشت و گوزاری كۆیە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە نوچە ڕایگەیاند: دیارە   بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان وەك نەخۆشیەكی ترسناك سەیر دەكرێت و هەموو جیهانی سەرقالً كردووە و كاریگەری هەبووە لەسەر هەموو سێكتەرەكانی كۆمەڵگا و بێگومان گەشتوگوزاریش لەوانە بەدەر نییە.

گوتیشی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاترە لە سەر داهاتی گەشتیار بە بەراورد لەگەڵ سێكتەرەكانی دیكە، چونكە جوڵەی گەشتیاری پەیوەندی بە هاتوچۆی دەوڵەتان و شارەكان هەیە و بڕیاری فەرمی قەدەغەكردنی هاتنی گەشتیاری ئێران و گروپاتی گەشتیاری شارەکانی عێڕاق ڕاستە بۆ خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام كاریگەری زۆر بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە، لە داهاتی گەشتیاری و هاتنی ڕێژەی گەشتیاران دەدات، چونکە هەمو كۆمپانیاكان ئاگاداركراون، كە كاری گروپەكان ڕابگرن لە شارەكانەوە و ڵاتانی دراوسێ‌.

ئیسماعیل عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەرەو نەورۆز دەچین و زۆربەی گەشتیارەكانمان ساڵانە  لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕوودەكەنە هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە ئاهەنگی نەورۆز و مەراسیمی سێزدە بەدەر، بە تایبەتی لە قەزای كۆیەش، سێزدەبەدەر ئەنجام دەدرێت، بۆیە دەتوانم بڵێم ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاریگەری زۆری دروستكردوە و هەمو ئەو ئامادەكاریانەی كرابوو لە لایەن ئوتێل و مۆتێلانە و چێشتخانەكان و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران زەرەرمەندی یەكەم دەبن، بەهۆی ئەم ڤایرۆسە، بەهیواین بەزووترین كات ئەو بارودۆخە تێپەڕێت و ئارام ببێتەوە.

 دانا جەلال لە كۆمپانیای جزیرەی نوح لە هەولێر، سەبارەت بە وەستانی گەشتەكان بە نوچە گوت “بێگومان وەستانی هەر جوڵەیەكی گەشتیاری زیانی زۆری هەیە بۆ ئابوری وڵات و ناوچەكە و بۆ خودی كۆمپانیاكەش بەڵنیایەوە.

گوتیشی، وەەك كۆمپانیاكەمان كاری كردۆتە سەر جوڵەی گەشتیاری و خەڵك گەشت ناكات، بەهۆی داخستنی سنورەكان و وەستانی گەشتەكان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com